Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:52

شانۆی شه‌قامی ئێمه‌ له‌ دووڕیانێکی دژواردا

یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی شانۆی شه‌قام به‌ركه‌وتنه‌ له‌گه‌ل بینه‌رو جه‌ماوه‌ر
کوردستان TV
100%

"شانۆی شه‌قام و سیمای شار"

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ دان به‌ ئه‌وه‌دا بنێم كه‌ بوونی شانۆی شه‌قام له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌، دیارده‌یه‌كی یه‌كجار گرنگ و ئه‌رێنییه‌و ده‌بێ له‌ھه‌موو رووێكه‌وه‌ پشتگیری بكرێت و ھه‌وڵبدرێت به‌رده‌وامی پێبدرێت و پانتایی زیاتری به‌ركه‌وێت، ئه‌م نوسینه‌و ھه‌موو ئه‌و نوسینانه‌ی كه‌ پێشتر و دواتر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌ ده‌نووسرێن، فاكته‌رێكن بۆ باشتر ئاشنابوونمان به‌م شانۆییه‌و كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قام و باخچه‌و پاڕك و شوێنه‌ گشتییه‌كانی ئێمه‌، ھه‌میشه‌ به‌م ته‌رزه‌ نمایشانه‌ ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌و شانۆی شه‌قام ببێته‌ بڵندگۆیه‌كی ساده‌ بۆ به‌ركه‌وتنی شانۆكارو بینه‌ر له‌نێو پڕۆسه‌یه‌كی ھونه‌ری پڕاوپڕ له‌ جوانی و داھێنان، بۆیه‌ راشكاوییمان له‌م نوسینانه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ھه‌وڵ و ماندووبوون و توانای ئه‌م شانۆكارانه‌ به‌كه‌م بگرین كه‌ تائێستا له‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌ كار ده‌كه‌ن و ھه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌م ھونه‌ره‌وه‌ نزیك بن له‌ خه‌ڵكی ساده‌و ئاسایی ئه‌م وڵاته‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ھه‌موو ئه‌م نوسینانه‌ بۆ بره‌ودان به‌م ته‌رزه‌ نمایشه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی تێگه‌یشتنێكی باشتر له‌ بنه‌ماو فۆرم و بونیادی شانۆی شه‌قام، بۆ ئه‌وه‌ی ھاوكاربین له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ھونه‌ری و جوانكاری و داھێنانی ئه‌م ته‌رزه‌ نمایشه‌و گرێدانی په‌یوه‌ندی باشتر له‌نێوان شانۆكارو بینه‌رو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م نمایشانه‌ به‌سه‌ر ھزری ده‌سته‌جه‌معی كۆمه‌ڵگاو ھه‌وڵدان بۆ یارمه‌تیدانی تاك و كۆمه‌ڵ بۆ تێگه‌یشتن و درككردن به‌ بنه‌ماكانی ھاوڵاتیبوون و ناسینی ئه‌رك و مافه‌كانی له‌ رێگه‌ی یه‌كێك له‌ جوانترین فاكته‌ره‌كانی گه‌یاندن، ئه‌ویش شانۆی شه‌قامه‌.

بوونی فیستیڤاڵه‌كانی شانۆی شه‌قامی ده‌ربه‌ندیخان و دواتریش فیستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی كه‌ركوك، ئومێدی گه‌وره‌ به‌ ھه‌مووان ده‌به‌خشێت كه‌ ئه‌م فیستیڤاڵانه‌ سه‌رباری كه‌موكوری و كێشه‌و ئاریشه‌ی بوون و شێوه‌و به‌رده‌وامییان، به‌ڵام دوو رووبه‌ری گرنگن بۆ پێشكه‌وتن و باشتركردنی پانتایی ئه‌م ھونه‌ره‌ له‌ كوردستان و ده‌بێ پشتیوانی و پشتگیری بكرێن و به‌ ره‌خنه‌ی بێ بنه‌ماو قسه‌ی گه‌وره‌و پڕ باق و بریق بچووك نه‌كرێنه‌وه‌و بێ به‌ھا نه‌كرێن، ھه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م فیستیڤاڵانه‌ وه‌ك دوو رووداوی گه‌وره‌ له‌ كوردستان نابینن، ده‌بێ له‌ كاتی فیستیڤاڵه‌كان سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخان و كه‌ركوك و ھه‌موو ئه‌و گرووپانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ فیستیڤاڵ به‌شدارن، تا بزانن فیستیڤاڵ چ گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له‌ عه‌قڵیه‌ت و روانینی شار دروستكردووه‌و چ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ به‌ركه‌وتن و جیاواز بوون و یه‌كتر قه‌بوڵكردن و به‌ركه‌وتنی ئیجابی دروستكردووه‌، بۆیه‌ ده‌ربه‌ندیخان پێش فیستیڤاڵ شارێكی جیاوازه‌ له‌ ئێستای دوای فیستیڤاڵ، ئه‌مه‌ به‌ڕوونی به‌ روخساری شاره‌وه‌ ده‌بینرێت و ده‌خوێندرێته‌وه‌، ھه‌روه‌ھا كه‌ركوكیش ده‌بێ وابێت، له‌وه‌ش گرنگتر له‌رووی بینای كاره‌كته‌ری شاره‌وه‌ ده‌بینین چه‌ند به‌ڕوونی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رووداوێكی وا گه‌وره‌ له‌ شاره‌كه‌یان رووده‌دات، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر دروستكردنی كاره‌كته‌ری ئه‌م شاره‌وه‌ ده‌بێت و واده‌كات ئینتیما بۆ ده‌ربه‌ندیخان و ناوچه‌كه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ كاره‌كته‌ری تاكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، ئه‌مه‌ش ھه‌سته‌وه‌ری نیشتماندۆستی و خاكپه‌رستیمان ده‌جولێنێت و واده‌كات تۆزێك له‌و ته‌وژمه‌ی بێ به‌ھاكردنی نیشتیمان فه‌رامۆش بكه‌ین كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ ھه‌موومان ده‌سته‌مۆ ده‌كات.

Ktv

من نامه‌وێ جارێكی تر باس له‌ به‌ھای شانۆی شه‌قام و فیستیڤاڵی شانۆی شه‌قام بكه‌م له‌ رووی ئابووری و كه‌ڵتووری و گه‌شت و گوزارو به‌ركه‌وتنی جیاوازدا، بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌و فیستیڤاڵانه‌ ده‌یخوڵقێنن كارێكی ئاسان و ئاسایی نییه‌و سه‌خته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پانتایی فیستیڤاڵ فه‌راھه‌م بكرێت، بۆیه‌ ده‌ستگرتن به‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌و فیستیڤاڵه‌كانی ئه‌ركێكی گرنگه‌و ده‌بێ ھه‌موومان شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ین و ھه‌وڵبده‌ین رووبه‌ری ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ فراوانتر بكرێت و ده‌ربه‌ندیخان و كه‌ركوك ببن به‌ نمونه‌ی ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان و رێزگرتن له‌ ئه‌ویتری جیاواز، ھیچ ھزرێك و زانستێك و ھونه‌رێك ناتوانێت پێشبكه‌وێت و بره‌و به‌خۆی بدات ئه‌گه‌ر ھه‌وڵنه‌دات له‌ روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌ خۆی بڕوانێت و دیدگای جیاواز په‌سه‌ند نه‌كات، ھه‌موو ئه‌و ھزرو گوتارو وێنه‌ ھونه‌رییانه‌ی كه‌ ناتوانن جیاوازبوون په‌سه‌ند بكه‌ن، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌مردوویی له‌ دایكبوون و توانای مانه‌وه‌یان نییه‌، بۆیه‌ ھه‌ر كاتێ جیاوازی له‌ بۆچوون و دیدگاو ته‌رح و تێڕوانین ھه‌بوو، ئه‌و كاته‌ ده‌بێ ئومێدمان ھه‌بێت كه‌ داھاتوومان روونه‌و رێگه‌ راسته‌كه‌مان گرتووه‌.

"نمایش و شانۆی شه‌قام"

من پێموایه‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك چه‌مك و بنه‌مای كۆنكریتی له‌ كرداری دروستكردنی شانۆی شه‌قامدا، كێشه‌ی زۆری بۆ بینه‌رو شانۆكارانی شه‌قام دروستكردووه‌و ھه‌میشه‌ پانتایی و رووبه‌ری گه‌وره‌ی دیالۆگی شانۆكاران له‌وه‌ چڕ ده‌بێته‌وه‌، ئاخۆ ئه‌م نمایشه‌ شانۆی شه‌قامه‌و بونیادو بنه‌ماكانی شانۆی شه‌قامی تێدایه‌ یان نا، ھه‌میشه‌ وافێركراوین شانۆی شه‌قام كۆمه‌ڵێك یاساو رێسای كۆنكریتی ھه‌یه‌و ده‌بێ شانۆكارو بینه‌ر پێوه‌ی پابه‌ند بین.

