نووسینی/ جوان شێخۆ
وه‌رگێڕانی / ئاكۆ عه‌بدوڵا
له مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1990 ئه‌و نامه‌یه‌ی میر جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركی نوسیبوو، له‌لایه‌ن ره‌وشه‌ن به‌درخانه‌وه له ژێر ناوی (نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك كۆماری توركیا، به‌ڕێز مسته‌فا كه‌مال پاشا) به وه‌رگێڕدراوی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له شێوه‌ی كتێبێكی 71 لاپه‌ڕه‌ی مام ناوه‌ندی له ده‌زگای (دلاوه‌ز زنكی) بڵاوكرایه‌وه.
لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن:
میر جه‌لاده‌ت له ده‌ستپێكی نامه‌كه‌یدا روخساره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا به‌دیارده‌خا و هۆكار و مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌شی ده‌به‌ستێته‌وه به جاڕدانی لێبوردنی گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات و به بۆنه‌ی جه‌ژنی دە ساڵه‌ی دروستكردنی كۆماری توركیا و كۆمه‌ڵێك هۆكاری دیكه‌وه. له دوایدا به هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، ده‌چێته نێو باس و ئاماژه به‌وه ده‌كا (ئه‌حمه‌دی خانێ) ی شاعیر یه‌كه‌م موژده‌به‌خشی نه‌ته‌وایه‌تی كورده و له شاكاره نه‌مره‌كه‌ی (مه‌م و زین) دا به‌روونی ئەو هه‌سته به‌دیارده‌كه‌وێ. ئینجا دێته سه‌ر باسی راپه‌ڕینه‌كانی گه‌لی كورد و تێیدا لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه‌ی به درێژایی مێژوو له‌سه‌ر شێوه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری ئایینی و یاخیبوونی خێلایه‌تی، وه‌ك ئه‌و شێوه هاوچه‌رخه‌ی كه ئه‌وسا له ئارادابووه ده‌رده‌بڕێ. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌ره‌نجامی سه‌رجه‌م هه‌وڵ و راپه‌ڕینه‌كان، به ده‌ربه‌ده‌ربوون هێناوه‌ته‌وه كه دووچاری كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بوون به هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێت : "له‌كاتی گه‌شتێكم به كوردستاندا ساڵی 1919 تووشی یه‌كێك له‌و كاروانه كۆچپێكراوانه بووم كه له شاری حه‌له‌ب هاتبوون و به‌ره‌و شوێنی خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه. له قسه‌كانیان ده‌ركه‌وت له‌كاتی ده‌ربه‌ده‌ربوونیان ژماره‌یان 4485 كه‌س بوو كه‌چی ته‌نیا 255 كه‌سه‌یان مابونه‌وه". هه‌روه‌ها له نامه‌كه‌یدا رووداوێك ده‌گێڕێته‌وه كه رۆژنامه‌نووسێك بۆی باسكردووه و نه‌شیویستووه ناوی بهێنرێت تا خاكی توركیا جێده‌هێلێت. له‌به‌ر گرنگی باسه‌كه به‌ته‌واوی ده‌یخه‌ینه‌ڕوو "له‌نزیك ئه‌و شوێنه‌ی كارمان تێدا ده‌كرد دێیه‌كی خامۆش هه‌ڵكه‌وتبوو. زۆر جار ئێمه به سواری وڵاخ روومان تێده‌كرد. تا ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ پیاوێكی كورددا په‌یداكرد كه ته‌مه‌نی 102 ساڵ بوو، هه‌ر جاره‌ی كه ده‌چووینه ئه‌و ئاواییه چه‌ندان سعاتمان له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه دنیادیده به‌سه‌ر ده‌برد، جارێكیان پاش تێپه‌ڕبوونی دوو هه‌فته غه‌ریبێمان كرد و سوار بووین به‌ره‌و ئاواییه‌كه. مامه‌ی كورد هه‌ر كه چاوی به ئێمه كه‌وت بزه‌یه‌ك زایه سه‌ر رووی، به‌ڵام سه‌ره‌تا هه‌ڵنه‌ستا و به‌ره‌وڕوومان نه‌هات و داوای لێبوردنی لێمان كرد كه رووانیمان قاچه‌كانی ئاوساوه و له‌به‌ر لێدان و ئازار شین هه‌ڵگه‌ڕاون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵیده‌دا له‌به‌رمان هه‌ستێ، به‌ڵام ئێمه نه‌مان هێشت و له ده‌وریدا كۆمه‌ڵمان به‌ست. ئه‌ویش كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كه و وتی : "دڕنده‌كان پێش دوو هه‌فته هاتنه گونده‌كه‌مان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك، ئێمه چه‌كمان له كوێ بوو؟ هه‌رچی هه‌مان بوو كاتی خۆی بۆ (كه‌مال پاشا) دامان به بنكه‌ی پۆلیس، ته‌نانه‌ت موسێكیشمان له‌لا نییه، لاوه‌كانمانیان به زۆر راپێچكرد و بر‌دیانن، كه تا ئێستا نازانین له كوێن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه. كاتێك بۆ لای من هاتن، زۆرم تكا لێ‌كردن، به‌ڵام هیچ سوودی نه‌بوو له زه‌وییان گه‌وزاندم و نزیكه‌ی چل قامچییان لێدام و خوێن له قاچه‌كانم رێچكه‌ی به‌ست و له هۆش كه‌وتم. له‌و ساوه وه‌ك ده‌بینن من كه‌وتووم". لێمان پرسی : "بۆچی ئاوایان لێكردی؟". به‌بێ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك وتی : "چونكه كوردم، تێناگه‌م كه‌مال پاشا نایه‌وێت له وڵات‌دا كورد هه‌بێت". یه‌كسه‌ر بێده‌نگ بوو. تاوێك خۆی رێككرد و چاوه‌كانی به خۆیدا گێڕا‌و به‌رده‌وام بۆوه و وتی "نه‌خێر، ئه‌وه‌ی وتم هه‌ڵه‌بوو. كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كم كرد. ئێمه كاتی خۆی كوردبووین، به‌ڵام ئێستا هه‌ر هه‌موومان بووینه تورك. ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ده‌ژیه‌ت هه‌ر هه‌مووی توركه، كه‌مال پاشا به‌و جۆره‌ی وتووه...".
ئه‌و پیاوه كڵۆڵه له هه‌موو شتێ ده‌ترسا ته‌نانه‌ت له ئێمه‌ش، وای به‌خه‌یاڵدا ده‌هات ده‌چینه بنكه‌ی پۆلیس و شكاتی لێده‌كه‌ین، ئه‌و رووداوه‌م هه‌رگیز له‌بیرناچێته‌وه. چۆنم له‌بیربچێته‌وه؟ عه‌قڵم قبووڵی ناكات. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت ده‌ست له پیاوێكی هێنده پیر بوه‌شێنی كه ته‌مه‌نی به دوو ساڵ له سه‌ره‌وه‌ی سه‌د بێ. یان منداڵێك ته‌مه‌نی دوو ساڵان بێت؟!"
میر جه‌لاده‌ت به‌شێكی گرنگی نامه‌كه‌ی بۆ زمان ته‌رخان كردووه، بۆیه پێویسته ئێمه‌ش هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدا بكه‌ین. ئه‌و زمانه‌كانی دابه‌شی سه‌ر سێ به‌شكردووه.
یه‌كه‌میان: زمانه پێكهاتووه ساده‌كان: كه زمانه سه‌ره‌تاییه دابڕاوه‌كان ده‌گرێته‌وه و شێوه‌كانی زمانی چینی وه‌ك نمونه هێناوه‌ته‌وه.
دووه‌میان: زمانه پێوه‌لكاوه‌كان وه‌ك زمانی توركی.
سێیه‌میان: ئه‌و زمانانه‌ی كه به ئاسانی خۆیان ده‌گونجێنن، ئه‌وه‌شی دابه‌شی سه‌ر دوو جۆر كردووه، زمانی كوردیشی له جۆری زمانه ئاریه‌كان داناوه.
میر جه‌لاده‌ت له نامه‌كه‌یدا ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌و زانا زمانه‌وانییه توركه بداته‌وه كه له سه‌رژمێریه‌كه‌یدا وشه كوردییه‌كانی به (8428) وشه داناوه، بۆیه ده‌ڵێت : "ئه‌و نووسه‌ره‌ی ساغكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانی ئه‌نجامداوه و پشتی به زانیارییه‌كانی دكتۆر فه‌ریجی ئه‌ڵمانی به‌ستووه كه ئه‌ویش به هه‌مان مه‌به‌ست ویستوویه‌تی وا ده‌رببڕێ كه كورد له ره‌سه‌نایه‌تی توركه‌وه هاتبێ و كتێبێكیشی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچكردنی گشتی ئه‌و كات بڵاوكردۆته‌وه و لیسته‌یه‌كیشی سه‌باره‌ت به وشه كوردییه‌كان به‌م شێوه‌یه داڕێشتووه:
ناوی زمانەكان
ژمارەی وشەكان
پەهلەوی كۆن
370
زەند
1240
تورك (توركمانی كۆن)
3080
ئەرمەنی
220
عەرەبی (بە تورك كرا‌و)
3000
كوردی رەسەن
300
فارسی (بە تورك كرا‌و)
1030
چەركەس
60
كەرخی (ئەلبانی)
20
كلدان
108
كه‌چی دكتۆر جه‌لاده‌ت له وه‌ڵامدا زۆر به وردی و ئاگادارییه‌وه ده‌ڵێت : "ته‌نیا كۆی وشه كوردییه‌كانی شێوه‌زاری كرمانجیم (كه‌شێوازی تایبه‌تی ئاخافتنی خۆیه‌تی) سه‌رژمێر كردووه، توانیم (13090) وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردی لێ ده‌ستگیر بكه‌م".
خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه به گیانی نه‌ته‌وه‌ییش نه‌ڕوانین و وه‌ك زانا زمانزانه توركه‌كه‌ش پشت به دكتۆر فه‌ریج ببه‌ستین و لێكدانه‌وه‌كه‌ی میر جه‌لاده‌تیش به دووربگرین، ته‌نیا به داننان به هه‌بوونی (300) وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردی، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گرمان ده‌كه‌وێته ده‌ست، بۆ سه‌لماندنی بوونی گه‌لی كورد. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری راسته‌قینه‌ش بۆ وشه ره‌سه‌نه دوور له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی كورد نه‌كرابێ.
هه‌روه‌ك وتمان دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی كوردی له جۆری ئاری و زمانه خۆ گونجێنه ساناكان داناوه كه به نه‌رمونیانی ده‌ناسرێته‌وه و به ئاسانیش توانای توانه‌وه‌ی وشه‌ی بیانی تێیدا ده‌بینرێ. بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی نوێی كوردی لێدابڕێژرێت (من له‌و روانگەیه‌وه بۆچونێكی تایبه‌تیم هه‌یه كه له داهاتوو ده‌یخه‌مه‌ڕوو). به‌ڵام به بڕوای دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی توركی زمانێكی ناوه‌ندییه و له توانایدا نییه هه‌مان كاردانه‌وه‌ی تێدا به‌رجه‌سته بێت. له به‌رامبه‌ر زمانی عه‌ره‌بیشدا به درێژی ده‌دوێت و ده‌ڵێت : "هه‌رچه‌نده زمانی عه‌ره‌بی ئاری نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زمانی كوردی له نه‌رمی و خۆگونجاندا یه‌ك ده‌گرێته‌وه و كورد ده‌توانێت وشه‌ی عه‌ره‌بی له نێو زمانه‌كه‌یدا بتوێنێته‌وه و وشه‌یه‌كی دیكه‌ی له نوێوه لێدابڕێژێته‌وه". له دوایدا زۆر وشه‌ی كوردی هێناوه‌ته‌وه كه له ره‌سانایه‌تییه‌وه عه‌ره‌بین بۆ نمونه وشه‌یcivat كه له وشه‌ی (جماعه cimat) ی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراوه، به‌ڵام له كوردیدا (m) گۆراوه به (v) و وشه‌كه بۆتهcivat .
سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان زمانی كوردی له‌گه‌ڵ زمانی فارسیشدا كه تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ریاندا به‌رده‌وامه، دكتۆر ده‌ڵێت : "ئه‌و دوو زمانه زۆر لێك نزیكن كه زۆر ئاساییه مرۆڤ بڵێت ئه‌وانه دوو شێوه‌زاری سه‌ر به‌یه‌ك زمان بن". له دوایدا دكتۆر ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێ زمانی كوردی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌و وته‌یه دێنێته‌وه كه په‌یامبه‌ری تورك (زیا‌و كوك ئالب به‌گ) كاتی خۆی وتویه‌تی : "زمانی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانی رۆژهه‌ڵاتییه، به زماتی عه‌ره‌بیشه‌وه".
له‌به‌ر گرنگیپێدانی دكتۆر جه‌لاده‌ت له ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌یدا به زمانه‌وانی، ئێمه‌ش بایه‌خێكی زۆرمان پێدا، ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه میر جه‌لاده‌ت ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌رقاڵی ساغكردنه‌وه‌ی وشه كوردییه‌كان بووه و یه‌كه‌م كه‌سیش بووه ئه‌لف و بێی لاتینی كوردی داڕێشتووه.
