Erbil 12°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 11:11

کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ سه‌رۆک بارزانی: پێزانینی زۆرمان هەیه‌ بۆ ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە لە شکستدانی داعش هەیانبووە

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر دەكات
کوردستان TV
100%

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆز نەزمی حزووری كونسوڵی گشتی فەڵەستین و عەمیدی سلكی دیپلۆماسی لە هەرێم و د. عومەر ئەلكندری كونسوڵی گشتیی كوەیت و ئەحمەد ئەلزاهری كونسوڵی گشتیی ئیمارات و محەمەد وەجیه حیجازی كونسوڵی گشتیی مسر و، عەوبدولرەحیم حەسەن هەڵسووڕێنەری كاروباری كونسوڵخانەی پاشایەتیی ئۆردۆن لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا كە بەبۆنەی سەری ساڵی تازە بەڕێوەچوو، نوێنەر و كونسوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر سڵاو و ڕێزی سەرۆك و ئەمیر و پاشای وڵاتەكانیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و، سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو پەیوەندییە دێرین و دۆستانەیەی كە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیانە و هەروەها سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بوون كە لە شەڕی داعشدا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەی عەرەبیان كرد و پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش هەیانبووە. هەورەها وێڕای جەختكردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، خوازیاری ئەوەش بوون كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند گەلی كوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ گەلانی ناوچەكە هەبێت و شوێنكەوتووی بنەماكانی ئاشتی و پێكەوەژیان بووە. پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە چارەسەرەكان لەڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان بێت و جەختیشی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی عەرەبی كردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.