Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 16:13

خـــــــــه‌ون و بـــــــــاران

بۆنی رۆحتمان بۆدێنێ
کوردستان TV
100%

ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ دامه‌خه‌

با تابڵۆی ئه‌و دیوی ژیان و مردن ببینین

عه‌یامێكه‌ ....

بۆنی باران و بۆنی غه‌ریبی

هه‌ست و نه‌ست و نیگای دیدارتی له‌ده‌ست داین !

(٢)

ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ دامه‌خه‌

له‌دووری دووره‌وه‌ش بێ

نه‌رمه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ت ده‌ناسمه‌وه‌

به‌یه‌ك نیگات

یادگه‌م پڕ ده‌بێت له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ

(٣)

ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ دامه‌خه‌

كه‌باران ده‌بارێ

بۆنی رۆحتمان بۆدێنێ و

به‌خه‌ونه‌یاد دێیه‌وه‌ لامان

ته‌ڕتر له‌باران

سكێچی عومرمان پڕ ده‌كه‌ین له‌به‌خته‌وه‌ری

(٤)

له‌گه‌ڵ باران بارین

به‌یادو خه‌یاڵی تۆ

چه‌تر فرێده‌ده‌م

خه‌ڵكی ده‌ستێكیان چه‌تر و ده‌ستێكیان له‌ گیرفان

من و تۆش ده‌ست له‌ناوده‌ست

(٥)

به‌ر له‌وه‌ی له‌ماڵی خه‌ون و باران پێتبگه‌م

له‌ ڕێگادا پڕ ده‌بم له‌یادگاری تۆ

كه‌چی كه‌ پێت ده‌گه‌م

له‌به‌ر گریان و ماچ باران

هیچ شتێكم له‌بیرنامێنێ .. نا

 

(٦)

كه‌ له‌ وێستگه‌ی خه‌ون و باران پێكده‌گه‌ین

هێنده‌ له‌یه‌ك ڕاده‌مێنین

هه‌موو شتێكمان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌

بۆیه‌ جیا له‌هه‌موو حه‌زه‌ دونیاییه‌كان

حه‌زم له‌ نوستنی ئه‌به‌دی لای تۆیه‌ !

(٧)

شه‌وان به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ لات

ناخم پڕده‌كه‌م له‌ حیكایه‌تی دوای مه‌رگ

كه‌چی له‌تاسه‌ی دیدارت

له‌ ئاستت كڕ و بێده‌نگ ده‌بم

هیچ شتێ نابیستم

ته‌نیا ووشه‌ی( برام ) نه‌بێ !

(٨)

كه‌ خه‌ون و باران تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن

ده‌مه‌وێ ته‌قه‌ڵی خه‌م و فیراق هه‌ڵوه‌شێنمه‌وه‌

له‌سه‌ر قوماشی غه‌ریبی

پاكی رۆحت بدوورمه‌وه‌

(٩)

له‌وه‌ته‌ی جێتهێشتوین

ووشكه‌ ساڵی ڕووی تێكردوین

هیچ شتێ بۆ سێبووری دڵ فایده‌ی نیه‌ !

ته‌نیا به‌خه‌ونه‌ باران نه‌بێ

ئومێده‌كانمان ته‌ڕده‌بێت و خۆزگه‌كانمان ده‌بێ به‌ (ئۆخه‌ی)

(١٠)

له‌ باران دا ده‌بی به‌خه‌ونی سپی

له‌خه‌ونی سپیش ده‌بی به‌باران

له‌نێوان باران و خه‌ون دا

بووی به‌جوانترین یادگاری

ئه‌ی پیاوی سولح و سێبووری

(١١)

له‌وه‌ته‌ی ته‌سلیمی خاكمان كردی

مه‌غریبان سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌م

له‌گه‌ڵ هه‌ر دڵۆپه‌ بارانێك

هه‌ست به‌ترپه‌ی دڵت و نه‌مری رۆحت ده‌كه‌م

ئه‌ی شه‌كره‌ برا

ن/ ئاری ئاغۆك

٢٠-١-٢٠٢٠

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.