Erbil 5°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 22:51

راوێژکاری مسته‌‌فا: داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کان ھه‌ڵوێستی فه‌رمی نییه‌

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی عێراق ئاشكرایكرد، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌یی نیشانداوه‌ له‌ رووی چاودێرییه‌وه‌ پاڵپشتی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات.

عه‌بد حوسێن هنداوی ، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھه‌واڵی عێراقییه‌ رایگه‌یاندووه‌: "كۆوبونه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ھه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و كاربه‌رێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ تاوتوێكردنی پرسی چاودێریكردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ھه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماده‌كاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاڵپشتیكردنی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ بواری چاودێریكردن بوو.

عه‌بد حوسێن هنداوی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ گوتی: "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردن به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌ بۆ ھه‌ڵبژاردن ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن و حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رۆڵیان ھه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی واده‌ی ھه‌ڵبژاردن.

به‌ گوته‌ی راوێژكاره‌كه‌ی كازمی، "كۆمیسیۆن مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ واده‌ی ھه‌ڵبژاردن دیاری بكات".

هنداوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمیسیۆن خشته‌یه‌كی دیاریكراوی داناوه‌ بۆ كاره‌كانی ھه‌ڵبژاردن به‌ڵام ھه‌ندێك له‌ ھێزه‌ سیاسیه‌كان رازی نه‌بوون به‌و واده‌یه‌ و داوای ئه‌وه‌یان كردووه‌ واده‌ی تۆماركردنی قه‌واره‌ و ھاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان درێژبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چانسێكی زیاتریان پێ بدات و گوتی: "به‌ بڕوای خۆیان ئه‌و كاته‌ كه‌مه‌ بۆ تۆمار كردنی پاڵیوراوان و ھاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان".

راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری هه‌ڵبژاردنه‌كان باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری داوای له‌ كۆمیسیۆن كرد روونكردنه‌وه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات له‌باره‌ی ئه‌و داواكاریانه‌وه‌.

گوتیشی: "دواخستنی ھه‌ڵبژاردن ته‌نھا بۆچوونی ھه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ و ھه‌ڵوێستی فه‌رمی نییه‌".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.