وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگهیاند: داهاتی پێنج مانگ بۆ شارەوانییەكان دەگەڕێتەوە و لە دروستكردنی شەقام و شۆستە خەرج دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت چارەسەری گرفتی كەمئاوی لە سۆران دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكیشدا كێشەی موڵكداری زەوی لە سنوورەكە چارەسەر دەبێت، رێنماییش دراوەتە فەرمانگەكانی شارەوانی لەسەر ئەو داهاتەی كە ئێستا هی پێنج مانگیان بۆ دەگەڕێتەوە، لە سەدا زۆرەكەی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بێت و چەند لیژنەیەكی تایبەتیش بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە پێكهێنراون.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە قەزای سۆران، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئامانجی سەردانەكەی رۆژی سێ شەممەی بۆ قەزای سۆران و كۆبوونەوەی لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەكانی سنوورەكە و فەرمانگە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەت، روونكردنەوە و گفتوگۆكانی بە ئەرێی و بەرهەمدار ناوبرد، لە بەشێكی قسەكانیدا رایگەیاند: ئەو بابەتانەی لە كۆبوونەوەكە تەركیزمان لەسەر كردنەوە، پرۆژەكانی گەشتوگوزار، دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی كەمئاوی كە لە بەشێكی ئەو سنوورە هەیە، هەروەها بابەتە یاساییەكانی تایبەت بە موڵكداری زەوی هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا چارەسەریان بكەین.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بڕیاری نۆژەنكردنەوە و راكێشانی شەقامیش بۆ ژمارەیەك گەڕەكی قەزاكە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: رێنمایی دراوەتە فەرمانگەكانی شارەوانی لەسەر ئەو داهاتەی كە خۆیان هەیانە و ئێستا هی پێنج مانگیان بۆ دەگەڕێتەوە، لە سەدا زۆرەكەی ئەو داهاتانە دەبێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بێت، بە تایبەتی كردنەوەی شەقامی نوێ و شۆستە و ئەو پرۆژانەی دیكەش كە پێویست بن لە خزمەتی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكرێن، ئەوەیشی كە پێویست بێت لەگەڵ بەڕێزان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئێمە بەرزیان دەكەینەوە و بەشێكیشیان لیژنەی تایبەتمان بۆ پێكهێناون و هەوڵ دەدەین لە زووترین كاتدا چارەسەریان بكەین، هەروەها پەرە بە بابەتی گەشتوگوزار لە سۆران دەدەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.