ئەو گەنجەی لەچۆمان لاسایی سلێمان هەڵشۆیی دەکردەوە، دەستگیر کرا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەو گەنجەی ئۆتۆمبێل و خانووی بە نرخی خۆی زیاتر لە هاووڵاتییانی وەردەگرت بۆ ماوەی چەند مانگێک بە قەرز، لە قەزای چۆمان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای چۆمان بەناوی (کۆسرەت عوسمان) چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە ئۆتۆمبێل و خانوو و موبایلی گرانبەها بە قەرز و زیاتر لە نرخی خۆی لە هاووڵاتییان وەردەگرت، لەسەر داوای داواکاری گشتی و بە بڕیاری دادوەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
گووتیشی: بۆئەوەی مامەڵەی ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ موشتەریەکانیدا کێشەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە و نەبێتە زیانی ئابووری بۆ هاووڵاتییان، وەک چەند حاڵەتێکی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، داواکاری گشتی بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەو کەسە بکات و ئێستا دەستگیرکراوە .
دوو ڕۆژ بەر لە ئەمڕۆ، هاووڵاتییەک بەناوی ( کۆسرەت عوسمان شۆرەیی) بۆ ماڵپەڕی کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: دوو ساڵە بە نهێنی خەریکی کڕینی ئۆتۆمبێل و خانووم بە قەرزی ماوەیەکی دیاریکراو و بە نرخێکی زیاتر لە نرخی خۆی، هەر ئۆتۆمبێلێک دوو دەفتەر بکات، من ئامادەم بە پێنج هەزار دۆلار زیاتر لە نرخی خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەربگرم ، ئێستاش بە ئاشکرا دەستم پێکردووە، ئەگەر لە ڕۆژێکدا ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان وەربگرم، زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێلم بۆ دێت و خەڵک متمانەیەکی باشی پێکردووم.
مامەڵەی ئەم گەنجەی قەزای چۆمان هەمان مامەڵەی بازرگانی نایاسایی هاووڵاتییەکی دیکەی دەڤەری پشدەر و ڕاپەڕین بوو بەناوی (سلێمان هەڵشۆیی) کە دوای مایەپووچبوون و زیانگەیاندن بە بڕی هەزاران دەفتەر دۆلار بە خەڵکی ناوچەکە، لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە دەستگیر کرا. کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.