له پاش ئه‌وه باس له لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی نامه‌كه ده‌كه‌ین، له شوێنێكی دیكه‌دا مه‌به‌ستی وڵاته به‌هێزه‌كانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به توركیا، ئاوا بۆ مسته‌فا كه‌مال باس ده‌كات : "وڵاتانی زلهێزی ئه‌وروپایی ده‌یانه‌وێت توركیا له ئاسیا و ده‌ورووبه‌ری رووسیا به‌دوور بگرن". له كۆتایی نامه‌كه‌شیدا سه‌رسوڕمانی خۆی بۆ ئه‌تاتورك ده‌رده‌بڕێ كاتێك باس له هه‌وڵی له‌ناوبردنی گه‌لێك ده‌كات كه خاوه‌نی سه‌رجه‌م روخسار و بنه‌ماكانی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیانن. سه‌رسوڕمانیه‌كه‌ی دكتۆر له گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی هه‌ڵقوڵاوه كه تێیدا هاتووه :"له ولایه‌تی كالیفۆرنیا خێڵێك له خێڵه‌كانی هیندییه سووره‌كان ته‌نیا ژنێكی ته‌مه‌ن نەوەت ساڵه و پیاوێكی سەد ساڵه‌یان مابۆوه، به مه‌به‌ستی شوێن بزرنه‌بوونی ئه‌و خێڵه، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی رێكخراوێكی زانستی نارده شوێنه‌كه بۆ لێكۆڵێنه‌وه له باره‌كی پاشماوه‌ی خێڵه‌كه. رێكخراوه‌كه به‌شه‌و و رۆژ به‌رده‌وام له كار و لێكدانه‌وه دابوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی داب و نه‌ریت و شێوازی ژیانیان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌كه یه‌كه‌ی قسه‌كانی دوو شاهیده‌كه‌ی له‌سه‌ر ریكۆرد تۆماركرد.
ئه‌ی باشه ئێستا ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد چۆن بێت؟ دكتۆر روونكردنه‌وه‌یه‌كی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌خاته به‌رده‌م مسته‌فا كه‌مال و له دوا دێڕی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت : "به بانگه‌وازی ره‌سمی، دانبنێن به بوونی كورد و مێژوو و نه‌ژاد و مافی به‌رده‌وام بوونی ژیانی".
چه‌ند تێبینی و بۆچوون:
1- دیرۆكی نووسینی ئه‌و نامه‌كه ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه به بۆنه‌ی دە ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر دامه‌زراندنی كۆماری توركیا و بڕیاردانی لێبوردنی گشتییه‌وه نه‌بێت.
2- ئایا نامه‌كه گه‌یشتووه‌ته ده‌ست ئه‌تاتورك یان نا؟ به چ شێوه‌یه‌ك؟ ئایا له شوێنێكی دیكه‌ی وه‌ك گۆڤار و رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه؟ له راستیدا یه‌كه‌م لێپرسراو له‌به‌رده‌م راستی نامه‌كه وه‌رگێڕی بابه‌ته‌كه خوالێخۆشبوو ره‌وشه‌ن به‌درخان و ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی دلاوه‌ر زنكی یه.
3- هه‌ر كه‌سێك زۆر یان كه‌م له‌سه‌ر كوردی نوسیبێ له هه‌ر سه‌رده‌مێك، میر جه‌لاده‌ت له باسكردنی كوردستانی لكاو به سوریا، خۆی به دوورگرتووه و هۆیه‌كه‌شی ره‌نگبێ بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه خۆی له سوریا جێ‌نشین ببوو.
4- بۆچوونێكی گرنگم له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی نامه‌كه هه‌یه كه تایبه‌ته به زمانه‌وانی، دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی كوردی به ئاری به‌ستووه‌ته‌وه، كه‌چی زیاتر پێی له‌سه‌ر وشه به كوردی كراوه‌كاندا گرتووه. به بڕوای من ئه‌و ته‌نیا لایه‌نه لاوازه‌كانی زمانه شیرینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌مانی ده‌ربڕیووه. هه‌رچه‌نده ئێمه زۆر چاك له مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ین، به‌ڵام چاكتر وابوو وشه كوردییه ره‌سه‌نه‌كانمان به نموونه بۆ بێنێته‌وه نه‌ك وشه داڕێژراوه عه‌ره‌بییه‌كان. هه‌رچه‌نده ئاماژه‌شی بۆ كردوون، به‌ڵام هیچ نمونه‌یه‌كی ریزنه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر بڵێین كوردی و عه‌ره‌بی هه‌ردووكیان ئاسان و نه‌رمن و كوردی و فارسیش دوو شێوه‌زاری یه‌ك زمان بن، هه‌روه‌ك دكتۆر ئاماژه‌ی بۆ كردووه و زمانی كوردیش سه‌ر به زمانه‌كانی ئاری بێت، كه‌واته له زمانه‌كانی ئه‌ڵمانی و یۆنانی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی زۆر نزیك ده‌بێته‌وه. بەو پێیه دوورنییه له داهاتوودا شۆڤینییه‌ك به پشت به‌ستن به بۆچوونه‌كه‌ی دكتۆر جه‌لاده‌ت، وشه كوردییه‌كان بۆ سه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌و جۆره زمانانه بگێڕێته‌وه.
سه‌رچاوه : گۆڤاری (الحوار) هه‌ردوو ژماره‌ی (18 – 19) زستان و به‌هاری 1997 – 1998
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.