ئه‌گه‌ر سه‌یری رووبه‌ری ده‌ره‌وه‌ی ھۆڵه‌ كلاسیكیی و ته‌قلیدییه‌كانی شانۆ بكه‌ین، ده‌بینین له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م رووبه‌ره‌ كه‌ شه‌قام یا پاڕك یا بازار یا مۆڵ یا گه‌راج و ھه‌ر پانتاییه‌كی تر له‌خۆده‌گرێت و فۆرمی شانۆی ئیتالی یا ھه‌ر شێوازێكی تری سته‌یجی ئاسایی شانۆی نییه‌، ھه‌میشه‌ نمایشی جۆراو جۆر، به‌ مه‌به‌ست و ئامانجی تایبه‌ت تیادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆ نمونه‌ له‌ شه‌قامێك كه‌سێك تابلۆ ده‌كێشێت، یه‌كێكی تر یاری سیحری پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌ویتر خه‌ریكی نمایشكردنی جۆرێكه‌ له‌ سه‌مای رۆژھه‌ڵاتی یا رۆژئاواییه‌، دانه‌یه‌كی تر خه‌ریكی سێرك و ئه‌كرۆبات و یاری پاڵه‌وانێتییه‌، ھه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین ته‌رزی تر، ته‌نھا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ شه‌قام پێشكه‌ش ده‌كرێن و كه‌سێك یا زیاتر وه‌ك نمایشكار رۆڵی تیادا ده‌بینێت، نابێت به‌ شانۆی شه‌قام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرنگترین ره‌گه‌ز كه‌ پێویسته‌ له‌ شانۆدا ھه‌بێت و له‌م نمایشانه‌ نییه‌، بونیادی درامی نمایشه‌، لێره‌ شانۆ ھیچ جۆره‌ بنه‌مایه‌كی درامی نییه‌و په‌یام و مه‌سجێكی ھزری و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی ھه‌ڵنه‌گرتووه‌ كه‌ مه‌به‌ستی بێت به‌ بینه‌ری بگه‌یه‌نێت، نمایش لێره‌دا له‌وه‌ ه‌تێپه‌ڕ ناكات كه‌ كارێكی پیشه‌ییه‌ و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی لێی پاره‌په‌یداكردن و دابینكردنی بژێوی ژیانه‌، نمایشكار ته‌نھا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات چێژ به‌ ئاماده‌بووان ببه‌خشێت و دڵخۆشیان بكات بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی پێبده‌ن، بۆیه‌ ھه‌رچه‌نده‌ ئه‌م نمایشانه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌ شانۆی شه‌قامیش بچن له‌ رووی جوله‌و بوونی ئه‌كته‌ری نمایشكارو به‌كاربردنی موزیك و ماسك و سه‌ماو گۆرانی، به‌ڵام له‌ گه‌وره‌ترین ره‌گه‌ز بێبه‌شن ئه‌ویش دراماو به‌ركه‌وتنی درامییه‌ له‌گه‌ل بینه‌ر، به‌ركه‌وتنی بینه‌ر له‌گه‌ل نمایشێكی شه‌قام و شانۆیه‌كی شه‌قام ته‌واو جیاوازه‌، بینه‌ر له‌ یه‌كه‌مدا ره‌گه‌زێكی ناكارایه‌و له‌ژێر كاریگه‌ری پاڵه‌وانی نمایش و ئه‌تمۆسفیرو فه‌زای نمایشه‌، له‌وه‌ی دووه‌م بینه‌ر ره‌گه‌زێكی كارایه‌و به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ل نمایش به‌ركه‌وتنێكی دووانه‌ییه‌و ھه‌ردووكیان ده‌توانن كاریگه‌ر بن به‌وه‌ی تریانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش دروستده‌كات ته‌نھا چێژ و خۆشی نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی ئینسانی كۆمه‌ڵایه‌تی قوڵه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ھزرو بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراو داڕێژراوه‌ كه‌ تیاییدا به‌ركه‌وتن دروستده‌كات و شێوازی تازه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رھه‌م دێنێت، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین ھه‌موو شانۆیه‌كی شه‌قام نمایشی شه‌قامه‌، به‌ڵام ھیچ كات ناتوانین سیفه‌تی شانۆیی به‌و نمایشانه‌ی شه‌قام ببه‌خشین كه‌ داماڵراون له‌ دراما و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌ دروست ناكه‌ن كه‌ مرۆڤ به‌ ھونه‌ری شانۆوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

لێره‌دا ده‌رفه‌ته‌ كه‌ بڵێم من ھه‌موو ئه‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ھۆڵه‌ ته‌قڵًییدییه‌كان نمایش ده‌كرێن به‌ نمایشی شانۆی شه‌قام و فه‌زای كراوه‌یان ده‌زانم و بۆ منیش گرنگ نییه‌ ئاخۆ ئه‌و نمایشه‌ ده‌توانرێت به‌ ھه‌مان فۆرم له‌ نێو ھۆڵێكی شانۆیی پێشكه‌ش بكرێت یان نا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ پێوه‌ر ، ئه‌وه‌ زۆرێك له‌و نمایشانه‌ی كه‌ له‌نێو ھۆڵیش پێشكه‌ش ده‌كرێن، زۆر به‌ ئاسانی بێ ئه‌وه‌ی ھیچ گۆرَانكارییان تێدا بكرێت، ده‌كرێت له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان پێشكه‌ش بكرێن، پرسه‌كه‌ ته‌نھا په‌یوه‌ندی به‌ كرداری دراماتۆرگییه‌وه‌ ھه‌یه‌ كه‌ كاتێك تێكستێك بۆ شه‌قام ئاماده‌ ده‌كرێت ده‌بێ له‌ڕووی فۆرم و بونیادی درامی و ته‌رحی فكرییه‌وه‌، چی له‌به‌ر چاو بگرێت و گرنگی پێبدات و كاری له‌سه‌ر بكات، ئه‌و فۆرم و ھزرانه‌ش چین كه‌ ده‌كرێت فه‌رامۆشیان بكات و بایه‌خییان پێنه‌دات چونكه‌ له‌ شه‌قامدا ناتوانن وه‌زیفه‌ی دیاریكراو جێبه‌جێبكه‌ن.

نمونه‌ی زۆریش له‌وباره‌وه‌ ھه‌ن و له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی دونیا تێكسته‌ كلاسیكییه‌كانی شانۆی جیھانی له‌ شه‌قام نمایشكراون دوای ئه‌وه‌ی له‌رێی كرداری دراماتۆگییه‌وه‌ بۆ شه‌قام ئاماده‌ ده‌كرێن، ئێمه‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێٍستا نمایشی مه‌لی ده‌ریای چیخۆفمان بینی كه‌ له‌ فۆرمی یاری ئه‌كرۆبات و یاری ئاگرین و سێرك و جه‌سته‌بازی پێشكه‌شكرا، نمایشه‌كه‌ش توانی ره‌گه‌زه‌ درامییه‌كانی خۆی بپارێزێت و ده‌ستبه‌رداییان نه‌بێت، بۆیه‌ من ھیوادارم له‌مه‌ودوا چاومان له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ ناھونه‌ری و نامه‌عریفییانه‌ نه‌بێت كه‌ شانۆی شه‌قام ده‌خه‌نه‌ نێو گێژاوی كۆمه‌ڵێك كۆت و به‌ندی نامه‌عریفی و ده‌یانه‌وێت خه‌یاڵ و داھێنانی ھونه‌رمه‌ند لغاو بكه‌ن و وه‌ك مادده‌ی بیركاری به‌ یاسای جه‌برو ئه‌ندازه‌ی گرێبده‌نه‌وه‌، تاكه‌ پێوه‌ر بۆ ھه‌ر كارێكی شانۆی شه‌قام، ره‌گه‌زه‌ درامییه‌كان و فۆرم و خه‌یاڵ و داھێنانه‌ كه‌ واده‌كات شانۆی شه‌قام جیاواز بێت له‌ نمایشی شه‌قام.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ خه‌ریكه‌ ته‌رزێكی تری نمایش له‌ فیستیڤاڵه‌كان و ده‌ره‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كانیش به‌نێوی شانۆی شه‌قام نمایش ده‌كرێن كه‌ به‌لای منه‌وه‌ ھیچ په‌یوه‌ستێكیان به‌ شانۆی شه‌قامه‌وه‌ نییه‌ و من ناوم ناوه‌ دیالۆگی شه‌قام كه‌ له‌به‌شه‌كانی دواتر ووردتر له‌سه‌ریان ھه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كه‌م.

Ktv

"دیالۆگی شانۆیی و شانۆیه‌كی بێ خه‌یاڵ"

له‌ به‌شی پێشو ئاماژه‌مان به‌ سه‌رھه‌ڵدانی جۆرێكی نامۆ له‌ نمایشی شانۆیی له‌نێو شه‌قام و پاڕكه‌كانی ئێمه‌دا له‌ ژێر ئه‌دره‌سی شانۆی شه‌قام، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ فیستیڤاڵه‌ شانۆییه‌كانی ئێمه‌ له‌ كوردستان و عێراق پڕن له‌م ته‌رزه‌ نمایشه‌، من ھه‌رچه‌ند سه‌یری ئه‌و نمایشانه‌ ده‌كه‌م ناتوانم رێگه‌ به‌خۆم بده‌م پێشگری شانۆ بخه‌مه‌ پێش كاره‌كه‌یان و به‌ شانۆی شه‌قام ناوزه‌دیان بكه‌م، من پێموایه‌ ئه‌م نمایشانه‌ ده‌كرێت پێیان بووترێت دیالۆگی شه‌قام یا گفتوگۆی شه‌قام یا ھه‌ر ناوێكی تر به‌ مه‌رجێك وشه‌ی شانۆی پێوه‌ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ناتوانم خۆم قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌م نمایشانه‌ به‌ نمایشی شه‌قام یا پێرفۆرمانسی شه‌قام ناو ببه‌م، چونكه‌ خودی پێرفۆرمانس ھونه‌رێكی گرنگه‌و به‌شێوازی جیاواز كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان بكاته‌ سه‌كۆی كۆمه‌ڵێك داھێنانی ھونه‌ری و جه‌سته‌یی بینراو و بیستراو، كه‌ تیاییدا نمایشكار كارێكی تایبه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ توانای كه‌سانی ئاساییدا نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ شه‌قام نمایش ده‌كرێت له‌ژێر ئه‌دره‌سی پێرفۆرمانس و نمایشی شه‌قام، ئه‌گه‌ر شانۆی شه‌قامیش نه‌بێت، كارێكی ھونه‌ری و جوانكارییه‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی داھێنان و دروستكردنی فۆرم و ستایلی تازه‌ بۆ كۆنتاكتكردن له‌گه‌ل بینه‌ر و سه‌رسامكردنی بینه‌ر به‌و توانا ھونه‌رییه‌ داھێنه‌ره‌ی كه‌ لای نمایشكاره‌وه‌ نیشانده‌درێت و له‌بڕی ئه‌وه‌ش نمایشكار بڕێك پاره‌ی له‌ بینه‌ری ئه‌و شوێنه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت.

لێره‌دا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ھه‌ندێك له‌ونمایشانه‌ی كه‌ لێره‌و له‌وێ به‌ناوی شانۆی شه‌قام پێشكه‌شده‌كرێت و داماڵراون له‌ ھه‌ر ره‌گه‌زێكی جیاواز كه‌ كاری ھونه‌ری له‌ كاری ئاسایی رۆژانه‌ی خه‌ڵك جیاده‌كاته‌وه‌، وه‌ك خه‌یاڵ و دیدگای جیاوازو فۆرمی ناباو و ته‌رحی چاوه‌ڕواننه‌كراو و دروستكردن و داھێنانی رێگای تازه‌ بۆ گه‌یاندن و به‌رجه‌سته‌كردنی ھزرێكی سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی یا فه‌رھه‌نگی یا ھه‌ر بابه‌تێكی تر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ھه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ نمایشه‌كان له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت كه‌ دیمه‌نی دووباره‌و سه‌دباره‌ی ژیانه‌و ره‌نگه‌ له‌و ساته‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌ی تیادا پێشكه‌ش ده‌كرێت، سه‌دان له‌و دیمه‌نه‌ ژیانییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌و له‌ جوگرافیای جیاواز رووبده‌ن ، كه‌واته‌ وه‌زیفه‌ی ھونه‌رمه‌ند له‌ كوێی ئه‌و ھاوكێشه‌ ھونه‌رییه‌ جێگه‌ ده‌گرێت كه‌ كارێكی شانۆیی له‌ دیمه‌نێكی كۆپیكراوی ژیانی ئاسایی مرۆڤ جیاده‌كاته‌وه‌.

