د.بەشیر حەداد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرێت کە ئەو داتا و زانیارییانەی کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکراونەتەوە بدرێنە لیژنە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان.
ئهمرۆ چوارشەممە رێککەوتی 20/1/2021، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرێت کە تەواوی ئەو داتا و زانیارییانەی کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خراونەتە ڕوو لە بارەی پرۆسەی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بەسەر لیژنە و فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دابەش بکرێت و لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا بڵاوبکرێتەوە.
لە دوای کۆمەڵەکێک گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی وردەکاری گفتوگۆکان و پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستووەتە ڕوو و کۆپییەکی ئەو داتا و زانییارییانەش لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوەتە ئەنجومەنی نوێنەران.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە مەبەستی ئاگاداربوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەو وردەکارییانە و بە پیرەوەچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی راسپاردووە بۆ ئەوەی ئەو داتا و زانیارییانە بداتە لیژنە و فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران و لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا بڵاوی بکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.