خه‌ڵاتی ماملێ، وه‌ك هێمایه‌كی رێزلێنان له هونه‌رمه‌ندی كورد، ماوه‌ی 12 ساڵه چالاكه‌و له‌لایان مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ وه ساڵانه پێشكه‌ش به‌و هونه‌رمه‌نده ماندوو و تێكۆشه‌رانه ده‌كرێت كه له خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردیدا تێكۆشاون و گه‌شه‌یان پێ به‌خشیوه.
ئه‌و مه‌ڵبه‌نده وێرای گشت چاڵاكییه‌كانی وه‌ك له پێناسه‌كه‌یدا هاتووه ، بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆیه و له بواری ماییه‌وه شانازی به خۆیه‌وه ده‌كات كه سه‌ری بڵیندهو پشتی به به‌ركی خۆی به‌ستووه و هه‌روه‌ها له بواری مه‌عنه‌ویشه‌وه قه‌رزداری هه‌موو دڵسۆزانی میللتهكهیهتی.
له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ، مامۆستایان هونه‌روه‌ران : قاله مه‌ڕه ،ئهندرێریاس ئیسرائیل خه‌مۆ(باكوری) ،عه‌زیز شارووخ ، ناسر ره‌زازی ، زۆزان ، تیپی موسیقای سلێمانی ، مه‌زهه‌ر خالقی ،خه‌لیل خه‌مگین ، حوسێن سه‌فامه‌نێش ، محه‌مه‌د ڕه‌وا دارایی ئه‌و خه‌ڵاتیان پێشكه‌ش كراوه.
له درێژه‌ی چالاكی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ بۆ ده‌ستنیشانكردنی هونه‌رمه‌ندی ساڵ ، مامۆستا ڤایۆلینژه‌ن و موزسیانی گه‌وره‌ی گه‌لی كورد ، دكتۆر "دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید" هه‌ڵبژێردراوه تا خه‌ڵاتی ماملێ بۆ ساڵی 2021 یان پێشكه‌ش بكرێ.
لێهاتوویی و خزمه‌ته‌كانی به‌رێزیان به موزیكی كوردی و هاوكات به موزیكی جیهان ئه‌وه‌نده زۆرن كه ڕنگبێ گه‌ر بمانه‌وه‌ێ ئاماژه‌ی به هه‌موویان بكه‌ین دێركانمان زۆر له‌وه كه هه‌یه رێچكه بگرن . هیودارین به ئاماژه‌پێكردنی ئه‌م چه‌ند خاڵه ی خواره‌و، بتوانین شیاویی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌ی كوردمان وێنا كردبێت.
1-له قۆناغی مێژووی موزیكی هاوچه‌رخ له باشووری كوردستاندا و به‌تایبه‌ت (ناوچه‌ی) بادینان، مامۆستا دڵشاد سه‌عید داینامۆ و بنیاتنه‌ری گروپی ئۆركسترایی. دیارترین ئه‌و كارانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه ئه‌نجامی داون، دامه‌زراندنی (تیپی مۆسیقای دهۆك)ه ، جگه له به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك پێویستیه‌كی كلتوری و هونه‌ری ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ، كه به‌ده‌یان هونه‌رمه‌ند كاری تێدا بكه‌ن و ببنه سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی خۆیان و ده‌یان هونه‌رمه‌ند پێبگه‌یه‌نێ.
2-ئه‌و ئۆركێسترایه كه مامۆستا دڵشاد بونیاتنه‌ری بووه ، بووه‌ته ئافرێنه‌ری ده‌یان به‌رهه‌می ناوازه و هه‌روه‌ها به تۆماركردنی چه‌ند شاكارێكی گۆرانییه‌كی دێرینی كوردی و دارشتنهوهیان به‌شێوه‌ی ئۆركێستڕاڵی و زانستی . مامۆستا دڵشاد به چه‌شنێك كاری تێیدا كردوون ، كه تێیاندا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه میلۆدی كوردی توانایی هه‌یه له لوتكه‌ی ئهكادێمیبوندا كاری له‌سه‌ر بكرێت و له فۆرمه جیهانییه‌كاندا جێی بكرێته‌وه ده‌توانیین بڵێن: پێش به‌رێزیان هیچ هونه‌رمه‌ندێك تا ئه‌و ئاسته ، خۆی له كاری به‌و جۆره نه‌داوه. به بڕوای ئێمه له مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ئه‌و كۆمه‌ڵه شاكاره‌ی كه ، له میلۆدی و موزیكی به‌رهه‌می هێناون ، ده‌كرێت وه‌ك شاكارێك ناویان ببرێت و له دونیای موزیكی جیهانیه‌دا نوێنه‌راتی موزیكی كوردی بكات.
3-له ماوه‌یه‌دا كه له دهۆك سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای ئه‌و شاره بووه ، رۆڵێكی به‌رچاویان گێرا له به‌شداریكردنی كچان ز ژنانی كورد تا له گۆرپانی موزیك دا چالاك بن و نش ونما بكه‌ن ، كه خۆی له خۆیدا شۆرشێكی گه‌وره‌ی كوللتوری بوو.
4- ده‌ست په‌نجه‌ی سه‌ر كه‌مان یا ڤیۆلینی مامۆستا دڵشاد سه‌عید ،كه په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌كادیمی موزیكی كلاسیكی رۆژئاوایه ، له هه‌مان كاتدا ئاوێته‌یه به رۆح و به‌رامه‌ی موزیكی كوردی ، خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به خودی هونه‌رمه‌نده و بووه‌ته ژانڕێك له موزیكی كوردی كه زۆر له لاوانی كورد له خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ریی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست بۆ كه‌مان ده‌به‌ن و فێری ده‌بن.