پرسیاری گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نمایشانه‌ی كه‌ دیمه‌نێكی ئاسایی یا رووداوێكی رۆژانه‌ی ژیان ده‌كه‌ن به‌ نمایشێكی شانۆی شه‌قام و وه‌ك خۆی و له‌ سیاقی ریتمی ئاسایی خۆی وێنای ده‌كه‌نه‌وه‌، چ ئیزافه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ به‌م كاره‌ بووترێت شانۆ، ئایا وێناكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه‌ پێویستی به‌ چ ھونه‌رێكی داھێنه‌رانه‌ ھه‌یه‌ تا ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ پێشكه‌شی بكات له‌ژێر ئه‌دره‌سی ھونه‌ری شانۆ، ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ رووبه‌ره‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ی ژیان رووده‌ده‌ن و ئێمه‌ش به‌ریان ده‌كه‌وین و ده‌یانبینین به‌شێوه‌یه‌كی زۆر راستگۆتر و روونتر له‌وه‌ی كه‌ كه‌سێك باناوی شانۆكار ھه‌وڵی كۆپیكردنی بدات، له‌م كاته‌شدا ئه‌گه‌ر دوو دیمه‌نی ھاوشێوه‌ی یه‌كتر به‌راورد بكه‌ین كه‌ یه‌كێك له‌ رووبه‌ره‌ راسته‌قینه‌كه‌ی ژیاندایه‌و ئه‌ویتر ھاوشێوه‌و كۆپی ئه‌وه‌ به‌ڵام به‌ناوی شانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌وه‌ بێگومان وه‌كو بینه‌ر بێ دوو دڵی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و راسته‌قینه‌كه‌ ھه‌ڵده‌بژێرین و ئه‌وه‌ی دووه‌میش كاڵایه‌كی ساخته‌یه‌ و بازاری له‌سه‌ر ناكه‌ین.

كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ھونه‌رمه‌ند شانۆ بكات و خه‌یاڵی نه‌بێت، دیدگاو تێڕوانینی جیاوازی نه‌بێت، خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و درككردن به‌ پشتی رووداوه‌كان و رووی دووه‌م و سێیه‌می وێنه‌و فۆرمه‌ باوه‌كانی نه‌بێت، ھونه‌رمه‌ند بۆیه‌ پێیده‌ووترێت ھونه‌رمه‌ند و داھێنه‌ر چونكه‌ ده‌توانێت فۆرمێك و ھارمۆنییه‌ك پێشكه‌ش بكات كه‌ له‌ توانای من و تۆ و كه‌سانی ئاساییدا نییه‌، ده‌توانێت شۆكمان بكات، تووشی سه‌رسوڕمان و ھه‌ڵوێسته‌مان بكات، له‌گه‌ل ھونه‌ركه‌ی بمانبات و بمانھێنته‌وه‌، مه‌ستمان بكات و به‌ھۆش خۆشمان بێنیته‌وه‌، ده‌توانێت تووڕه‌مان بكات و بمانخاته‌ گریان و پێكه‌نین و ناچاری ھه‌ڵوه‌سته‌و بیركردنه‌وه‌و تێڕامان و قوڵبوونه‌وه‌مان بكات، ده‌توانێت حه‌زی گه‌ڕان و پشكنین و لێكدانه‌وه‌و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بیناكردنه‌وه‌ له‌ ده‌روونمان سه‌وز بكات و وامان لێبكات به‌ مانا رووكه‌شه‌كان قایل نه‌بین و به‌دوای ده‌یان ماناو لێكدانه‌وه‌ی تازه‌ بكه‌وین، ده‌توانێ وامان لێبكات بپرسین و بترسین و بڕیار بده‌ین و پاشگه‌ز ببینه‌وه‌و پێداگری بكه‌ین و رووبه‌ڕووی خۆمان و كۆمه‌ڵگاو ھه‌موو گه‌ردوون ببینه‌وه‌، ده‌توانێت بمانكات به‌ كه‌سێكی تر، كاره‌كته‌رێكی نێو نمایشه‌كه‌ی، ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ كه‌ ده‌توانێت وامانلێبكات دڵنیا نه‌بین له‌ كاره‌كته‌ری خۆمان، ئه‌رێ ئێمه‌ ھه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ین كه‌ پێش نمایشه‌كه‌ لێره‌ بووین، ھونه‌رمه‌ند ده‌توانێ ئه‌مه‌و زیاتر له‌مه‌ بكات، به‌ڵام كاتێ ده‌توانێ ئه‌مه‌ بكات كه‌ ھونه‌رمه‌ند بێت، جیھانبینی و خه‌یاڵ و ھزرو داھێنانی ھه‌بێت و بتوانێت ژیان له‌ فۆرمێكی تر دابڕێژێته‌وه‌، بتوانێت دیالۆگ له‌گه‌ل ھه‌ست و نه‌ست و یاده‌وه‌ری و ئه‌ندیشه‌مان بكات، ئه‌و جادووكه‌ر نییه‌و ده‌توانێت جادوومان لێبكات، ئه‌و كه‌سێكه‌ ده‌توانێت له‌ نه‌بوونه‌وه‌، بوون و داھێنان دروست بكات.

دروستكردنی نمایشێكی شانۆیی شه‌قام به‌وه‌ مه‌یسه‌ر نابێت دوو یا سێ ئه‌كته‌ر بخه‌یته‌ ناو رووبه‌رێك و باسی بابه‌تێك یا كێشه‌یه‌كی رۆژانه‌ی خه‌ڵك بكه‌ن و ده‌ست بكه‌ن به‌ نه‌سیحه‌ت و خوتبه‌دان به‌رامبه‌ر بینه‌ر، نه‌سیحه‌ت و وه‌عزو خوتبه‌دان وه‌زیفه‌ی ئه‌كته‌ری شه‌قام نییه‌، خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌دیارته‌وه‌ تا پێی بڵێی ئه‌وه‌ راسته‌ و ئه‌وه‌ راست نییه‌، تۆ ده‌توانیت به‌ ھونه‌ره‌كه‌ت وا له‌ بینه‌ر بكه‌یت كه‌ درك به‌وه‌ بكات كه‌ ده‌بێ چی بكات و چی نه‌كات، به‌ڵام كاتێ ھونه‌رت پێ نه‌بوو ناچار ده‌بێ رووبكه‌یته‌ رووبه‌رێكی تر، رووبه‌ری نه‌سیحه‌ت و نه‌سیحه‌تكاری و كوێخوایی به‌سه‌ر بینه‌ره‌وه‌، له‌وه‌ش نامۆتر، رووبه‌ری ھات و ھاوارو ھوتاف و شیعارات و بڕوخێ و بژی.

له‌ به‌شی دواتر زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و رووبه‌ره‌ش ده‌وه‌ستم.

Ktv

"شه‌قام و رووبه‌ری دروشمبازی و گوتاری راسته‌وخۆ"

یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی شانۆی شه‌قام به‌ركه‌وتنه‌ له‌گه‌ل بینه‌رو جه‌ماوه‌ر، ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ش پێویستی به‌جۆرێكی تر گوتاره‌ كه‌ جیاواز بێت له‌گه‌ل ئه‌و گوتاره‌ی كه‌ له‌نێو ھۆڵه‌ ته‌قڵیدییه‌كانی شانۆ، بۆ بینه‌رێكی ته‌قلیدی نمایش ده‌كرێت، شانۆ كه‌ پشت ده‌كاته‌ ھۆڵ و ده‌یه‌وێت له‌ رووبه‌رو جوگرافیای تازه‌، به‌ر بینه‌رو وه‌رگری تازه‌ بكه‌وێت، ده‌بێ خۆشی ھه‌ڵگری گوتارێكی تازه‌ بێت كه‌ ته‌ریب بێت له‌گه‌ل ئه‌و رووبه‌ره‌ نوێیه‌ی كه‌ كاری تیاده‌كات، بۆیه‌ به‌ بڕوای من تاكه‌ جیاوازی له‌نێوان شانۆی شه‌قام و شانۆی ھۆڵ ، جیاوازبوونه‌ له‌ گوتاری بابه‌تی و ھونه‌ری و چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ له‌نێو پرۆسه‌یه‌كی دراماتۆرگی كه‌ گونجاو و ته‌ریب بێت به‌ سروشتی شانۆ له‌ شه‌قام و ئه‌و زه‌مه‌ن و جوگرافیایه‌ی كه‌ نمایشی تیادا دروست ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر كارێكی ئاسایی بێت كه‌ نمایشی شانۆیی له‌نێو ھۆڵێكی شانۆیی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی سینۆگرافیاو سرووت و جه‌سته‌و كاریگه‌ره‌ ده‌نگی و ره‌نگییه‌كان نمایشێك پێشكه‌ش بكات كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی تیاییدا به‌رجه‌سته‌كردن و داھێنانی فۆرمێكی ناوازه‌و باڵا بێت و زۆر به‌ته‌نگی ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ بایه‌ت و ناوه‌ڕۆك چ پێناسه‌و پانتاییه‌ك له‌م فۆرمه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ له‌ شانۆی شه‌قام ئه‌وه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێ شانۆكار كاتێ بیر له‌ داھێنانی ھه‌ر فۆرمێكی ھونه‌ری و وێنه‌یه‌كی شانۆیی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌ نه‌بێته‌ رێگرو به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ره‌وان گه‌یشتنی ناوه‌ڕۆك و بابه‌ت به‌ بینه‌ری شه‌قام، به‌و واتایه‌ی ده‌بێ رووبه‌رێكی ھاوسه‌نگ و ته‌ریب ھه‌بێت له‌ نێوان فۆرم و ناوه‌ڕۆكداو زۆرجاریش حه‌ماسه‌تی ناوه‌ڕۆك و بابه‌ت، فۆرم تێده‌په‌ڕێنێت و نمایشی شانۆیی ده‌باته‌ رووبه‌رێكی راسته‌وخۆی به‌ركه‌وتن و ساده‌كردنه‌وه‌ی فاكته‌ری گه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی ھزرو بیری نمایشه‌كه‌ له‌ روونترین شێوه‌ به‌ بینه‌ر بگات و راڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز ھه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌و رووبه‌ره‌ش لای زۆرێكمان وه‌ك روبه‌رێكی ناھونه‌ری خۆی وێنا ده‌كات و له‌ به‌ھای ھونه‌ری و سه‌نگی داھێنانی شانۆكارو ھونه‌رمه‌ند كه‌مده‌كاته‌وه‌.

