Erbil 20°C ھەینی 27 ئەیلوول 05:21

ئەو شتانە چین کە نابێت بیانکەیت ئەگەر سەرئێشەی شەقیقەت لەگەڵ بوو ؟

کوردستان TV
100%

توێژینەوەکان هەتاکو ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان بزانن بۆچی هەندێک کەس تووشی شەقیقە دەبن و هەندێکی تر تووش نابن .

بەڵام هەموو توێژەرەوەکان جەخت لەوەدەکەنەوە کە هەندێک شت هەیە ڕێژەی توشبوون بە ئازارەکە زیاددەکات لەو کەسانەدا و بە (triggers) ناودەبرێن . دوورکەوتنەوە لەو شتانە چانسی توشبوون بە ئازارەکە کەمدەکاتەوە . هەندێک لەو شتانە ئەمانەن:

- دووربکەوە لەوشتانەی ئازارەکەت بۆ دروستدەکەن و بە (triggers)ناودەبرێن . ئەم شتانە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە ، هەر کاتێک چاودێریت کرد و درکت بەوە کرد کە ئەو شتانە چییە، ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت سەرئێشەکەت کۆنتڕۆڵ بکەیت .ئەوانەی باون : سترێس و قەلەقی، هیلاکی و ماندووی ، هەندێک دەرمان، ئافرەتان لەکاتی سووڕی مانگانەدا بەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، ئەلکهول و کافایین بەڕێژەی زۆر، خواردن وەکو؛ پەنیر، شکولاتەو نەستەلە، شەکری دروستکراو، گۆشتی سووری حازرکراو، ئەو شتانەی بۆنێکی تیژیان هەیە .

- هیچ ژەمێکی خواردن مەپەڕێنە :

برسیکردنی خۆت بۆ ڕادەیەک بێهێزت کات لەوانەیە ئازارەکەت زیادکات، هەندێک توێژینەوە دەڵێن دابەزینی شەکرەی خوێن گۆڕانکاری لە مێشکدا دەکات ، کەئەمەش ئازاری شەقیقە زیاد دەکات .

- ئازارشکێنەکان لە سێ چوار ڕۆژ زیاتر وەرمەگرە :

ئازارشکێنەکانی وەکو (پاراسیتۆڵ، ئەسپرین، پڕۆفین ..هتد )، لەوانەیە سەرئێشەکە نەهێڵن . باشتر وایە هەرکات هەستت کرد کە ئازارەکە دەست پێدەکات باشترە وەریانبگریت، بەڵام بەکارهێنانیان بە بەردەوامی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئەگەری هەیە ئازارەکە بگەڕێنێتەوە . باشترە لەو کاتەدا هەندێک چارەسەری تایبەت وەربگرێت کە ناهێڵیت لە مانگەکەدا ئازارەکە دووبارە بێتەوە .

- کاتی خەوتنت ڕێکبخە، نە زۆر بنوو نە کەم :

هەوڵ دە لەشەودا بۆ ماوەی (حەوت بۆ هەشت) کاتژمێر بنوو بەڕێکی، چونکە بینراوە ئەوانەی کێشەی تێکچوونی خەو یان کەمخەویان هەیە زۆرتر تووشی ئازارەکە دەبن .

- ئازارەکەت پشتگوێ مەخە :

ئاشکرایە ئەوانەی نەخۆشی شەقیقەیان لەگەڵە ، پێش هاتنی ئازارەکە حاڵەتێکیان بۆ دروست دەبێت کە پێی دەوترێت (ئۆرا)، ئەم حاڵەتە هەندێک جار بەشێوەی تەڵخ بینینە ، یاخود بینینی ڕووناکی و هێڵی زیکزاگیە ، یاخود بیستنی هەندێک دەنگە، یاخود بۆنکردنی هەندێک بۆنی ناخۆشە یاخود هەستکردنە بە سەرگێژخواردن. هەرکات هەستت بەم نیشانانە کرد نابێت پشتگوێیان بخەیت چونکە پشتگوێخستنیان ئازاری سەرئێشەکە زیاد دەکات. بەڵکو پێویستە هەوڵبدەیت لەژوورێکی تاریک و بێدەنگدا دابنیشیت یان پاڵکەویت تا تەواو دەبێت. هەروەها دەتوانیت پاکی سارد بخەیتە سەر ناوچەوانت یاخود بە لەچکێک سەرت ببەستیت . هەندێک جار مەساج کردنیش بە زەیتێکی ساردکەرەوە وەک زەیتی نەعنا یاخود هەر مەساجی ئاسایی سەر سوودی زۆرە .

- لەبیرت نەچێت کە تێبینیەکانت بنوسیت :

پێویستە هەموو کەسێک کە ئازاری شەقیقەی لەگەڵدایە ، ئەم تێبینیانە بنوسێت لەسەر دەفتەرێک یاخود مۆبایلەکەی :

- کەی سەر ئێشەکەی بۆ هات ؟

- ماوەی چەندی خایاند ؟

- لە چ بەشێکی سەردا ئازارەکە دەستی پێکرد؟ ڕادەی ئازارەکە و توندی چەندە؟

- بە دەرمان و ئازارشکێن کەمدەبێتەوە یاخود نا ؟

- لەو ڕۆژەدا چیت خواردووە؟

- خەوت چۆن بووە و ئایا لەدەرەوە کارتکردووە؟

- کەش و هەوا لەو ڕۆژەدا چۆن بووە؟

ئەم تێبینیانە زۆر گرنگن کە بنوسرێت و لەدوایدا پشانی پزیشکەکەتی بدەیتەوەو بەپێی ئەوە ئامۆژگاریت بکات کە چۆن کۆنتڕۆڵی ئازارەکە بکەیت .

1

د. هه‌ڤین که‌مال شاه محمد

پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.