Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 10:47

گێڕانەوەکانی منداڵەکەت نادیدە مەگرە!

ئەو کچەی زڕباوکەکەی دەستدرێژی کردبوە سەر
کوردستان TV
100%

د. دیلمان ئازاد پزیشکی پسپۆڕی دادوەری
کچێکی تازەپێگەیشتوو هات بۆ پشکنین بۆ دڵنیابوون لە پەردەی کچێنی و ئایا دەستدرێژی کراوەتە سەر یان نا؟

پشکنینمان بۆی کرد و پشتڕاستمان کردەوە، بەڵێ بەڵگە هەیە بۆ بانگەشەکانی و دەتوانێت بەو ڕاپۆرتەی ئێمە لە پزیشکی دادوەری بۆمان نووسیوە، بچێتە ناو دادگا و داوای مافی خۆی بکات.
سەرەتا من لە کچەکەم پرسی بۆ هاتووی بۆ پشکنین؟ دەستی کرد بە گریان و گووتی: نازانم! سەرەتا نەیدەویست قسە بکات و شەرمی دەکرد.
دوای هێورکردنەوە، باسی ئەو ڕووداوەی کرد کە بەهۆیەوە هاتبوو بۆ پشکنین. کەوتە قسەکردن و گووتی" دایکم شووی کردووەتەوە، هەموو خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان کردووە و لە ماڵی خۆیاندان، تەنها من ماوم لای دایک و زڕباوکەکەم.
کچەکە گووتیشی" زڕباوکم دەستدرێژی دەکاتە سەرم بە دەستلێدان و ڕەفتاری ناشرینی تر.
وەکوو کچەکە باسیکرد: بە دایکمم گووت لەبارەی ڕەفتارەکانی زڕباوکەکەم، پێمی گوت تۆ منداڵی و نازانی ئەو شتانە چییە، دەنگ مەکە هەرچی بکات.
کچەکە باسی لەوەشکرد جارێک دایکم بەسەردا هات و کردیە دەنگە دەنگ و ماڵی بەجێهیشت و دواتر گەڕایەوە.
لە درێژەی گێرانەوەکانیدا گووتی: دواجار برا گەورەکەم هاتبوو بۆ ماڵمان، بەسەردا هات و گوێی لێ بوو زڕباوکم پێم دەڵێ لەگەڵم وەرە ژووری سەرەوە! براکەم یەکسەر ڕاپێچمی کرد و چووینە دادگا و سکاڵای لەسەر زڕباوکم تۆمار کرد و وا ئێستا هاتووم بۆ پشکنین!
ئەمە بۆ ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری رووداوێکی دەگمەن نییە و زۆر حالەتی لەو جۆرەمان بینیوە.
لێرەدا دوو وانەی گرنگ هەیە بۆ کۆمەڵگە:
1- گرنگە بە وردی گوێ بۆ گێرانەوەی منداڵ بگیرێت و ئەو شتانەی باسیان دەکات بە هەند وەربگیرێن، نەک تەنیا بڵێین تۆ نازانیت ئەو کارانە چین و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە پەردەپۆش بکەین!
2- ئەو خانمانەی دوای جیابوونەوە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، دەبێ پلانیان تەنها بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان و پەیداکردنی هاوبەشی ژیان نەبێ، بەڵکو ئاییندەی مندالەکانیشیان لەبەرچاوبگرن.

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.