من ھه‌رگیز دژی ئه‌وه‌ نیم كه‌ شانۆكار ره‌خنه‌ بگرێت و ناڕه‌زایی نیشانبدات و ھه‌موو ناشیرینییه‌كان بكاته‌ بابه‌تی قسه‌كردن و دیالۆگ و پێداچوونه‌وه‌، ھیچ ھێلێكی سووریش نییه‌ كه‌ رێگر بێت له‌به‌رده‌م شانۆكار كه‌ ئه‌و ھزرو په‌یامه‌ی ھه‌یه‌تی نه‌گه‌یه‌نێت به‌ بینه‌رو ئازادی ته‌رحكردن و به‌كاربردنی لێ زه‌وت بكرێت، له‌ مێژووی شانۆشدا ھه‌ر له‌ یۆنانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ھیچ فاكته‌رێك نه‌یتوانیوه‌ رێگر بێت له‌به‌رده‌م ئازادی و بوێری شانۆكار بۆ ده‌ستبردن بۆ سه‌ختترین و ھه‌ستیارترین پرسه‌كانی وڵات و ناوچه‌كه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ رێگری كرابێت، شانۆكار ھه‌میشه‌ كه‌ره‌سته‌ی ئه‌وه‌ی ھه‌بووه‌ كه‌ شێوازی تر بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ته‌رحه‌و باشترین تێكست و نمایشه‌كانی دروست بكات، ئه‌گه‌ر قسه‌ش له‌سه‌ر شانۆی شه‌قام و فه‌زای كراوه‌ بێت، ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ راوشكاوتر بووه‌و شانۆكار له‌به‌ر به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆی به‌ بینه‌ری ئاسایی و خه‌ڵكی ئاسایی، ھه‌میشه‌ حه‌ماسێكی زیاتری نیشانداوه‌ كه‌ گوتاره‌كان راشكاوانه‌تر پێشكه‌ش بكات و له‌ ھیچ به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگێك نه‌سله‌مێته‌وه‌، نمونه‌ی زۆریش له‌به‌ر ده‌سته‌ ھه‌ر له‌ شانۆییه‌كانی سه‌رده‌مانی ناوه‌ڕاست و كۆمیدیای دیلارتێ و شانۆی ئه‌گۆستۆ پواڵ و شانۆی زیندووی ئه‌مریكی كه‌ ژۆلیان بیك و جۆدیس مالینا دایانھێنا، ئه‌مانه‌ كاتێ نمایشه‌كانیان ده‌به‌نه‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان، ھه‌وڵیانداوه‌ زمان و گوتاری نمایشه‌كانیان ھاوتای ئه‌و زه‌مه‌ن و بینه‌ره‌ بێت كه‌ ده‌شێت به‌ر نمایشه‌كانیان بكه‌ون،(ھاوتا له‌ رووه‌ بابه‌تییه‌كه‌وه‌)، ھه‌وڵیشیانداوه‌ رووبه‌ر و پانتایی گه‌وره‌ بۆ گوتاری ره‌خنه‌ئامێزو ناڕه‌زایی تا ئاستی سوكایه‌تی و ریسواكردن له‌ نمایشه‌كه‌یان فه‌راھه‌م بكه‌ن و ده‌ست له‌ھیچ كایه‌و كاره‌كته‌رێكی نێو كۆمه‌ڵگا نه‌پارێزن.

ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره‌ له‌و راشكاوی و گوتاره‌ ره‌خنه‌ئامێزه‌، خودی گوتاره‌ شانۆییه‌كه‌ نییه‌ كه‌ ھونه‌رمه‌ند دایده‌ھێنێت بۆ به‌رحه‌سته‌كردنی پرسێكی ھاوشێوه‌، ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره‌ و جێگه‌ی قه‌بوڵ نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھونه‌رمه‌ند نه‌توانێت ئه‌و گوتاره‌ ره‌خنه‌ئامێزو راشكاوه‌ له‌ فۆرمێكی ھونه‌ری تایبه‌ت فۆرمه‌ڵه‌ بكات و له‌رێگه‌ی ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌ كه‌ له‌ داھێنان و جیاوازبوون و شۆككردن سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و گوتاره‌ ناڕه‌زاییه‌ بكات، چونكه‌ وه‌زیفه‌ی ھونه‌رمه‌نده‌ كه‌ شانۆكه‌ی بكاته‌ مینبه‌ری ناڕازی بوون و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ھه‌موو رووه‌ قێزه‌وه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ ھه‌موو سێكته‌ره‌ سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رھه‌نگییه‌كان، به‌ڵام وه‌زیفه‌ی ھونه‌رمه‌ند نییه‌ كه‌ گوتاری ناڕازی بوونی له‌ شێوه‌و فۆرم و ته‌رحكردندا، ھاوتاو ھاوشێوه‌ی گوتاری ساده‌ی شه‌قام و خه‌ڵكی ساده‌ی نێو كۆمه‌ڵگا بێت، چونكه‌ ھه‌ر گوتارێكی ناڕه‌زایی كه‌ فۆرمێكی ھونه‌ری داھێنه‌ری نه‌بێت، ده‌بێته‌ كه‌فوكوڵ و ھاوارێكی ساده‌ی شه‌قام و كۆتایی گوتاره‌كه‌ ھاوتای كۆتایی نمایشه‌كه‌یه‌، به‌ڵام كاتێ ھونه‌رمه‌ند له‌ فۆرم و شێوازێكی مه‌عریفی و داھێنه‌رانه‌ی جیاواز، گوتاره‌كه‌ی وێنا ده‌كات، ئه‌م گوتاره‌ نه‌مر ده‌بێت به‌ نه‌مری ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌ی كه‌ تیای به‌رھه‌مھاتووه‌، سه‌یركه‌ن كێ به‌ قه‌د به‌ختیار عه‌لی ره‌خنه‌ی له‌ شۆڕشی كوردو فه‌زاو بونیادی سه‌قه‌تی ئه‌و شۆڕشانه‌ گرتووه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره‌ی به‌ختیار عه‌لی به‌ زیندوویی ھێشتۆته‌وه‌، بوێری و ئازایه‌تی به‌ختیار عه‌لی نییه‌ له‌ به‌گژاچوونه‌وه‌ی شۆڕش و كاره‌كته‌ره‌ دیارو سه‌رده‌سته‌كانی، ئه‌وه‌ی واده‌كات ئه‌م گوتاره‌ی به‌ختیار تا سه‌دان و ھه‌زاران ساڵی تر كاریگه‌ر بێت و پێگه‌و پانتایی ھه‌بێت، ئه‌و فۆرمه‌یه‌ كه‌ به‌ختیار عه‌لی له‌ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ به‌كاری بردووه‌، به‌ختیار ئه‌گه‌ر وه‌ك ھه‌ر كه‌سێكی ئاسایی له‌ میانه‌ی دروشمبازی و ھات وھاوار به‌رجه‌سته‌ی له‌و تووڕه‌ییه‌ بكردبایه‌، ئه‌وه‌ ده‌مێك بوو ناوی به‌ختیار عه‌لی له‌ ھیچ كایه‌كی كۆمه‌ڵگا نه‌مابوو، ئێمه‌ زۆرمان دیووه‌و زۆریش ده‌بینین ئه‌وانه‌ی ناوه‌ ناوه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن و رادیۆی كۆن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌رده‌رده‌كه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌ونه‌ جوێندان و سوكایه‌تیكردن و قسه‌ گووتن به‌ ووردو درشتی حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته‌، به‌ڵام ھه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌ودای كاریگه‌رییان زۆر كورته‌و ھه‌ر زوو وون ده‌بن و خه‌ڵك تاقه‌تی نابێت گوێشیان لێبگرێت، ده‌زانن بۆ؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و فۆرمه‌ی كه‌ به‌كاری ده‌به‌ن فۆرمێكی ساده‌یه‌و ئاساییه‌و ھه‌موو كه‌س ده‌توانێت پیاده‌ی بكات، بۆیه‌ له‌ یاده‌وه‌ری و زاكیره‌ نامێنێته‌وه‌و ھه‌ر زوو خه‌ڵك لێی تێر ده‌بێت و دواتر قێزی لێده‌كاته‌وه‌، ده‌بێ شانۆكار زۆر ووریا بێت نه‌چێته‌ ئه‌و رووبه‌ره‌وه‌ و گرنگترین چه‌كی ده‌ستی وون نه‌كات كه‌ داھێنانی فۆرم و شێوازی جیاوازی ناڕازی بوونه‌ كه‌ ته‌نھا ھونه‌رمه‌ند ده‌توانێت به‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ رووبه‌رووی واقیع و ده‌وربه‌ر ببێته‌وه‌و كاریگه‌ری ھه‌بێت و ده‌سه‌ڵات ترسی لێی ھه‌بێت.

ده‌سه‌ڵات حه‌ز ده‌كات ھه‌موو گوتاه‌كانمان ببه‌ینه‌ رووبه‌ری گوتاری راسته‌وخۆو جوێندان و سوكایه‌تیكردن و ریسواكردنی به‌رامبه‌ر، چونكه‌ له‌مكاته‌دا ئه‌ویش یه‌ك سوپا خه‌ڵكی ناھونه‌رمه‌ند و ده‌م پیست بۆ قیت ده‌كاته‌وه‌و به‌ زمانی خۆت و ناشیرینتریش وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و زمانه‌ بۆ ئه‌و زمانێكی ده‌سته‌مۆیه‌و پێیده‌وێرێت و خه‌ڵك و ده‌سته‌ی تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ كردووه‌، به‌ڵام تۆ وه‌ره‌ به‌ زمانی ھونه‌ری خۆت گوتاری له‌گه‌ل بكه‌، به‌ زمانێك كه‌ كۆیله‌و ده‌روێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ستیان به‌سه‌ردا ناشكێت، ئه‌و كاته‌ ھیچ ده‌رفه‌تێكی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ به‌رامبه‌رت بوه‌ستێت، چونكه‌ نه‌خوێنده‌وارو ئینتیھازییه‌كانی ده‌سه‌ڵات توانای به‌ربه‌ره‌كانی زمانی پڕ له‌ داھێنان و فۆرمئامێزی تۆیان نییه‌و ناچارن كپ ده‌بن و خۆیان ده‌خۆنه‌وه‌.

Ktv

شوێن و زه‌مه‌نیش فه‌زاو رووبه‌رێكی گرنگه‌ له‌ دیاریكردنی شێوازو فۆرمی گوتاری شانۆكار له‌ شانۆی شه‌قام و له‌به‌شه‌كانی دواتر له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستم.

