ئەمڕۆ هەینی 22ی کانونی دووەمی 2021 ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق و تەقینەوەکانی دوێنی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئەنجامدا.
لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کازمی ڕایگەیاند: ئاسایش تەنها وشەیەک نییە قسەی لەسەر بکەین، بەڵکو بەرپرسیارییەتییە، ژیانی خەڵک و ژیانی منداڵەکانمان موجامەلە نییە، هەر کەسێک لە ئاست بەرپرسیارییەتی پاراستنی هاووڵاتییان و ئاسایشیان نەبێت دەبێت لە پۆستەکەیدا نەمێنێت.
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوە دا کە بەرەنگاریی گەورە لە کەرتی هەواڵگریدا هەیە و گوتی راستەوخۆ سەرپەرشتیی دەکەم و گۆڕانکاری گەورەمان لە بناغەی دامەزراوە ئەمنییەکان کردووە.
کازمی ڕایگەیاند: دەزگای ئەمنییەکان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵێکی گەورەیان داوەو لە دژی چەکدارەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دراون و زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیشمان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و ڕۆژانە شانەی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا کە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوەختە پوچەڵ کراونەتەوە، بەڵام بەداخەوە دوێنی توانیویان ئەو کارە بکەن و خوێنی هاووڵاتیانی بێ تاوان بڕێژن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رێگەنادەن دامەزراوە ئەمنییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت.
کازمی گوتیشی: ئەوەی دوێنێ لە بەغدا ڕوویدا پێشێلکارییەک بوو ڕێگەنادەین دووبارە ببێتەوە، ئێمە بەڵێنی پاراستنی ئاسایشمان بە خەڵکەکەمان داوە، ئەم پێشێلکارییە بەڵگەیەکە نیشانی دەدات گرفت هەیە و دەبێت بە خێرایی چارەسەری بکەین.
مستەفا کازمی له میانهی كۆبوونهوهكهیدا رایگهیاند: عێراق وڵاتێکی یەکپارچەیە و پێویستە هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بە یەک گیانەوە هەڵسوکەوت بکەن.
شایهنی باسه پێش نیوەڕۆی دوێنی پێنجشەممە دوو خۆكوژ لە گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی شاری بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی بوونه قوربانی.
ئهمرۆ ههینی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممەی بەغدای پایتەختی عێراق گرتە ئەستۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.