5- هونه‌ری ئه‌و ،بووه‌ته پرێكی نێوان موزیكی كوردی و موزیكی جیهانی ، به چه‌شنێك كه نووسینه‌كان و لێكۆڵنیهوهكانی سه‌باره‌ت به موزیكی كوردی له هه‌ندێك له زانكۆكانی جیهانی وه‌ك سه‌رچاوه به‌كار ده‌هێنرێت و بۆ ئه‌و فێركارانهی كه له‌به‌شی موزیكی رۆژهه‌ڵاتی كار ده‌كه‌ن ، وه‌ك وانه ده‌گوترێنه‌وه یان ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ به‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا.
پڕبه ده‌ڵ پیرۆزبایی له مامۆستا دڵشاد و له گه‌شت لایه‌نگرانی هونه‌ریی كوردی ده‌كه‌ین ، هیودارین ته‌مه‌نیان درێژ و هه‌گبه‌ی هونه‌ریان دهوڵهمهندتربێ.
هه‌روه‌ك ئاگادارن هه‌موو ساڵێك به پێی توانا‌مان بۆ رێزگرتن له هونه‌رمه‌ندی ساڵ مه‌راسیمێكی رێزلێنان و پێ‌زانین له‌لایان مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ وه ئاماده ده‌كرێت ،ئهماساڵیش به‌ته‌مابووین تا به بۆنه‌یه‌كی شایاندا ئه‌و خه‌ڵاته پێشكه‌ش به مامۆستا دڵشاد سه‌عید بكه‌ین ،مخابن كه‌ئه‌مساڵ له‌به‌ر هۆكاری په‌تا و نه‌خۆشی (كۆڕۆنا) و بۆ پارستنی سه‌لامه‌تی هه‌موو لایه‌ك ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان بۆ نالوێت ، به‌ڵام ، به نوێنه‌رایه‌تی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ و به‌نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیانوایه مامۆستا دڵشاد شایانی ئه‌و خه‌ڵاته‌یه ، چه‌ند به‌رێزێك ده‌بنه میوانی مامۆستا دڵشاد و خه‌ڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن .
ژیانی هونه‌رمه‌ند مامۆستا دڵشاد سه‌عید
هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد دكتۆر" دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید "ساڵی 1958-3-17 له دهۆك له دایك بووه قۆناغه‌كانی خوێندن‌و سه‌ره‌تاییه‌كانی له‌و شاره ته‌واو كردوه. به‌هۆی زیركی ز لێهاتووییان له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا له ساڵی 1972 له په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا وه‌رده‌گیرێت . له ساڵی 1975 هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌پێدانی به‌خوێندن ، هاوكاری به‌شی كوردی و عه‌ربی رادیۆی و ته‌له‌فزیۆنی به‌غدای كردوه و له ساڵی 1977پڕوانامه‌ی دیبلۆمی له بواری موزیك وهردهگرێز له رێكه‌وتی 1979-4-22 تیپی موزیكی پێكهێنا وبه‌ناوی (تیپی كۆڕاڵ و موزیك) به‌شداری له دوو فیستیڤاڵی هه‌ولێر وبه‌غدا كردوه و له هه‌ردووكیان پله‌ی یه‌كه‌می وه‌ده‌ست هێناوه.
پاش خوێندنی مۆسیقای له به‌غدا ته‌واو ده‌كات ، ده‌گه‌رێته‌وه زێدی خۆی و له رێكه‌وتی 1979-5-32 ئۆركێسرتای سهنفۆنیكی دهۆكی دامه‌زراند : به‌فۆرمێكی جیاواز له‌رێگه‌ی تێكه‌ڵكردنی میوزیكی نه‌ریتی كوردی و شێوازی رۆژ ئاوایی كاریكردووه.
ساڵانی 1984 تا 1988 له زانكۆی وێلز له به‌ریتانیا (Universit of Wales) ماسته‌ری مۆسیقای وه‌رگرتووه.
چه‌ند كارێكی بۆ ئۆركێستر دارشتووه له وانه كارێكی به‌ناوی "باخچه" كه ساڵی 1989 پێشكه‌ش كراوه .كارێكی تری ساڵی 2010 (Konzerthus) ی شاری ویێنی وڵاتی نه‌مسا (ئوتریش) پێشكه‌ش كراوه چه‌ند دانراوێكی بۆ ئامیری كه‌مان داڕشتووه .هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندانی كورد نووسیوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌ی كردووه.
یه‌كه‌م ئالبۆیان كه وه‌ك شاكارێكی به‌نرخی مێلۆدییه كوردییه‌كان و هه‌روه‌ها خۆڵقاندنی به‌رهه‌می ناوازه‌یه به ناوی ( AWAZEKURDI Variations onKurdish Melodies viohin) بڵاو كراوه‌ته‌وه.
له ساڵی 2015 ئافرێنه‌ری سه‌نفۆنیای به‌ناوبانگی ( پێشمه‌رگه و شه‌نگال) بوو كه بۆ كاره‌ساتی شه‌نگال و هه‌روه‌ها گیانبازییهكانی پێشمه‌رگه له خاكی نیشتمان ئاماده‌ی كردبوو و له‌لایان ئۆركسترای نه‌ته‌وه‌ی وڵاتی "چیك" پێشكه‌ش كرا.
له‌ساڵی 2018 بِوانامهی دكتۆرای (PHD ) له زانكۆی ( Mozarteum University Salzburg Austria) وه‌رده‌گرێت.
ئێستا له نه‌مسا ده‌ژیت و له‌وێ مامۆستای مۆسیقایه.
پڕبه‌دڵ پیرۆزباییان پێ ده‌ڵێن و هیوای له شێكی ساغ و ته‌مه‌نێكی درێژیان بۆ به‌ئاوات ده‌خوازین.
مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ
2021-1-14
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.