"شوێن و زه‌مه‌ن له‌پڕۆسه‌ی دروستكردنی نمایشدا"

یه‌كێك له‌ گرنگترین فاكته‌ره‌كانی درستبوون و ده‌ركه‌وتنی نمایشی شه‌قام، شوێن و رووبه‌ره‌ی تازه‌ی به‌ركه‌وتنه‌، شانۆ كاتێك ھۆڵ به‌جێدێلێت و له‌ رووبه‌ری تازه‌ی به‌ركه‌وتن و خۆنواندن ده‌گه‌ڕێت، ئیعتبارو كاره‌كته‌رێكی گه‌وره‌ به‌و شوێن وئه‌و پانتاییه‌ تازه‌ ده‌به‌خشێت و پرۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ی ته‌ریب و ته‌با ده‌بێت له‌گه‌ل ئه‌و شوێنه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت كایه‌ی تیادا بكات، لێره‌دا شوێن ھه‌ر به‌ته‌نھا ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ نییه‌ كه‌به‌ پارچه‌ قوماشێك یا ته‌نافێك دیاری ده‌كرێت و نمایشی تیادا پێشكه‌شده‌كرێت، ھه‌ر ئه‌وه‌ش نییه‌ بڵێی نمایشه‌كه‌ی من بۆ ئه‌و پاڕكه‌ نابێت و ده‌بێ له‌به‌رده‌م ئه‌و چایخانه‌ یا سه‌ر فڵان شه‌قام یا له‌نێو ئه‌و بازاڕه‌ پێشكه‌شی بكه‌م، وێنه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌.

شوێن له‌ شانۆی شه‌قامدا چه‌مكێكی گشتگیره‌ و كۆمه‌ڵێك رووبه‌رو كایه‌ی به‌رفراوانی وه‌ك ئایین، نه‌ته‌وه‌، فه‌رھه‌نگ، سیاسه‌ت، په‌روه‌رده‌، ئاكار، ژینگه‌، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ژیارییه‌كان، ئاره‌زوو، ئینتیما ، وه‌رگرتن و دانه‌وه‌و پانتاییه‌كی ئه‌ژمارنه‌كراوی ره‌فتارو ھزره‌ ئینسانییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و ده‌بێ له‌ كردرای دروستكردنی شانۆی شه‌قام ، شوێن و زاكیره‌ی شوێن له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دراماتۆرگی له‌به‌ر چاو بگیرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێت.

زۆرجار ئێمه‌ له‌ دیاریكردنی كاریگه‌ری شوێن ھه‌له‌ی زۆر ده‌كه‌ین و ناتوانین له‌و چه‌مكه‌ گرنگه‌ بگه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ھا كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر ره‌وشی شانۆی شه‌قام و به‌ركه‌وتنی بینه‌ر له‌گه‌ل ئه‌و شانۆییه‌، بۆ نمونه‌ یه‌كێك كاتێ نمایشێك ده‌باته‌ به‌رده‌م یه‌كه‌یه‌كی ئیداری حكومی و كه‌ لێیده‌پرسی بۆ ئه‌و شوێنه‌ت ھه‌ڵبژارد، پێت ده‌ڵێت، ئه‌و ده‌یه‌وێ گوتاره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات بكات، ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنێكی زۆر ھه‌له‌یه‌ له‌ چه‌مكی ده‌سه‌ڵات و شوێن، بۆ گه‌یاندنی گوتارێك بۆ ده‌سه‌ڵات پێویستییت به‌ ده‌سه‌ڵاتی شوێن ھه‌یه‌، ئه‌وه‌تا نمونه‌ی زۆر ھه‌ن له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی كه‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی جه‌ماوه‌ریین، ده‌توانن ھه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیھان بكه‌ن، ئه‌وه‌تا مه‌یدانی رزگاری له‌ میسر و گۆڕه‌پانی رزگاری له‌ عێراق و مه‌یدانی ئازادی له‌ سلێمانی و چه‌ند شوینی دیكه‌ی گرنگ، كه‌واته‌ نابێ شانۆكار رووكه‌شانه‌ شوێن ھه‌ڵسه‌نگێنێت، شوێن نماینده‌و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و كه‌ڵتوورییه‌ ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵگا وه‌ك سیمبوڵ و ره‌مز پێیده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ مرۆڤه‌كانن له‌رێگه‌ی مێژوو و كه‌ڵتووره‌وه‌ مانا به‌شوێن ده‌به‌خشن، شانۆكاریش وه‌ك مرۆڤێكی ھۆشیارو خاوه‌ن كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ری رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌و دروستكردنه‌، ده‌بێ له‌ڕووی ھونه‌ری و مه‌عریفییه‌وه‌ ئه‌و تواناو میكانیزمه‌ی ھه‌بێت كه‌ شوێن له‌ رووبه‌رێكی جوگرافی نۆرماڵه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ رووبه‌رێكی درامی كه‌ ماناو تێگه‌یشتنی تازه‌ ھه‌ڵبگرێت.

به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ نمایشه‌كانی ئێمه‌ كه‌ سیمای شه‌قامیان ھه‌یه‌، یا له‌ بۆنه‌ی تایبه‌ت پێشكه‌شده‌كرێن یا ئه‌وه‌تا بۆ فیستیڤاڵی شانۆیی ئاماده‌ده‌كرێن، ھه‌ربۆیه‌ ھه‌میشه‌ بژارده‌ی شوێن و زه‌مه‌ن بۆ شانۆكارانی ئێمه‌ بژارده‌یه‌كی دیاریكراوه‌و و ره‌نگه‌ خزمه‌تی ئه‌و ئایدیا و ھزرو فۆرمه‌ نه‌كات كه‌ شانۆكار له‌م نمایشه‌ی شه‌قام مه‌به‌ستێتی، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نابێته‌ پاساو بۆ ئه‌وه‌ی شوێن و زه‌مه‌ن وه‌ك فاكته‌رێكی گرنگی به‌ركه‌وتنی شه‌قام فه‌رامۆش بكه‌ین و كاری له‌سه‌ر نه‌كه‌ین، شانۆكار ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ و دیدگاو ئه‌زموونی ھه‌بێت، ھه‌میشه‌ ده‌توانێت شوێن به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی بخاته‌ خزمه‌ت خۆیه‌وه‌ و سوودی لێوه‌ربگرێت له‌ داڕشتنه‌وه‌ی فۆرمی نمایشه‌كه‌ی.

شوێن ته‌نھا بریتی نییه‌ له‌ شۆسته‌یه‌ك یا پاڕكێك یا حه‌وشه‌ی مۆڵێك، شوێن ھه‌موو ئه‌و فه‌زا بینراو و نابینراوانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ رووبه‌ری نمایش ئاماده‌یی ھه‌یه‌، شانۆكار ده‌توانێ ماناو كاره‌كته‌ر به‌ ھه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌ك له‌و رووبه‌ره‌ ببه‌خشێت، بۆ نمونه‌ دارێكی ووشك له‌ پاڕكێك، ته‌نه‌كه‌یه‌كی خۆڵ له‌ شه‌قامێك، تابلۆیه‌كی رێكلام له‌ مۆڵێك، سه‌یاره‌یه‌كی وه‌ستاو له‌ گۆرَه‌پانێك، دیوارێكی روخاو له‌ گه‌ڕه‌كێك، كێلێكی شكاو له‌ گۆڕستانێك و ھه‌روه‌ھا، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ شانۆكار ده‌توانێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و داب و نه‌رێتانه‌ به‌كار ببات كه‌ له‌و رووبه‌رو جوگرافیایه‌ بوونی ھه‌یه‌، ده‌توانێت سوود له‌ مێژوو، جیۆلۆجیا، ژینگه‌، داب و نه‌رێت و مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ربگرێت، ده‌توانێت سیمبوڵه‌ ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و كه‌ڵتوورییه‌كان له‌نێو نمایشه‌كه‌ی به‌كارببات و وه‌زیفه‌ی درامییان پێببه‌خشێت و سوود له‌ په‌یوه‌ندی و به‌ركه‌وتنه‌كانیان وه‌ربگرێت.

ھه‌موو ئه‌مانه‌ كاتێك مه‌یسه‌ر ده‌بێت كه‌ شانۆكار شاره‌زایی و ووردبوونه‌وه‌ و قوڵبوونه‌وه‌ی ھه‌بێت له‌و جوگرافیایه‌ی كه‌ بۆ نمایش ھه‌ڵیده‌بژێرێت، ھه‌ڵبژاردنی شوێن و دواتریش زه‌مه‌ن دوو فاكته‌ری گرنگن له‌ داڕشتنه‌وه‌ی بونیادی درامی و فۆرمی نمایش و ھزر و بابه‌تی نمایش، بۆ نمونه‌ شانۆكار ناتوانێت له‌ شارێكی وه‌ك كۆیه‌ نمایشێك دروستبكات، ئه‌گه‌ر شڕۆڤه‌ی مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌ڵتووری ئه‌و شاره‌ی نه‌كردبێت، ئه‌گه‌ر به‌ ووردی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێ نه‌گات، ئه‌گه‌ر درك به‌ ریزبه‌ندی پێشینه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ نه‌كات، ئه‌گه‌ر نه‌زانێت وورده‌كاری ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر زانیاری له‌سه‌ر رێژه‌ی بێكاری و رێژه‌ی ته‌ڵاق و رێژه‌ی توندوتیژی و كوشتن و سه‌رچاوه‌كانی داھاتی شار، گۆڕه‌پان و ئایكۆن و سیمبوڵه‌كان، تێڕوانینی خه‌ڵكی شار بۆ ئایین و ھونه‌ر و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵێك رووبه‌ری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و فه‌رھه‌نگی كه‌ سیمای ژیاری ئه‌و شاره‌ پێكده‌ھێنن.

كه‌واته‌ شوێن ته‌نھا پارچه‌یه‌ك زه‌وی رووت نییه‌ كه‌ شانۆكار نمایشی تیا بكات ، ھه‌موو شوێنێك زاكیره‌و یاده‌وه‌ری كۆمه‌لایه‌تی و فه‌رھه‌نگی و سیاسی و مێژوویی ھه‌یه‌، شانۆكار ناتوانێت شوێنێك له‌ پانتاییه‌كی جوگرافییه‌وه‌ بگۆڕێت به‌ پانتاییه‌كی درامی ئه‌گه‌ر شاره‌زای زاكیره‌ی شوێن و زه‌مه‌ن و ده‌رھاوێشته‌كانی ئه‌و زاكیره‌یه‌ نه‌بێت، به‌ ھه‌مانشێوه‌ زه‌مه‌ن رۆڵی كاریگه‌ری ھه‌یه‌ له‌ ناسینی رووبه‌ری شوێن، ئه‌وه‌ی له‌ كاتێكدا بۆ شوێنێك گونجاوه‌ ره‌نگه‌ له‌ كات و زه‌مه‌نی تر ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی تێدا نه‌بێت، بۆ نمونه‌ نمایشێك له‌سه‌ر كۆڵبه‌ر دروستده‌كه‌یت، ئه‌و نمایشه‌ له‌و جوگرافیایه‌ كاریگه‌رتر ده‌بێت كه‌ كۆڵبه‌ری به‌شێك بێت له‌ سیستمی ئابووری شار، كه‌زاكیره‌و یاده‌وه‌ری شار به‌ ئایكۆنی كۆڵبه‌ر نامۆ نه‌بێت و ده‌یان چیڕۆكی تراژیدی كۆڵبه‌ری تیا ھه‌ڵگیرابێت، نمونه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسانتر كورت بكه‌مه‌وه‌، ھه‌موومان له‌ نه‌ورۆز و به‌ھاردا له‌ كاتی سه‌یران گوێ له‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌گرین و سه‌رشێتانه‌ به‌ گۆرانی نه‌ورۆزی زیره‌ك مه‌ست ده‌بین، به‌ڵام كاتێك ھه‌مان گۆرانی له‌ ھاوێنداو له‌ كاتی كاركردن به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت، وه‌ك گۆرانییه‌كی زۆر ئاسایی به‌رمان ده‌كه‌وێت و به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك سه‌رنجمان راناكێشێًت به‌ به‌راوورد به‌ كاتی نه‌ورۆز و سه‌یران.

