بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی وەرگرتنی باج و دواین رێكارەكانی تایبه‌ت به‌و پرسه، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری له‌په‌رله‌مانی كوردستان لەگەڵ د.كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوورەبەری میری لەوەزارەتی دارایی و ئابووری كۆبووەوە.
له‌راگه‌یاندراوێكدا لێژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری له‌په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرالەسەر دواین رێكارەكانی وه‌زاره‌تی دارایى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌وەرگرتنی باج ، لێژنه‌كه رایگه‌یاندووه كه پێویسته وه‌رگرتنی ئه‌و باجه بەجۆرێك بێت كاریگەری لەسەر هاووڵاتییانى ئاسایی نه‌بێت.
پاشان د.كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوورەبەری میری لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، تیشكی خستەسەر ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر بۆ وەرگرتنی باج لەكۆمپانیاكان بەجۆرێك كه‌رێكخستنەوەكە لەپێناو دروستكردنی یەكسانییە.
هه‌ر لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر گرتنەبەری رێكاری دادپەروەری لەچوارچێوەی یاسابەركارەكان بۆ كۆكردنەوەی باج به‌رەچاوكردنی دۆخی ژیانی خەڵكی ئاسایی، لەگەڵ شەفافیەت لەوەرگرتنی باج، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌رێکارەکان بۆ زیادکردنی باج نەبێت، بەڵکو بۆ رێکخستنەوە بێت.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوه، لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی باجیان نەداوە، بۆئەوەی رێكاری پێویست بەرامبەریان بگیرێتەبەرو لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك كۆمپانیا دراونەتە دادگا.
هه‌روه‌ها ڕێكاری وەرگرتنی باج لەئۆتۆمبێلی تایبەت، گفتوگۆی وردى له‌سه‌ركراو راسپاردەی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری له‌وباره‌یه‌وه بریتی بوو لەوەرگرتنی باج تەنیا لەئۆتۆمبێلی گرانبەها.
سەبارەت بەپرسی به‌ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی باج، باس لەوەكرا كه تاكۆتایی ساڵی 2021 سیستەمی باج بەئەلیكترۆنی دەكرێت.
بەشێكی دیكه‌ى كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەوەرگرتنی باج لەكۆمپانیاكانی نەوت، لەو چوارچێوەیەدا جەخت كرایەوە لەسەر دەستەبەركردنی رێكاری یەكسانی لەپێدانی باج.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا كار بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی بەپەلەی یاسای وەبەرهێنان، چونكە یاساكە لەلایەن وەبەرهێنەران بەكارهێنراوە بۆ خۆدزینەوە لەدانى باج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.