Erbil 19°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 02:16

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 4 سه‌رکرده‌ی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی ده‌رکرا

کوردستان TV
100%


لە پێشھات و قەیرانێکی نوێی نێوان حکوومەتی عێراق و گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار کەسایەتی سەربازیی و مەدەنی کەتائیب حزبوڵڵا بەتۆمەتی تێوەگلاون لە ئاراستەکردنی مووشەک بۆسەر باڵەخانەکانی دیپلۆماتی و سەربازیی بیانی لە بەغدا دەرکردووە.

میدیاکانی عەرەبی بڵاویانکردەوە کە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵلا عێراق، ئەبو عەلی عەسکەری دەرکردووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەبو عەلی عەسکەری لە ترسی دەستگیرکردنی، عێراقی جێھشتووە و چووەتە دەرەوە.

فەرمانی دەستگیرکردنەکەیش دوای ئەوە دێت، دوو رۆژ لەمەوبەر بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵڵا، عەلی عەسکەری لە تویتێکدا ھەڕەشەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردبوو لەوەی ئارامی و ئۆقرەیی ھێزەکانی بەرهەڵستی تاقی نەکاتەوە و رایگەیاندبوو کە نە ئیتڵاعاتی ئێران و نە (CIA)ی ئەمریکا و موزایەدەکارانی بەرژەوەندیی نیشتمان نایپارێزن".

میدیاکان ھەروەھا بڵاویانکردووە کە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو فەرماندەی سەربازیی و کەسایەتییەکی مەدەنی کەتائیب حزبوڵڵا دەرکردووە کە پەیوەندییان بە ئەبو عەلی عەسکەری-یەوە ھەیە.

رۆژی ھەینی رابردوو، دوای ئەوەی فەرماندەیەکی عەسائیب ئەھل ئەلحەق سەربە حەشدی شەعبی بەناوی، حوسام ئەزیرجاوی لەگەڵ ژمارەیەک لە یاریدەدەرانی لە رۆژھەڵاتی بەغدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئاراستەکردنی مووشەکی کاتیۆشا بۆسەر ناوچەی سەوز دەستگیرکران، رەوشی شاری بەغدا گرژ و ئاڵۆزبوو.

دوێنێ شەممە ئاژانسی ھەواڵگریی و دژەتیرۆر نووسراوێکی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو، ئەو فەرماندەیەی عەسائیب ئەھل ئەلحەق کە بەتۆمەتی تێوەگلان لە ھێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا دەستگیرکرابوو، رادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی کراوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.