جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایدهگهێنێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە چاكسازی لە مووچەی خانەنشینیی پلە باڵا كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلای دەكاتەوە و ئەنجامەكەی رادەگەیەنێت. دەشڵێت: حكوومەت لە مانگی دوودا دووەم ڕاپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەكات.
سەعید ههركی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: پرۆسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان لە لایەن كابینەی نۆیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٦ھەزار مووچەی نایاسایی بڕدراوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتێكی باش بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و چەندی مووچەی نایاسایی ببڕدرێت، داھاتی زیاتر بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو چاكسازییەی حكوومەت دەستی پێكردووە، زۆر گرنگە و رێكخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە.
سەعید ههركی گوتیشی: ئێستا كار لەسەر فایلی خانەنشینانی پلە باڵا دەكرێت، كە سەرووی ھەزار پلەیە و فایل بە فایل پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت و ھەر خانەنشینێكی پلە باڵا بە حەقی خۆی خانەنشین نەكرابێت، جا بە پلەی لیوا بێت یاخود ھەر پلەیەكی دیكەی باڵاههبێت ، مووچەكەی دەبڕدرێت، بۆیە بە چڕی كاری تێدا دەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلایی دەكرێتەوە و ئەنجامەكەی ڕادەگەیەندرێت، چونكە حكوومەت بڕیاری داوە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی بكات و بەردەوامیش دەبێت.
ناوبراو باسی لەوەش كردووه: حكوومەت بڕیاری داوە پەرلەمان لە ھەموو چاكسازییەكان ئاگادار بكاتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا راپۆرتی سێ مانگی بۆ پەرلەمان بە ھەموو وردەكارییەكانەوە ڕەوانە كرد و بڕیارە لە مانگی دووشدا راپۆرتی دووەم بۆ پەرلەمان رەوانە بكات، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە كە پەرلەمان ئاگاداری كار و چاكسازییەكانی حكوومەت بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.