نووسینگهی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا ڕایگهیاند كه ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا تووشی کۆرۆنا بووە و یەکە بەیەکە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لێ دەردەکەون.
کۆشکی ئیلیزێ ئاماژهی بهوهیش كرد كه ماکرۆن بۆ ماوەی حهوت رۆژ خۆی کەرەنتین دەکات، بەڵام لە ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵات دانابڕێت و بە ئۆنلاین کارەکانی ڕادەپەڕێنێت.
هێشتا روون نییە ماکرۆن چۆن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە ئەوەش دیار نییە ئایه هاوسهرهكهی تووش کردووە یان نا، بەڵام ئەوە روونە پێنجشەممەی ڕابوردوو ماکرۆن لە لووتکەی یەکیهتیی ئەوروپا لە برۆکسل چاوی بە ژمارهیهک بەرپرسی ئەوروپا کەوتووە. پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی تووشبوونی سەرۆکی فەرەنسا بە کۆرۆنا، هەندێک له سەرکردەكانی ئەوروپا کە لەو لووتکەیه بهشداربوون بەریەککەوتنیان لەگەڵ ماکرۆندا هەبووە، بڕیاریان دا خۆیان کەرەنتین بکەن لهوانهیش پیدرۆ سانشێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا كه رایگەیاند تا 24ی ئهم مانگه خۆی کەرەنتین دەکات دوای ئەوەی بەریەککەوتنی لەگەڵ ماکرۆن هەبووە.
دوای ئەویش چارلیس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا ڕایگهیاند كه خۆی کەرەنتین دهكات.ماکرۆن بەنیازبوو بەرنامەی دابەشکردنی ڤاکسین ڕابگەیهنێت، بەڵام دوای توشبوونی بەو ڤایرۆسە، ئۆلیڤەر ڤێرانی وەزیری تەندروستی لەبری ئەو ستراتیژییەکە ڕادەگەیهنێت.
ههڵبهت له فهرەنسا زۆرتر لە دوو ملیۆن كهس تا ئێستا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوون و نزیکەی 60 هەزار كهسیش بە ڤایرۆسەکە مردوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.