ئاكۆ عەبدوڵا
ئه‌مڕۆ لیسكانۆ لە ئه‌مه‌ریكای لاتین به‌گشتی و وڵاتی ئۆرۆگوای به‌تایبه‌تی به دیارترین نووسه‌ر داده‌نرێت. نمونه‌ی ئه‌و رۆماننووسانه‌یه كه بۆ خۆ رزگاركردن له تاڵی و ئازاره‌كانی ناو به‌ندیخانه، دەبنە نووسه‌ر. كۆمه‌ڵێك رۆمان و دیوانە شیعر و كورته چیرۆك و شانۆگه‌ری نووسیوه، به‌وه‌ش به‌شداری گرنگی له ژه‌نره‌كانی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا كردووه. له‌ته‌ك نووسینیش وه‌ك كه‌سێكی ئازادیخواز و خەباتگێڕ, لە پێناو دیموكراتی تێكۆشاوه. بەوەش ئازاری زۆری چێشتووه. هەروەها وه‌ك به‌رپرسێكی كارامەش رۆڵی كارای گێڕاوه.
نابراو رۆژی 18 ی مارسی ساڵی 1949 له شاری مۆنتڤیدیۆ هاتۆته‌دونیا. كه ئه‌وسا وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن رژێمێكی دیكتاتۆر به‌ڕێوه‌ده‌برا. بۆیه ئه‌ویش هه‌ر زوو وه‌ك لاوێكی خوێنگه‌رم و قوتابی زانكۆ، چووە ناو رێكخراوه‌كانی قوتابیانی جولانه‌وه‌ی (توپامارۆ Tupamaro) ی چه‌كداری و له دژی ده‌سه‌ڵات خه‌باتى كرد. توپامارۆ جولانه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی چه‌پڕۆبوو، بۆ رووخاندنی رژێمی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وسا تێده‌كۆشا. ساڵی 1972 كاتێك ته‌مه‌نی لیسكانۆ گەيشتە بیست و سێ ساڵان، دەستگیركرا و خرا زیندان. ماوه‌ی سێنزدە ساڵ له به‌ندیخانه به‌سه‌ری برد. واتا تا كۆتایی هاتنی ماوه‌ی دیكتاتۆری. له‌و ماوه‌یه‌ش زۆر بەسەختی و دڕندایەتی ئازار ده‌درا. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌واڵی مردنی دایك و خۆكوشتنی باوكی پێدرا، كه هه‌ردووكیان كرێكاری ساكار بوون. بێگومان ئه‌و هه‌واڵه تاڵانه هێنده‌ی دیكه ژیانییان تاریك كرد. لەو بارە سەختەدا بیرۆكه‌ی نووسینی بۆ هات. وه‌ك دواتر بۆ خۆی وتی : "ساڵی 1980 له گرتوخانه‌ی لیبرتار بووم. دابڕان له هه‌ر گرتووخانه‌یه‌ك، هاوشێوه‌ی زیندانی لیبرتاره. وه‌ها ده‌كات مرۆڤ بتوێته‌وه. به‌ڵام من بۆ رزگاربوون له‌و زیندانییه ته‌نیاییه‌م بڕیارمدا له خه‌یاڵی خۆمدا شتێك بنووسم (بێگومان قه‌ڵه‌م و كاغه‌زی لانه‌بوو) ئه‌وەش كارێكی پڕۆكینەرانه‌بوو، به‌ڵام هۆكارێكیش بوو بۆ راكردن له‌و كه‌ش و هه‌وا تاڵه. پاش چه‌ند مانگێك كه ده‌ستم گه‌یشته كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م. توانیم له ماوه‌یه‌كی كورتدا رۆمانێك بنووسم. ئه‌وسا بڕیارمدا ببم به نووسه‌ر". به‌و جۆره به نهێنی بیروبۆچوونه‌كانی نووسی و له شێوه‌ی حه‌وت ده‌ستنووس له هارپ (قیساره) ی هاوڕێیه‌كی زیندانی شاردییه‌وه. له