سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: 67 پڕۆژەی دیكەیان لە ھەرێمی كوردستان راگەیاندووە و بڕیارە بەپەلە دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت، چونكە چەند ساڵێكە بە ھۆی رۆتینەوە جێبەجێ نەكراون، دەشڵێ: ئێمە مۆڵەتیان پێ دەدەین كاری خۆیان بكەن و دواتر رێكارەكان جێبەجێ بكەن.
دكتۆر محەمەد شوكری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاندووه: نووسراومان بۆ ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمان كردووە، كە 67 پڕۆژەمان راگەیاندووە و پەلە بكەن لە مۆڵەتدان بەو كەسانەی ئەنجامیان دەدەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات مۆڵەت وەربگرن و پڕۆژەكان بكەونە كار.
گوتیشی: ئەم پڕۆژانە، ئەوانەن كە لە ساڵی 2017 پێویست بوو ئەنجام بدرێن و بە ھۆی رۆتینەوە دواكەوتوون، بۆیە ئێستا دەمانەوێت بەپەلە ئەنجامیان بدەین.
ڕوونیشی كردەوە: دەرفەت بەو كەسانە دەدەین كاری خۆیان بكەن و دواتر رێكارەكان دەگرینە بەر ئەوەی پێویست بێت لە ڕووی یاساییەوە، چونكە پڕۆژەكان زۆر دواكەوتوون.
دەشڵێ، پڕۆژەكان زیاتر پیشەسازی و كشتوكاڵی و تەندروستین و بڕیارە كۆمەڵێك وەبەرھێنەر ئەنجامیان بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.