زۆرینه‌ی نمایشه‌كانی ئێمه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌كانی شانۆی شه‌قام نمایش ده‌كرێن، نمایشی شانۆی شه‌قام له‌ فیستیڤاڵ جیاوازی چییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی فیستیڤاڵ، له‌ به‌شه‌كانی تر قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

Ktv

"بینه‌ری نمایشه‌كانمان كێن؟"

زۆرینه‌ی زۆری نمایشه‌ شانۆییه‌كانی ئێمه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ھۆڵ و له‌ شه‌قام وشوێنه‌ گشتییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێن، بۆ بینه‌ری ئاسایی شه‌قام پێشكه‌ش ناكرێن، بینه‌ری ئاسایی ئه‌و بینه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌ رێكه‌وت له‌و شوێنه‌یه‌و ھیچ ئاگاداری و ئاماده‌كارییه‌كی نییه‌ بۆ بینینی نمایش، ته‌نھا رێكه‌وت و به‌رنامه‌رێژی ئه‌و گرووپه‌ی كه‌ نمایشه‌كه‌ی دروستكردووه‌، رۆَلیان ھه‌یه‌ له‌وه‌ی ئه‌م بینه‌ره‌ به‌ر ئه‌و رێكه‌وته‌ بكه‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی زۆری نمایشه‌كانی شه‌قامی ئێمه‌ بۆ فیستیڤاڵ ئاماده‌ ده‌كرێن و بۆ بینه‌رێكی تایبه‌ت نمایشی ده‌كه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی شانۆكارو رۆژنامه‌نووس و خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ندن كه‌ پێشتر بۆ ئه‌و شوێنه‌ داوه‌تكراون و ئاگاداری بوونی ئه‌و نمایشه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كانیش، تا ئێستا من له‌ ھه‌موو كوردستان و عێراق به‌ رێكه‌وت به‌ر نمایشێكی شه‌قام نه‌كه‌وتوم و نه‌شم بیستووه‌ كه‌ نمایشێك له‌ شوێنێك كرابێت، ده‌رھێنه‌رو ستافه‌كه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و شانۆكارو رۆژنامه‌نووس و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تایبه‌تیان بۆ ئاگادار نه‌كردبێته‌وه‌.

كه‌واته‌ با خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین، ئێمه‌ تا ئێستا به‌ر ئه‌و رووبه‌ره‌ نه‌كه‌وتووین كه‌ نمایشێك بۆ بینه‌ری شه‌قام دروست بكه‌ین و له‌سه‌ر به‌ركه‌وتن و ده‌رھاوێشته‌ی ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ نمایشه‌كه‌ دابڕێژینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ ئێمه‌ نمایشێك بۆ شوێنێكی تایبه‌ت و بینه‌رێكی تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كه‌ین و ده‌زانین زۆرینه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌وێ وه‌ك بینه‌ر ده‌رده‌كه‌ون كێن و پێناسه‌یان چییه‌، ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ی تا ئێستا ئێمه‌ ناتوانین نمایشێكی راسته‌قینه‌ی شه‌قام دروستبكه‌ین كه‌ له‌ شه‌قام دروستده‌بێت و له‌ شه‌قام ته‌واو ده‌بێت و له‌ شه‌قام كاره‌كته‌ره‌كانی دیاریده‌كرێت و له‌ شه‌قام دیالۆگی بۆ ده‌نووسرێته‌وه‌و له‌ شه‌قام ده‌ستپێده‌كات و له‌ شه‌قامیش له‌و شوێنه‌ی شه‌قام دیاریده‌كات كۆتایی پێدێت.

ئه‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌ تا ئێستا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ شانۆی شه‌قامی كوردی بوونی نییه‌و ھه‌ندێ گرووپیش كه‌ وانیشانده‌ده‌ن نمایشه‌كه‌یان به‌و ئاقاره‌و ته‌رزه‌ كار ده‌كات، له‌ دوو ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر نییه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ بابه‌تێك ته‌رح ده‌كه‌ن و ھه‌وڵده‌ده‌ن زۆر خه‌ڵك بدوێنن و به‌شداری بابه‌ته‌كه‌ ببن، به‌ڵام ته‌نھا رێگه‌ به‌و ئه‌كته‌رانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ وه‌ك بینه‌ر له‌ناو خه‌ڵك دانیشتوون كه‌ بێنه‌ نێو ره‌وشی درامی نمایشه‌كه‌و ئاراسته‌ی نمایش به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ ببه‌ن كه‌ بۆی دیاریكراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ زۆر نمایشدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، دواترینیان نمایشی (سانتیمه‌تر) بوو كه‌ له‌ ده‌رھێنانی سۆران حوسێنی و ئه‌داكردنی موختار موحه‌مه‌دی بوو، ئه‌م ته‌رزه‌ به‌شداری پێكردنه‌ به‌شێكه‌ له‌ كۆتوبه‌ندكردنی شانۆی شه‌قام و ھیچ ئیزافه‌یه‌ك بۆ نمایش دروستناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ راستگۆیی و په‌یامی نمایشه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و نمایشه‌كه‌ له‌ كرده‌یه‌كی عه‌فه‌وی ده‌كاته‌ نمایشێكی ته‌قلیدی و له‌ به‌ھای درامی و بابه‌تی نمایشه‌كه‌ كه‌مده‌كاه‌وه‌، زۆر راستتره‌ ئه‌گه‌ر له‌ نمایشه‌كه‌ به‌شداربووه‌كان وه‌ك بینه‌ر پێناسه‌ نه‌كرێن و بینه‌ر بزانێت ئه‌مانه‌ش ئه‌كته‌رن و رۆڵێك پیاده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ئاستی راستگۆیی له‌ گوتاری نمایش به‌رز ده‌كاته‌وه‌و بینه‌ریش زیاتر متمانه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌كاربردنی ئه‌كته‌ر و وانیشانی بده‌یت كه‌ ئه‌مه‌ بینه‌رێكی ئاساییه‌، ئه‌مه‌ خۆڵكردنه‌ چاوی بینه‌ره‌و سیمایه‌كی ساخته‌ به‌ نمایش ده‌به‌خشێت.

ئه‌گه‌ری دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شانۆكار جورئه‌ت بكات و بینه‌ری ئاسایی به‌شداری نمایشه‌كه‌ی بكات و رێگه‌ بدات دیالۆگی تازه‌و بابه‌تی تازه‌ بكه‌وێته‌ نێو ھێلی درامی نمایشه‌كه‌، ئه‌م كرداره‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی له‌ ھه‌ندێ نمایشی كوردی پیاده‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كرداره‌ كردارێكی ئاسان نییه‌و پێویستی به‌ شانۆكاری كارامه‌و بوێرو رۆشه‌نفكرو زیره‌ك و زانا ھه‌یه‌، زۆرجار ئه‌م به‌شداری پێكردنه‌ی بینه‌ر ده‌بێته‌ بارێكی سه‌خت به‌سه‌ر شانۆكاره‌وه‌و نازانێت چۆن لێی ده‌رباز بێت، ھه‌ر له‌و فیستیڤاڵه‌ی ده‌ربه‌ندیخان چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌ھێنمه‌وه‌، له‌ نمایشه‌كه‌ی كه‌لار كاتێ ئه‌كته‌رێك مۆبایله‌كه‌ی به‌رامبه‌ر تلیاك ده‌فرۆشێت، كاتێ دێته‌وه‌ ھۆش خۆی پرسیار له‌ یه‌كێك له‌ بینه‌ران ده‌كات كه‌ ئه‌و پیاوه‌ی مۆبایله‌كه‌ی برد بۆ كوێ چوو؟، بینه‌ره‌كه‌ش پێی نیشانده‌دات و پێیده‌ڵێت ئه‌وه‌تا، واته‌ ئه‌كته‌ره‌كه‌ی تری نیشانده‌دات كه‌ له‌ نزیكییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، به‌ڵام ئه‌كته‌ره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ھه‌ر گوێشی لێ نه‌بوو بێت، ئه‌مجاره‌ له‌ بینه‌رێكی تر ده‌پرسێت، ئه‌مه‌ش روونه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پرۆڤه‌ی كردووه‌و ناتوانێ به‌دوای قسه‌ی بینه‌ره‌كه‌ بكه‌وێت، كه‌واته‌ ئه‌م پرسیاركردنه‌ سوودی چییه‌، نه‌وه‌كو ھه‌ر سوودی نییه‌، به‌ڵكو كه‌لێنێكی گه‌وره‌ له‌ نمایش دروستده‌كات، له‌ نمایشی كفریش ھه‌مان وێنه‌ ھه‌یه‌، ئه‌كته‌ر بینه‌ر ده‌دوێنێت و توانای ئیداره‌ دانی دیالۆگه‌كه‌شی نییه‌، له‌وه‌ش خراپتر له‌بڕی بینه‌رێكی ئاسایی په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر ئه‌كته‌رێكی ناسراو، له‌ نمایشه‌كه‌ی ھه‌ولێر جورئه‌تێكی زۆر ھه‌یه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م دیالۆگه‌ له‌گه‌ل بینه‌ر، به‌ڵام قاسم نوری ئه‌گه‌رچی ھونه‌رمه‌ندێكی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌، به‌ڵام ئه‌زموونی شه‌قامی نییه‌، بۆیه‌ ئه‌م دیالۆگه‌ ھه‌میشه‌ كێشه‌ بۆ ئه‌كته‌ره‌كه‌ ده‌نێته‌وه‌، رۆزه‌ فه‌رھاد ئه‌گه‌رچی ئه‌كته‌رێكی گه‌نجه‌، به‌ڵام له‌م دواییه‌دا ھه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌و توانیویه‌تی كاره‌كته‌رێكی به‌ھێز نمایش بكات، بۆیه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی دیالۆگی بینه‌ر باشتر ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌توانێت باشتر كۆنتڕۆڵی ئه‌و دیالۆگه‌ بكات و زیان به‌ نمایش نه‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و دیالۆگه‌ توانی ببێته‌ ئیزافه‌یه‌كی ھونه‌ری و ھزری بۆ نمایشه‌كه‌، من پێموایه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی نه‌پێكا.