كاتی ئازادبوونی هاوڕێیەكەی، توانی بیانێرێته ده‌ره‌وه. كاتێك بۆ خۆشی ئازاد كرا، له ماڵی خوشكه تاقانه‌كه‌ی، ئه‌و هارپەی دۆزیە‌وه كه ده‌ستنووسەكانی تێدا شاردبۆوه. له هه‌مووشیان گرنگتر دەستووسی رۆمانه مه‌زنه‌كه‌ی (گالێسكه‌ی شێته‌كان Truck of Fools) بوو كه تێیدا به‌شێوه‌یەكی گه‌رم و سه‌رنجڕاكێش ئه‌زمونی زیندانی خۆی و زیندانییه سیاسییه‌كانی هاوشێوه‌ی، گێڕاوەتە‌وه، بەجۆرێك كە ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هەبوو. كه‌واته رۆمانێكە له شێوه‌ی یاداشتنامه‌دایه. هه‌روه‌ك لە شوێنێكدا پاڵەوانەكەی كە بەرجەستەكەری خۆیەتی ده‌ڵێت : "له جێگەكه‌م به‌پێی پەتی و به شه‌رواڵێك كه سه‌ریان به گوشێكی ئه‌ستور گرتبووم و له پشەوەش كه‌له‌پچه‌یان له مه‌چه‌كه‌كانم توندكردبوو، رایان‌كێشام. ئینجا له‌سه‌ر شۆسته رایانگرتم تاكو له پشتی ئوتۆمبیلێكم ببه‌ستنه‌وه و رامبكێشن. به‌ڵێ له ئۆردوگای سه‌ربازی، رۆژگاری وه‌هام به‌سه‌ربرد كه ده‌مامك تاسه‌ر شانه‌كانم شۆڕدە‌بۆوە و جل و پێڵاوه‌كانیشم ئاویان لێده‌چۆڕا".
لە لایەكی دیكەدا دەڵێت: "من له بیست و سێ ساڵه‌ی ته‌مه‌ندام، نازانم له چ رۆژ و كاتێكدام. ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت ده‌زانم له دره‌نگی شه‌وداین. تازه له هۆڵی ئازاردان گه‌ڕاینه‌وه. وا گوێمان له هاوار و ناڵه‌ی زۆر كه‌سی دیكه‌ی ئازاردراو ده‌بێت. ئه‌وانه‌ی به درێژایی شه‌و بۆ هۆڵی ئازاردان ده‌بردرێن، كە له‌وێوه به‌شه‌كانی دۆزه‌خ ده‌ستپێده‌كات!". دواتر لیسكانۆ لە چیرۆكی ژیانی پاڵەوانەكەی دەچێتەوە ناو یادگارییەكانی خۆی. یادگاری سه‌رده‌می منداڵی و ژیانی خێزانه هه‌ژاره‌كه‌یان كە ده‌ڵێت : "ئێمه هه‌ر سێكمان دایك و باوك و كوڕ له تاكه ژوورێكدا ده‌ژیاین. شه‌وێكیان باوكم هه‌ڵیساندم كه ئه‌و هه‌رده‌م كه‌مدووبوو، ئاووهه‌وا زۆر ساردبوو. دایكم لێی پرسیم : "حه‌ز ده‌كه‌یت برایه‌كی بچوكت هه‌بێت؟" ئەوسا دركم به‌وه كرد دایكم پێویستی به بۆچوونی من نییه، بەڵكو ته‌نیا هه‌واڵێكه و پێمی راده‌گه‌یه‌نن. باوكیشم زۆر به‌كه‌می بایه‌خی پێده‌د‌ام و مرۆڤێكی بێمروه‌ت بوو. گه‌لحۆیانه ره‌فتاری ده‌كرد. به‌هێزبوو. دوای كه‌مێكیتر پێیوتم : "دایك و خوشكه بچوكه‌كه‌ت سه‌لامه‌تن". كه من له به‌ندیخانه‌بووم رۆژێكیان باوكم هاته‌لام، چاوه‌كانی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. هه‌واڵی مردنی دایكمی پێڕاگه‌یاندنم. گووتیشی : "به‌راستی من حه‌ز له مردن ناكه‌م، به‌ڵام به‌بێ ئه‌و ژیانم تاڵە، وا خه‌ریكه به خاكی بسپێرن، ئاماده‌نابم". ئەو