سه‌رۆك بارزانی له بیست و دووه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی (كوردستان تیڤی)ـدا په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رپه‌رشتیار و بۆردی به‌ڕێوه‌بردن و ستاڤ و كارمه‌ندانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان كردووه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی ..
به ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌رێزان سه‌رپه‌رشتیار و بۆردی به‌ڕێوه‌بردن و ستاڤ و كارمه‌ندانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان،
له بیست و دووه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی (كوردستان تیڤی)ـدا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوای به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم.
كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانیی كوردستان، له‌ڕووی پابه‌ندبوون به ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و ده‌نگی ڕه‌وای بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، له پێشه‌نگی میدیای كوردستان بووه و، له‌م ئه‌ركه‌دا شوێنكه‌وتووی ڕاستگۆیی و پیشه‌ییبوون بووه.
ئێستایش كوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی له چوارچێوه‌ی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستاندا پێویسته به‌رده‌وام بن له گه‌یاندنی په‌یامی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان به ڕای گشتیی و بڵاوكردنی هۆشیاریی نیشتیمانی و فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان له‌ناو خه‌ڵك و، له‌و ڕێگه‌یه‌دا له ئاست پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه خێراكانی بواری میدیا و ڕاگه‌یاندندا بن له هه‌مانكاتیشدا پابه‌ندی به‌ها و ئامانجه باڵاكانی گه‌لی كوردستان بن.
ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.
مسعود بارزانی
١٧ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.