ئه‌گه‌ر باس له‌ڕووی دووه‌می ئه‌م كرداره‌ بكه‌م، ده‌توانم نمایشه‌كه‌ی وڵاتی شیلی به‌ نمونه‌ وه‌ربگرم، سه‌یركه‌ن ئه‌كته‌ری كارامه‌و پرۆفیشینال چۆن دیالۆگ دروستده‌كات و چۆنیش به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌كته‌رێك كه‌ ھیچ شتێك ده‌رباره‌ی بینه‌ره‌كه‌ی نازانێت، به‌ڵام به‌ ھۆی كارامه‌یی و پیشه‌مه‌ندییه‌وه‌، ده‌توانێت سوود له‌ بینه‌ره‌كانی وه‌ربگرێت و له‌ جوانترین فۆرمی نمایشدا به‌كاریان ببات، كاریگه‌ری و دانایی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌وابكات ژن و پیاوێكی ئاسایی به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ یه‌كتر ماچ بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كارێكی نۆرمال نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌كته‌ری داھێنه‌رو كارامه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت چۆن ئه‌و فه‌زاو رووبه‌رو جوگرافیایه‌ بخاته‌ خزمه‌تی نمایشه‌كه‌ی، چۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل بینه‌ر دروستده‌كات بێ ئه‌وه‌ی ھیچ ترس و دوودڵییه‌ك له‌و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت، چۆن مناڵێك به‌كار ده‌بات و دواتر چۆن نیگه‌رانییه‌كه‌ی ئه‌و مناڵه‌ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و له‌ كۆتاییشدا چۆن متمانه‌ لای مناڵه‌كه‌ دروستده‌كات.

شانۆكاری ئێمه‌ نمایشه‌كه‌ی بۆ فیستیڤاڵ دروستكردووه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ واز له‌و خۆخه‌ڵه‌تاندنه‌ بێنێت و وانیشانیبدات كه‌ ده‌توانێت بینه‌ر بخاته‌ نێو فه‌زای نمایشه‌كه‌ی و به‌شداری ھزری و جه‌سته‌ییان پێبكات، واباشه‌ له‌م قۆناغه‌ به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌و بیرۆكه‌یه‌ نه‌كاته‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئه‌كته‌ری شانۆی شه‌قام دروستده‌كات و خۆیشی به‌ ته‌واوی له‌ پڕه‌نسیب و بونیاده‌كانی شانۆی شه‌قام شاره‌زا ده‌بێت، باشترین كار له‌م كاته‌دا كه‌ شانۆكاری شه‌قام بیكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوالیتی ھونه‌ری نمایشه‌كه‌ی به‌رزبكاته‌وه‌، ھه‌وڵبدات فۆرمێكی جیاواز كه‌ پشت به‌ خه‌یاڵكردن و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ ببه‌ستێت، فۆرمێكی ھونه‌ری و جوانكاری كه‌ تیاییدا ئه‌كته‌ر وه‌ك جه‌سته‌و جوله‌و ئیحساس و ئه‌دا، له‌ ھارمۆنیه‌كی درامییدا ئاوێته‌ی فه‌زاو كه‌ش و سینۆگرافیاو موزیك بكات و بزانێت ھه‌موو كرده‌یه‌ك له‌نێو نمایشدا بۆچی ده‌كرێت و چ مه‌به‌ستێكی درامی یا جوانكاری له‌ پشته‌و چۆن خزمه‌ت به‌ فۆرمی وێناكردنی نمایشه‌كه‌ی ده‌كات، چۆن ریتم و ئیقاعی نمایش دروستده‌كات، به‌شێكی ئه‌م ھارمۆنییه‌ له‌ نمایشه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ (سێوی بیست و یه‌ك) به‌ روونی ده‌بینرا كه‌ له‌ ده‌رھێنانی ئاوات جه‌لال بوو، به‌ شایسته‌ییش چه‌ند خه‌ڵاتێكیان برده‌وه‌.

Ktv

ئه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل بینه‌ر بكه‌ین له‌ شه‌قامدا، ئایا رێگه‌ی تر ھه‌یه‌ جگه‌ له‌ به‌شداریكردنی جه‌سته‌یی راسته‌خۆ؟

"چۆن له‌گه‌ل بینه‌ر په‌یوه‌ندی بگرین"

له‌ به‌شه‌كانی پێشوووتر باسمان له‌و ئاریشه‌و كێشانه‌ كرد كه‌ شانۆی شه‌قامی ئێمه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌تایبه‌تی كۆنتاكردن و به‌ركه‌وتنی بینه‌ر، زۆرێك له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كانی ئێمه‌ كه‌ له‌ شه‌قام پێشكه‌شده‌كرێن، ھزرو خه‌یاڵیان لای ئه‌وه‌یه‌ چۆن كۆنتاكت له‌گه‌ل بینه‌ر بكه‌ن و له‌كام جومگه‌ی ئه‌م نمایشه‌ ده‌توانن بینه‌ر به‌شداری پێبكه‌ن و دیالۆگی راسته‌وخۆ له‌گه‌ل بینه‌ر دروست بكه‌ن، چونكه‌ زۆرینه‌یان ئه‌و بڕوایه‌یان ھه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نمایشه‌كه‌یان نه‌توانێت كۆنتاكتی راسته‌وخۆ له‌گه‌ل بینه‌ر دروست بكات له‌ رێگه‌ی جه‌سته‌و دیالۆگه‌وه‌، ئه‌وه‌ نمایشه‌كه‌ی ره‌نگه‌ به‌ شانۆی شه‌قام ھه‌ژمار نه‌كرێت و یه‌كێك له‌ گرنگترین ره‌گه‌زه‌كانی بوون به‌ شانۆی شه‌قام له‌ ده‌ستبدات كه‌ به‌شدارپێكردنی بینه‌ره‌.

سه‌ره‌تا من ده‌مه‌وێت ھه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر شێوه‌و فۆرمی به‌شداریكردنی بینه‌ر بكه‌م له‌ شانۆی شه‌قام و ئه‌و پرسیاره‌ش بورووژێنم كه‌ ھه‌میشه‌ لای ئێمه‌ پرسیارێكی ئه‌زه‌لییه‌، بینه‌ر چۆن به‌شداری له‌ شانۆی شه‌قام بكات، ئایا ئه‌و نمایشه‌ی ناتوانێت رووبه‌رێك بۆ به‌شداریكردنی بینه‌ر له‌ شانۆی شه‌قام دروستبكات، ده‌توانین به‌ نمایشی شه‌قام ئه‌ژماری بكه‌ین، وه‌ ئایا به‌شداریكردنی بینه‌ر له‌ رێگه‌ی كۆنتاكتی راسته‌خۆ ده‌چێته‌ خزمه‌تی نمایشه‌وه‌و چۆن ده‌كرێت ئه‌م به‌شداریپێكردنه‌ راسته‌قینه‌و كاریگه‌ر بێت و دروستكراو و ساخته‌ نه‌بێت و چۆن ئه‌كته‌ر ئه‌م به‌شدارییه‌ به‌ قازانجی نمایش به‌ڕێوه‌ ببات.

یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئاریشه‌كانی شانۆی شه‌قامی ئێمه‌ كه‌ ھه‌میشه‌ بارێكی قورسه‌ به‌سه‌رشانی نمایشه‌وه‌، به‌شدارپێكردنی راسته‌وخۆی بینه‌ره‌، ئێمه‌ قه‌ناعه‌تێكمان لادروست بووه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ ھه‌موو نمایشێكی شه‌قام، راسته‌خۆ بینه‌ر به‌شداربێت و كاریگه‌ری ھه‌بێت له‌ دروستكردنی ھزرو فۆرمی نمایش و نمایش ته‌نھا به‌ به‌شداریكردنی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت، ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ ھه‌ندێك نمایشی شه‌قام ته‌واو راسته‌و شانۆكار كارێكی باش ده‌كات ئه‌گه‌ر بتوانێت راسته‌وخۆ سوود له‌ بینه‌ر وه‌ربگرێت و بابه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ل گفتوگۆ بكات و به‌ جیھانبینییه‌كی ھاوبه‌ش دیدگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ دیاریبكه‌ن كه‌ نمایشه‌كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی له‌گه‌ل بینه‌ر دیالۆگی تیادا بكات، نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ نمایشانه‌ش زۆرن له‌ جیھان كه‌ شانۆ ده‌كرێته‌ فاكته‌رێك بۆ ورووژاندنی بابه‌تێكی ساتی و كاتی دیاریكراوی ئه‌و شوێنه‌و خه‌ڵك بخاته‌ نێو رووبه‌ری گفتوگۆی راسته‌وخۆ بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ كێشه‌ی بینه‌ری ئه‌و شوێنه‌یه‌، ئه‌مجۆره‌ دیالۆگه‌ش وه‌ك ووتم پێویستی به‌ ئه‌كته‌ری به‌تواناو زاناو داناو قسه‌زان ھه‌یه‌، ئه‌كته‌رێك كه‌ متمانه‌ی به‌ كاره‌كته‌ری خۆی ھه‌یه‌و ده‌توانێت بۆچوون و دیدگای پێچه‌وانه‌ په‌سه‌ند بكات و تووشی ھه‌ڵچوون و داچوون نه‌بێت و به‌ لۆژیك و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ دیالۆگه‌كه‌ به‌ڕیوه‌ببات و توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌و تێگه‌یشتنی ھه‌موو جۆره‌ پرسیارو دیدگایه‌كی ھه‌بێت.

به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌مجۆره‌ ئه‌كته‌ره‌ له‌ كوردستان بوونی نییه‌و له‌ ماوه‌ی نزیكیش ناتوانین ئه‌و جۆره‌ ئه‌كته‌ره‌ ئاماده‌ بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆی شه‌قام له‌ وڵاتی ئێمه‌ ھیچ رووبه‌رێك له‌ فه‌رھه‌نگی ژیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ داگیر ناكات و ئێمه‌ له‌ ھیچ شوێنێكی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێكه‌وت نمایشێكی شه‌قام نابینین كه‌ بیه‌وێت كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ل بینه‌ر بورووژێنێت، نمایشی شانۆی ئێمه‌ یا له‌نێو فیستیڤاڵه‌، یا له‌ بۆنه‌ تایبه‌ته‌كانه‌ كه‌ ھه‌میشه‌ خه‌ڵكی بۆ ئاماده‌كرێت، كه‌واته‌ ئه‌مجۆره‌ كۆنتاكته‌ له‌ شانۆی ئێمه‌دا كارێكی نه‌كراوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی شانۆی شه‌قام ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ فه‌رھه‌نگی ژیاری و كۆمه‌لایه‌تی ئێمه‌و نمایش بۆ خه‌ڵكی ئاسایی شه‌قام دروست ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و نمایشانه‌ی بۆ فیستیڤاڵ دروستده‌كرێن زیاتر وه‌ك كاری ھونه‌ری سه‌یر ده‌كرێن و رووبه‌ری داھێنان تیاییدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ فۆرمی نمایش و ئه‌و خه‌یاڵه‌ ھونه‌رییه‌ جوانكارییه‌ی كه‌ نمایش به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ئیقاع و سینۆگرافیا و ئه‌دای ئه‌كته‌رو چۆنیه‌تی دروستكردنی فۆرمی نمایش و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆك و كۆمه‌ڵێك رووبه‌ری تر كه‌ به‌ به‌شداریپێكردنی بینه‌ر ناتوانرێت ئه‌و رووبه‌رانه‌ له‌نێو نمایش كۆنتڕۆلبكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێژنه‌یه‌ك ھه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ھونه‌ری خه‌ڵات ده‌به‌خشێت نه‌وه‌كو له‌سه‌ر راده‌ی به‌شدارپێكردنی راسته‌خۆی بینه‌ر له‌ نمایشدا، كه‌ زۆرینه‌ی جار ئه‌م به‌شداریپێكردنه‌ یا ساخته‌یه‌ یا به‌ زیان به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ ده‌شكێته‌وه‌.

