Erbil 20°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 00:27

بەشیر حەداد: تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای بوودجە لە ئەنجوومەنی نوێنه‌ران 20 ڕۆژ دەخایەنێت

کوردستان TV
100%

  بەشیر حەداد ،جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایده‌گه‌ێنێت: ماوەی تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بیست رۆژ دەخایەنێت.


جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاند کە چاوەڕان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و ئاماژە بەوەیش دەکات کە پڕۆژەیاساکە لە میانی مانگێکدا دوای ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، پەسەند دەکرێت.

بەشیر حەداد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە تا ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، پڕۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و گوتی:

ھەر کاتێک پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا رێوشوێنەکانی یاسایی بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەری دەگیریتەبەر.

گوتیشی: لەسەرەتای مانگی داھاتوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەکرێت و دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پاشان لەلایەن لیژنە پەیوەندارەکانەوە وەک لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد باسی لەوەشکردووە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتۆگۆیەکی ورد سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەکرێت و داوایش لە حکوومەتی عێراق دەکرێت لەوەی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک بڕگە و ماددەکانی نێو پڕۆژەیاساکەدا بکات، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەیستە بەکەمکردنەوەی خەرجییەکان و گوتی: ماوەی تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بیست رۆژ دەخایەنێت.

رۆژی دووشەممەی ھەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ درا و پەسەندکرا.

چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.