Erbil 22°C شەممە 23 تشرینی دووەم 15:55

عێڕاق چاوی بریووه‌ته‌ گازی سروشتی هه‌رێمی کوردستان

عێڕاق و هه‌رێم له‌ گفتووگۆدان له‌سه‌ر به‌رهه‌می گازی سورشتی كوردستان
گازی سروشتی هه‌رێم
کوردستان TV
#8
100%

بۆ دابینكردنی وزه‌ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ حكومه‌تی عێڕاق بڕێكی زۆری گازی سروشتی له‌ ئێران هاورده‌ ده‌كات كه‌ دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ دوا ڕۆژی هاورده‌كردنی بوو، ئێستا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ڕۆژانه‌ی چاوی بریوه‌ته‌ به‌رهه‌می گازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی غازی سروشتی دەتوانێت ئەو كەمیی بودجەیەی پڕ بكاتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت تووشی بووە، پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت، گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەسەر غاز هەیە، شاره‌زایانی ئابووریش پێیان وایه‌ كوردستان دەتوانێت غاز وەك كارتێك بەرامبەر بەغدا بەكار بهێنێت.

گولیزار ڕەشید سندی جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، به‌ كوردستان تیڤی ڕاگەیاند، توانای غازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان دەتوانێ ببێتە جێگرەوەی نەوت چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی به‌ره‌و‌ پێشه‌وه‌ ڕۆیشتووه‌ به‌جۆرێك ئێستا ڕۆژانه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی دووسه‌د و په‌نجا ملیۆن مه‌تر سێجای هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ بڕێكی باشی لێ بفرۆشرێت و هه‌نارده‌ بكرێت هه‌ركاتێك ده‌ست به‌ فرۆشتن بكرێت به‌پێی خواست ده‌تواندرێت ڕێژه‌كه‌ زیاتریش بكرێت.

روونیشیكردەوە، نرخی نەوت لە بازاڕی جیهان دابەزییە و خواستی لەسەر نییە، بەڵام خواست و نرخی غاز لە جیهاندا هەر وەك خۆی ماوەتەوە، ئێستاش حكوومەتی عێراق پێویستی بە غازی كوردستانە چونكه‌ تا دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ كه‌ دوا ڕۆژی هاورده‌كردنی گازی سروشتی ئێران بوو عێڕاق ڕۆژانه‌ بری 28 ملیۆن مه‌تر سێجا گازی سروشتی عێڕاقی هاورده‌ ده‌كرد كه‌ به‌و بره‌ش 2500 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنێت له‌ وه‌رزی هاوینیش كه‌ پله‌ی گه‌رما له‌ عێڕاق ده‌گاته‌ 50 خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیاتر ده‌بێت بۆیه‌ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر فرۆشتنی گازی سروشتی ڕێككه‌وین.

دووپاتیكردەوە، عێراق چاوی لە غازی سروشتی كوردستانە هەردوو حكوومەت لەو بارەوە لە گفتوگۆدان. "غازی سروشتیی كوردستان ئومێدێكی گەورەیە بۆ هەڵسانەوەی ئابووری كوردستان و بەردەوام پەرەپێدان بەغازی سروشتی بەروەپێشەوە دەڕۆین.

شاره‌زایه‌كی ئابووری جیهانی و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی به‌رهه‌می گازه‌كه‌ی ده‌توانێت داهاتێكی باش ده‌سته‌به‌ر بكات، سالار سیوه‌یلی، شاره‌زای ئابووری و نه‌وت و گازی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا له‌ كەرتی غاز قه‌باره‌ی داهاته‌كه‌ی نزیك بووه‌ته‌وه‌ لە ده‌ ملیار دۆلار.

ئه‌و شاره‌زایه‌ باسی كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو كێڵگەی گرنگی غازی سروشتی هەیە و لە سلێمانیش هەردوو كێڵگەی چەمچەماڵ و خۆرمەڵە هەیە كه‌ زیاتر بۆ دابینكردنی غازی ناوخۆ بەكاردێت، بەڵام هەردوو كێڵگەی میران و بنەباوی لە دەشتی هەولێر زیاتر بۆ هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان كاری لەسەركراوە. بۆیه‌ ئەگەر هەرێمی كوردستان دەستبكات بە هەناردەكردنی غازی سروشتی سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگی دەبێت بۆ جێگرەوەی نەوت.
 

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.