Erbil 15°C چوارشەممە 08 ئایار 02:50

ژمارەی گۆڵەکانی مێسی لە ژیانی وەرزشی یانەکەی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا گەیشتە 800 گۆڵ

کوردستان TV
100%


شه‌وی رابردوو لە یاری نێوان هەڵبژاردەکانی ئەرژەنتین و پاناما، ئەرجەنتین بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی بردەوە و بەمەش ژمارەی ئەو گۆڵانەی کە لیۆنێل مێسی لە ژیانی وەرزشی یانەکەی و هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا تۆماری کردووە، گەیشتە 800 گۆڵ.

دوای ئەوەی لە خولەکی 78ی یارییەکەدا یاریزان، تیاگۆ ئالمادا گۆڵی یەکەمی بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین تۆمار کرد، لە خولەکی 89دا مێسی گۆڵی دووەمی تۆمار کرد، بەمەش ژمارەی ئەو گۆڵانەی ئەو یاریزانە ئەرژەنتینییە تا ئێستا تۆماری کردووە، گەیشتە 800 گۆڵ.

مێسی دوای یارییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: دەمەوێت سوپاسی ئەو خۆشەویستییەتان بکەم کە نەک تەنها دوای جامی جیهانی، بەڵکو لە کاتی جامی ئەمریکای باشوور (کۆپا ئەمریکا)شدا بە منتان بەخشی. گوتبوومان کە هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەم جامە.

بەگوێرەی فێدراسیۆنی مێژوو و ئامارەکانی تۆپی پێی نێودەوڵەتیی، مێسی لە دوای ئەستێرەی تۆپی پێی پرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 38 ساڵ، دووەم یاریزانە کە توانیبێتی 800 گۆڵ تۆمار بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆناڵدۆ لە کانوونی یەکەمی 2021 ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 800گۆڵ.

- 672ی گۆڵەکان بۆ بارسێلۆنا بوون

لیۆنێل مێسی تەمەن 35 ساڵ کە 17 ساڵی ژیانی وەرزشی خۆی بە یاریکردن لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەسەربردووە و لە میانی بەشداریکردنی لە 778 یاری یانەکەدا 672 گۆڵی تۆمار کردووە.

لە هاوینی 2021دا مێسی چووە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانەوە و تا ئێستا 30 گۆڵی بۆ ئەو یانە فەڕەنسییە تۆمار کردووە.

بۆ یەکەمجاریش لە میانی جامی جیهانی قەتەر 2022دا توانی جامی جیهانی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرژەنتین بەرز بکاتەوە و بە تۆماکردنی حەوت گۆڵ لە میانی یارییەکانی مۆندیالدا، ژمارەی ئەو گۆڵانەی کە تا ئێستا بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین تۆماری کردووە گەیشتە 99 گۆڵ.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.