Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 11:06

گه‌رمای هاوینی ئه‌مساڵ كورت ده‌بێت و بارانیش زوو ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی ئاشكرای كرد كه‌ هاوینی ئه‌مساڵ جیاواز له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو، كه‌شوهه‌وا زۆر گه‌رم نابێت و كورتخایه‌ن ده‌بێت، هه‌روه‌ها وه‌رزی بارانبارینی پایزیش زوو ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به‌ كه‌شوهه‌وای چه‌ند رۆژی داهاتوو گوتی: لە ماوەی دوو رۆژی داھاتوودا بەھۆی زیادبوونی کاریگەریی بارستە ھەوایەکی گەرمەوە، پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ده‌بینن، به‌ڵام لە رۆژی دووشەمەوە کاریگەرییه‌كه‌ کەم دەبێتەوە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنکی دەریای ناوەراست کە تا رۆژی چوارشەم بەردەوامی ئەبێت، هه‌روه‌ها بەراورد بە مەودای یەکەم پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە نزم ده‌بنه‌وه‌.

گوتیشی: مەودای سێیەم جارێکی دیکە لە رۆژی 8 تا رۆژی 12ی ئه‌م مانگه‌  ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ھەوایەکی گەرم و شێداره‌وه‌ کە دووبارە کاریگەری ئەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

هه‌روه‌ها گوتی: لەم مەودایە به‌تایبه‌ت له‌ رۆژانی 10 و 11ی مانگ بەھۆی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆكانی زەریای ئەتڵەسی بۆ سەر دەریای ناوەراست، ئەگەری دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی لاواز دەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکان، ئەمەش ئەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورەبروسکە و تاوەباران و بە ڕێژەی جیاواز و ھەڕەمەکی.

ئاراس جه‌بار ئاماژه‌شی دا: بە گشتی دوای رۆژی 12 تا 20ی ئه‌م مانگه‌ ئەم مەودایەش بە زۆری ناوچەکانمان بە دوور ئەبێت لە شەپۆڵی گەرما و زیاتر کەشی ناوچەکە لەژێر کاریگەری درێژبوونەوەی ئەو بارستە ھەوا فێنکانە ئەبێت کە لە دەریای ناوەراستەوە چالاکن.

شاره‌زاكه‌ی كه‌شناسی ڕاشیگه‌یاند: ئەم مانگە پلەکانی گەرما زۆر بەرز نابێتەوە و ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو نابێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ وەرزی ھاوینی ئه‌مساڵیش بە ھەمانشێوە جیاوازی ده‌بێت لە ساڵانی رابردوو و ماوەی شەپۆڵەکانی گەرما کەمتر ئەخایەنێت و وەرزی بارانیش زووتر لە وادەی خۆی دەست پێ دەکاتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.