هەواڵە زۆر تاڵ بوو. ویستم لە شه‌ودا نغرۆبم تاكو بیر له دایكم بكه‌مه‌وه. {چیتر نایبینمه‌وه. ناتوانم چیتر شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا بكه‌م، یاخود به پێكه‌نینی بهێنم}. دواتر ژیانی باوكم زۆر تێكچوو. كه‌وته سه‌ر زیاده‌ڕۆیكردن له خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و چیتریش بۆ دیده‌نیم نه‌هاته‌وه. تا رۆژێكیان هه‌واڵیان پێدام، خۆی كوشتووه. من ده‌مزانی ئه‌وه ده‌كات. بۆیه نه‌مپرسی كه‌ینێ و له كوێ. باوكم زۆر ده‌یووت: چیتر ناتوانم بێ دایكت بژیه‌م. له تاریكی شه‌ودا رووم بۆ دیوار وه‌رگێڕا و به درێژایی شه‌وەكە شریتی یادگارییه‌كانم ده‌هێناوه بیر. رقم له باوكم ده‌بۆوە، چونكه خۆی كوشت، چونكه بیری له پێویستی من به‌و نه‌كردبۆوه، به‌ڵام خۆكوشتنه‌كه‌ی به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌و بوو به‌رامبه‌ر به دایكم. دوای ئه‌وه‌ی به‌بێ ئه‌و ئافره‌تەی كه بیست و هەشت ساڵ له‌گه‌ڵیدا ژیا، دونیای سه‌راوژێربوو. جگه له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌شی زیندانییه و كچه تاقانه‌كه‌شی له بوینۆس ئایرس ده‌ژیه‌ت. ساڵی 1985 دوای ئه‌وه‌ی له زیندان هاتمه ده‌ره‌وه، سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌م كرد كاتی خۆی باوكم خۆی تێدا كوشتبوو. ئه‌وسا ده‌ركم به گه‌وره‌یی ئه‌و دووره‌په‌رێزیه كرد كه له‌و رۆژگاره‌دا باوكم تێیدا ده‌ژیا. ئێستا به‌بێ باوكم، له دونیایه‌كی دیكه ژیان ده‌كه‌م. به ته‌نیا له‌و هه‌ساره‌یه ده‌ستپێده‌كه‌م. ئەو ژیانی بۆ كوڕێك جێهێشت كه خۆی بۆ نووسین ته‌رخان كردووە".
لە بارەی ئه‌زمونی زیندانیش لیسكانۆ زیاتر و به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار سه‌رنجڕاكێشیش له‌و رۆمانه‌یدا باس ده‌كات و ده‌ڵێت : "ئه‌گه‌ر خواردن له‌كاتی خۆی هاتبا، له كاتی خۆی ده‌مانخوارد. ئه‌گه‌ر دواشكه‌وتبا به دره‌نگه‌وه ده‌مانخوارد، خۆ ئه‌گه‌ر نه له‌كاتی خۆی و نه به دره‌نگه‌وه‌ش هاتبا، ئه‌وسا هیچمان نه‌ده‌خوارد. ئه‌وه ته‌نیا ئه‌و شته‌بوو كه له ئازادی بۆمان مابۆوه. ئازادییه‌ك كه هیچ نه‌هێنێ. سه‌باره‌ت به زیندانییه‌كانیش ژیان بریتی‌بوو له به‌رگه‌گرتنی رۆژێكی دیكه. غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵی جه‌نگه‌ڵمان گرتبووه‌به‌ر. ئازاردان چییه؟ له چه‌ند هه‌فته‌ی كۆتایی به‌ر له هاتنم بۆ ئێره، له‌ناو هه‌وای كراوه له مۆنتڤیدیۆ ئازار ده‌دراین. سوپا و هێزی ده‌ریایی و هێزی ئاسمانی، شه‌و و رۆژ به چه‌كه‌وه له ده‌وره‌مان ده‌هات و ده‌چوون و ترس و سامیان بڵاوده‌كرده‌وه. تۆقاندن ببوو به كارێكی زگماك. ده‌تتوانی له رۆژنامه بیخوێنیته‌وه و له ئێستگه‌ش گوێت لێبێت. له كاتی شه‌ودا گوێت لە ناڵه و هاواری پیاو و ژن و حه‌په حه‌پی ئه‌و سه‌گانه‌ی سه‌ربازه‌كان له به‌ندكراوه‌كانیان به‌رده‌دا، دە‌بوو. به‌ندكراوه‌كان له دوو شه‌ڕی دژوار دابوون، یه‌كێكیكان دژی جه‌لاده زۆره‌كان بوو. ئه‌وه‌ی دووه‌میش له گه‌ڵ خودی خۆیان. قسه بكات یان نه‌كات..! له هه‌ردوو باردا هه‌ر زه‌ره‌رمه‌ندبوو. بۆنی پیس و جل و به‌رگی میز پێداكراو و پاشماوه‌ی خواردن به ڕدێن و پرچی زۆری لۆچاوی كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك نه‌شۆردرابوو. ئه‌و پێسته‌ی كه له‌به‌ر به‌رنه‌كه‌وتنی تیشكی خۆر، نه‌بوونی پاك و خاوێنی، شێوابوو. هه‌موو ئه‌وانه مایه‌ی قێزه‌وه‌نی و هێڵنجدانبوون. كه‌س به‌رگه ناگرێت له‌ته‌ك كه‌سێكی وه‌هادا بوه‌ستێ، به‌ڵام پێویستە مرۆڤ دانبه‌خۆیدا بگرێت، چونكه كه‌ڕامه‌تی په‌یوه‌سته به به‌رگه‌گرتنیەتی، چونكه ئه‌وه‌ی جه‌لاد ده‌یه‌ویست، بێزاربوونی به‌ندكراوبوو له خودی خۆی و به‌رگه‌نەگرتنی. به‌جۆرێكی وه‌ها كه بڕوا بكات هیچ شتێك ناهێنێ و بڕوا به‌وه‌ش بكات هه‌موو جه‌لادێك پەرە بە لێدانی خۆی دەدات و ده‌زانێت هه‌موو جۆره كه‌لوپه‌لێكی وه‌ك ئاو و كاره‌با و بزمار به‌كاربهێنێ. شارازاشە لەوەی هه‌موو مادده‌یه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی به‌ندكراوه‌كان تاقیبكاته‌وه.
من یه‌ك له‌و هه‌زاره‌ها گه‌نجە بەندكراوانه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتینم. ئه‌وانه‌ی بڕوا ناكەن به‌رگه‌ی برسیه‌تی و بێئومێدی و چه‌وساندنه‌وه بگرن، به‌ڵام به‌رده‌وام بڕوام به‌وه‌یه كه كاتی وه‌ها هه‌یه مرۆڤ ده‌توانێت به‌رگری بكات و به‌وپه‌ڕی توڕه‌یش دژایه‌تی توندوتیژی و بێئومێدی و نه‌بوونی ئازادی بوه‌ستێ. بۆیە هه‌رگیز بیئومێد نابم به مرۆڤ. به‌و لایه‌نه پرشنگداره‌ی ئه‌و كه كار بۆ هاریكاری و قوربانیدان ده‌كات. ئه‌وه‌شه دەبێتە هۆی به‌رگه‌گرتنی ئازا‌ره‌كان. ئازار تا مردن و بیرۆكه‌ی مردنیش وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێمه، كه هه‌رده‌م له خه‌یاڵماندایه. ئازاری جه‌سته‌یی ده‌روازه‌یه‌كه له زیندان فێری بووین. منیش له چاوه‌ڕوانی گالێسكه‌ی شێتەكاندام، ئه‌و گالێسكه‌یه‌ی كه لە كاتی خۆیدا بۆ گه‌شتێكی بێ هۆده‌یی به‌ره‌و ئازادی هەڵماندەگرێت. ئیتر ده‌نووسم، به‌ندیخانه.. ئازاردان.. كوشتنی به كۆمه‌ڵ".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.