ئەندازیار کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی هایدرۆپاوەری کارەبا لە ناحیەی دێرالۆک لە قەزای ئامیدی بەسەر کردەوە و ڕای گەیاند ئەو پرۆژەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەمە.
وەزیری کارەبا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ناحیەی دێرالۆک ڕای گەیاند: ئەم پرۆژەیە لەسەر قەرازی وڵاتی ژاپۆن و بە گوژمەی ١٢٩ ملیۆن دۆلار کەوتووەتە گەڕ و هێشتا کاری لەسەر دەکرێت و ٣٧ مێگات کارەبای سنوورەکە دابین دەکات و لەلایەن دوو کۆمپانیای ئێرانییەوە دروست دەکرێت و هەتا ئێستا ٧٥٪ی کارەکانی جێبەجێ کراون.
ئەندازیار كەمال محمد ساڵح گوتیشی: دەبیت هەتا مانگی ١٢ی ئەمساڵ ئەو پرۆژەیە کۆتایی پێ بێت و هەردوو کۆمپانیاکەش بەلێنییان داوە کە لە کاتی دیاریکراودا تەواوی دەکەن.
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشی گەیاند: گرنگیی ئەو پرۆژەیە کە یەکەمینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە بە ئاو کار دەکات و لە پلانی داهاتووماندایە بەنداوێک لە نزیک پرۆژەی هایدرۆپاوەری کارەبای دێرالۆک و لەسەر ڕووباری زێی گەورە دروست بکەین کە لەو ڕێگایەوە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.