Erbil 8°C شەممە 18 کانوونی دووەم 21:52

لیژنه‌کانی قائیمقامیه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر بڕێکی زۆر گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌کاندا ده‌گرێت

کوردستان TV
100%


لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتی ئاژه‌ڵدا ده‌گرن كه‌ له‌لایه‌ن كوشتارگه‌ی سلێمانییه‌وه‌ پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش داوا دەکات ئەو جۆرە گۆشتە نەکڕن.
بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی چوار_ی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: ‌لەئەنجامی بەدواداچونی لیژنە هاوبەشەکان بۆ رێگری کردن لە فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر و گۆشتی سه‌رشه‌قامه‌كان، له‌ رێگه‌ی زڕگوێز و تانجه‌رۆ و هه‌واری شار، ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتی ئاژه‌ڵدا گیراوە‌ کەله‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانیه‌وه‌ پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ و گۆشته‌كه‌شی نه‌كراوه‌.
وتیشی: لیژنەکە دەستی بەسەر ئاژەڵێکی سەربڕدراو و (8) ران و (8) دەستی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕراودا گرتوە کە خاوه‌نه‌كانیان به‌نیاز بون بەشێوەیەکی نایاسایی و دورلە ڕێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغی بكەنەوە،‌ بۆیە به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی گۆشته‌كه‌ ره‌وانه‌ی ڤێتێرنه‌ری دەکرێت‌ بۆ له‌ناوبردن.
رونیكرده‌وه‌: به‌پێی رێنماییه‌كانی ڤێتێرنه‌ری، پێویسته‌ ئاژه‌ڵ پێش سه‌ربڕین و دوای سه‌ربڕین و پاشانیش پشكنینی دیكه‌ بۆ گوشته‌كه‌ی بكرێت، به‌ڵام گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌كان پشكنینیان بۆناكرێت و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌ری ده‌بڕن و هه‌رله‌وێش ده‌یفرۆشن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ته‌ندروستی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دروستده‌كات كه‌ له‌وجۆره‌ گۆشته‌ ده‌كڕن.
سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی كڕینی گۆشت له‌و مۆره دڵنیابنه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانیه‌وه‌ رۆژانه‌ له‌ گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌درێت، له‌كاتی هه‌بونی گۆشتی بێمۆر له‌ناو دوكانی گۆشتفرۆشه‌كاندا لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی گۆشته‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری ده‌كرێت و ته‌واوی كه‌ره‌سته‌ و پێداویستیانه‌ی له‌و پیشه‌دا به‌كارهێنراوه و له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌‌ له‌ناوده‌برێت. 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.