Erbil 18°C ھەینی 31 کانوونی دووەم 16:53

وەزارەتی شارەوانی: بەهۆی چاکسازی لە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوە 7 ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێنینه‌وه‌

کوردستان TV
100%


له‌راگه‌یاندراوێكدا ، وه‌زاره‌تى شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر كرا.
وه‌زاره‌تى شاره‌وانی راشیده‌گه‌ێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەی تەندەرینگ و بانگەواز بۆ (10) پرۆژەی كۆكردنەوەی خاشاك و گواستنەوە و خاوێنكردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجام درا و لە ئەنجامدا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كرا، بەپێی گرێبەستە نوێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، ساڵانە بڕی نزیكەی 7 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە و كوالێتی پرۆسەی خاوێنكردنەوەش بەرز كراوەتەوە و چەند زۆنێكیش زیاد كراون، ئەمەش دەستکەوتێکی تری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

شاره‌وانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، : كه‌پرۆسەكەی تەندەرینگ لە هەولێر هیچ قۆرخكارییەكی تێدا نەكراوە و بەپێى یاسا و ڕێنماییەکانى گرێبەستە گشتییەکانى ساڵى (٢٠١٦) بە بەشداری 21 كۆمپانیای خۆماڵی ئەنجام دراوە، بەهۆی ئەوەی گرێبەستە كۆنەكانی خاوێنكردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری ماوەكەیان لە 31/12/2020 تەواو دەبوو، بۆیە لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و چارەسەرکرنی گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، گرێبەستەکان گۆڕدران، لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە.

وه‌زاره‌تى شاره‌وانی راشیده‌گه‌ێنێت: شەش پرۆژە لە گرێبەستە نوێکانی خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو شار دەگرێتەوە. چوار گرێبەستەكەی دیكەشیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن و بەسەر زۆنەكانی: بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، عەنكاوە، بەحرکە، شاوێس، پیرزین، سێبەردان، کانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، هەریر، باسرمە، بالیسان ،کۆڕێ، هیران، دابەشكراون.  

ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ ڕوو، كه‌ لە گرێبەستە نوێكاندا، جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی حەوت ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، لە رووی هونەریشەوە، چەندان زۆنی خاوێنكردنەوە زیادكراون و سیستەمى (GPS)یش بۆ چاودێرىکردنى ڕێڕەوى کارکردنى ئامێرەکان دادەنرێت و كوالێتی پرۆسەكەش بە گشتی گۆڕانكاری بەسەردا دێت. وەك بەرزكردنەوەی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاریی بۆ مۆدێلی 2018 و كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی فڕێدانى پاشماوەى بیناسازى و چاودێریکردنى ئەم جۆرە خاشاکە. لەگەڵ دانان و دامەزراندنى وێستگەى ناوەندى بۆ کۆکردنەوەى خاشاک و گواستنەوەیان بۆ زبڵخانە. 
هەروەها لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێریش ژمارەی پرۆژەكان لە 6 گرێبەستەوە بۆ ٨ هەشت پڕۆژە و 132 ئامێری خزمەتگوزاریش زیادكراون، واتە لە گرێبەستە نوێکاندان بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە سێکتەری خاوێنکردنەوە، ژمارەى ئامێرەكان بۆ  614 ئامێر بەرز كراونەتەوە، وێڕای ئەمانە خاوێنکردنەوەى شەقامەکانى ١٢٠مەتری و ١٥٠مەتری، پرۆژه‌كانی نیشتەجێبوونی وه‌به‌رهێنان زیادکراون كه‌ ده‌یان هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و بازرگانی ده‌گرێته ‌خۆی و به‌شێكی فراوانی شاری هه‌ولێر پێك ده‌هێنن.
هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌پرۆسەی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک پرۆسەیەکی ڕۆژانە و قورسە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە گرێبەستە کۆنەکان، چاکسازی لەو پرۆسەدا دەکات بە گەڕاندنەوەی پارە بۆ خەزێنەی حکوومەت و لە بەرانبەریشدا زۆنەکانی خاوێنکردنەوە زیاد دەکات و کوالێتی بەڕێوەچوونی کاری کۆکردنەوەی خاشاک بەرز دەکاتەوە.
 له‌كۆتاییدا وه‌زاره‌تى شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار رایده‌گه‌ێنێت، كه‌ زانیاری و وردەكاریی زیاتر بڵاو دەكەینەوە.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز


 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.