Erbil 32°C شەممە 28 ئەیلوول 18:35

قوباد تاڵه‌بانی: لێکتێگه‌یشتنی باش له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ڵام گوشاری سیاسیمان له‌سه‌ره‌

قوباد تاڵه‌بانی
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، قوباد تاڵه‌بانی، له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئاسمانی دجله‌ رایگه‌یاند: تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێكمان نه‌كردووه‌ به‌لام لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌یه‌ و گه‌شبینیم به‌وه‌ی به‌ بێ رێككه‌وتن ناگه‌ڕێینه‌وه‌. 

قوباد تاڵه‌بانی شانده‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ ده‌یه‌مین رۆژه‌ له‌ شاری به‌غدایه‌ و به‌رده‌وامن‌ له‌ دانووستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ حكوومی و سیاسییه‌كانی عێراق. 

قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌رنامه‌كه‌دا رایگه‌یاند: سه‌ردانی ئه‌مجاره‌یان تایبه‌ته‌ به‌ پرسی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌. 

گوتیشی، ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی یاساكه‌، ئه‌رك و مافمان هه‌یه‌ و لێمان داوا كراوه‌، داهاتی نه‌وتی و نا نه‌وتی راده‌ست بكه‌ین و له‌ به‌رامبه‌ریشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پشكی خۆمان ده‌كه‌ین له‌ بودجه‌كه‌دا. 

راشیگه‌یاند: هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نیا كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌یان نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی ده‌ستوور و یاسای نه‌وت و غاز و پێشمه‌رگه‌ و مادده‌ی ماده‌ی سه‌د وچلی به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌ن و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون. 

تاڵه‌بانی، باسی له‌وه‌شكرد، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌ی سیاسین و په‌یوه‌ندیان به‌ بۆچوونی سیاسی و ده‌ستووری و یاساییه‌وه‌ هه‌یه‌ و نابێت شۆڕ بكرێنه‌وه‌ بۆ ئاستی میللی و تاكی كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا نییه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان هیچ كاتێك هۆكاری دواكه‌وتنی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌بووه‌. 

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، كورد پێی خۆشه‌ هه‌موو به‌شه‌كانی عێراق پێشبكه‌ون و گه‌شه‌ بكه‌ن. له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی شاندی دانووستانكاری هه‌رێم، ئاشكراشیكرد، ئێستا فشاری سیاسی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنرێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگره‌ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. 

ئاشكراشیكرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام كاتێك سه‌ردانی نوێنه‌رانیان كردووه‌، جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌ستی حكومه‌تی ئاوه‌ڵاتر كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ردوولا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شانه‌ی درووست بوون بكه‌ینه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام له‌ ئێستادا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبینم و به‌ بێ رێككه‌وتن له‌ به‌غدا ناگه‌ڕێینه‌وه‌.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.