به‌بڕوای من بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌و ئاریشه‌یه‌ ده‌رباز بكه‌ین، وا چاكتره‌ له‌م قۆناغه‌دا بیر له‌ جۆری تری به‌شداریكردنی بینه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ له‌ نمایشه‌كانمان، به‌شداریكردنێك كه‌ ده‌توانین بیخه‌ینه‌ خزمه‌ت فۆرمی نمایش و كۆنتڕلی شه‌قامیشی پێبكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ له‌و راستییه‌ بگه‌ین كه‌ به‌شداریكردنی بینه‌ر له‌ نمایش ته‌نھا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ شێوه‌ی راسته‌خۆ و به‌ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی مێژووی شانۆ ھه‌یه‌ بینه‌ر ھه‌میشه‌ به‌شداره‌ له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كان، له‌ سه‌رده‌می یۆنانه‌وه‌ بینه‌ر به‌شدارێكی كارای نمایش بوو، له‌رێگه‌ی ترس و راچڵه‌كین كه‌ ئه‌رستۆ ئاماژه‌ی پێده‌كات و ده‌بیته‌ ھۆی پاكبوونه‌وه‌ی بینه‌ر، له‌ لای ستانسلافسكییه‌وه‌ بینه‌ر به‌ھۆی ھه‌ست و سۆزه‌وه‌ به‌شداری نمایش ده‌بوو، لای برێخت له‌ رێگه‌ی ھه‌ڵوێست و ره‌خنه‌و كرداره‌ عه‌قلییه‌كانه‌وه‌ به‌شداری نێو نمایش بوو، لای ئاڕتۆ له‌ رێگه‌ی ھه‌ستكردن به‌ مه‌ترسی بینه‌ر به‌شدار بوو، ئێمه‌ ده‌توانین له‌رێگه‌ی جوانی و فۆرمه‌ ئێستاتیكییه‌كانه‌وه‌ كۆنتاكت له‌گه‌ل بینه‌ر بكه‌ین و ئاوێته‌ی نمایشی بكه‌ین، له‌ رێگه‌ی بیركردنه‌وه‌و تێڕامان و پێداچوونه‌وه‌ وا له‌ بینه‌ر بكه‌ین كه‌ به‌شداری نمایشه‌كان بێت، له‌ رێگه‌ی به‌ركه‌وتنی زه‌ینی و نه‌سته‌وه‌ بینه‌ر بخه‌ینه‌ نێو فه‌زای نمایشه‌كانمان، له‌ رێگه‌ی شۆككردن و سه‌رسامكردنه‌وه‌ بینه‌ر ببرێته‌ نێو رووبه‌ری نمایش.

شانۆكار زۆر چه‌كی كاریگه‌ری ھه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت وا له‌ بینه‌ر بكات نمایشه‌كه‌ی خۆش بووێت و ھه‌ستبكات كۆنتاكتێكی رۆحی له‌گه‌لی ھه‌یه‌، شانۆكار ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی نمایشه‌وه‌ ھه‌سته‌وه‌ره‌كانی بینه‌ر كارا بكاته‌وه‌و بیانجولێنێت و كردارو دژه‌ كردارو بیركردنه‌وه‌ی جیاوازی لادروست بكات، شانۆكار ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی نمایشه‌وه‌، دونیابینی بینه‌ر دابڕێژێته‌وه‌و وایلێبكات به‌ چاوێكی جیاوازو دیدگای تازه‌وه‌ پرسه‌كان ببینێت و وه‌ربگرێت.

ھه‌ركاتێك شانۆكار نمایشه‌كه‌ی ده‌سپێكرد ده‌توانێت له‌ روخساری بینه‌ر و ھه‌ڵسوكه‌وتی بینه‌ر، جۆری ئه‌و به‌ركه‌وتنه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ نمایشه‌كه‌ی دروستیكردووه‌، ئه‌و پرده‌ نه‌بینراوه‌ ته‌نھا شانۆكار ده‌یبینێت كاتێك ده‌بینێت بینه‌ر چۆن به‌دیار نمایشه‌كه‌ی شۆك بووه‌و بۆته‌ به‌شێك له‌ فه‌زای نمایش و جوله‌ی له‌ خۆی بڕیوه‌، نمایش چۆته‌ قوڵایی ناخیه‌وه‌و دیالۆگ له‌گه‌ل ھه‌ست و نه‌ستی ده‌كات، شانۆ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بونیادی بینه‌رو به‌بێده‌نگی و به‌ده‌روونێكی واڵاوه‌ خزاوه‌ته‌ نێو رووبه‌ری نمایش و ھه‌ست به‌ خۆشی ده‌روونی و چێژی بینین و بیستن و به‌ركه‌وتن ده‌كات، ئه‌مه‌ ئه‌و جۆره‌ به‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ئێستادا كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ركه‌وتنێك كه‌ ده‌توانێت بینه‌رێكی ئاسایی شه‌قامت بۆ بكاته‌ وه‌رگرێكی كارامه‌و سات به‌سات له‌گه‌ل نمایش ئاوێته‌یه‌و ناتوانێت بۆ یه‌ك ساتیش رووی به‌ھیچ لایه‌كدا وه‌ربگێرێت.

"ببووره‌ من بۆ ئه‌وه‌ لێره‌ نیم"

له‌ سه‌ره‌تادا روخسه‌ت له‌ برێخت وه‌رده‌گرم و رسته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه‌ ده‌ڵێت"ھه‌ر شانۆكارێكی گه‌مژه‌ ده‌توانێت بینه‌ر بخاته‌ گریان یا پێكه‌نین، به‌ڵام ناتوانێت بینه‌ر بكاته‌ خاوه‌ن ھه‌ڵوێست"، ئه‌م رسته‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر به‌كار ببه‌م و بڵێم"نه‌خوێنده‌وارترین شانۆكار ده‌توانێت له‌ شه‌قامدا خۆی لێ ببێته‌ فه‌یله‌سوف و شیعارات و دروشم فڕێبدات و نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاریمان بكات، به‌ڵام ته‌نھا شانۆكاری به‌مه‌عریفه‌ ده‌توانێ به‌رھه‌می ناوازه‌ دروستبكات و سه‌رنجمان ببات و تووشی شۆكمان بكات".

پێشئه‌وه‌ی زیاتر بچمه‌ بنج و بناوانی بابه‌ته‌كه‌ حه‌قه‌ ئه‌و پرسیاره‌ش له‌ خۆم بكه‌م، بۆ شانۆكاری ئێمه‌ حه‌قی نه‌بێت به‌ده‌نگی به‌رزو به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ ره‌خنه‌ بگرێت و ناڕه‌زایی نیشانبدات و شیعارات بڵێت، ئایا شانۆكاریش تاكێكی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ نییه‌و مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی ده‌نگ به‌رزبكاته‌وه‌و راسته‌خۆ به‌ توندترین شێوه‌ ره‌خنه‌ بگرێت و دروشم دژی قێزه‌وه‌نییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌رزبكاته‌وه‌و پێشڕه‌ی خه‌ڵكیش بكات له‌مبواره‌دا، ئایا شانۆش خۆی ھونه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و ناڕه‌زایی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ نییه‌و یه‌كێك له‌ وه‌زیفه‌ی شانۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و لادانه‌كانی كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته‌ سه‌نگه‌رو ھه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی میلله‌ت و خه‌ڵك و تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی بێت؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ھیچ وه‌ڵامێكی له‌وه‌ باشترم پێ نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بڵێم"به‌ڵێ شانۆكاریش تاكێكی كۆمه‌ڵگایه‌و مافی خۆیه‌تی ره‌خنه‌و ناڕه‌زایی نیشانبدات و شیعارات و دروشم به‌رزبكاته‌وه‌و به‌ پێش چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكه‌وێت و نمونه‌ و پێشه‌نگ بێت له‌ داواكردنی مافی تاك و مافه‌ گشتییه‌كان، نمونه‌ی زیندووش ئێستا ئه‌و شانۆكاره‌ عێراقیانه‌ن كه‌ رۆژانه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر ھاوشانی خه‌ڵكی ئاسایی ده‌نگ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌و دروشم لێده‌ده‌ن و داوای گۆڕیینی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، له‌وه‌ش زیاتر وه‌ك خه‌ڵكی دیارو پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگا بۆیان ھه‌یه‌ ئامۆژگاری و نه‌سیحه‌ت به‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان بده‌ن و خه‌ڵك ووشیار بكه‌نه‌وه‌و وێنه‌كانیان بۆ روون و ره‌وانتر بكه‌ن.

ئه‌ی باشه‌ كه‌ وایه‌ ھۆكار چییه‌ ھه‌ر خۆم ده‌یانجار و له‌ ده‌یان شوێن ئه‌وه‌م دووباره‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ شانۆكار نابێ بچێته‌ رووبه‌ری شیعارات و دروشمبازی و گوتاری راسته‌وخۆ، نابێ خۆی لێ بببێته‌ فه‌یله‌سوف و پیاوچاك و نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاری و رێنمایی ببه‌خشێته‌وه‌، ئایا ئه‌م به‌شه‌ی وتاره‌كه‌م په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌ له‌ به‌شه‌كانی ترو قسه‌كانی پێشووترم، یا كێشه‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی من ھه‌یه‌و ناتوانم له‌سه‌ر یه‌ك دیدگاو بۆچوون جێگیربم.

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ پێویستی به‌وه‌ ھه‌یه‌ كه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لۆكه‌یشن و وێنه‌كان و خاڵ بخه‌ینه‌ سه‌ر پیته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی مانا ببه‌خشن، كاتێ كه‌ شانۆكار له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر ھاوشانی خه‌ڵك ده‌وه‌ستێت و ناڕه‌زایی نیشانده‌دات و دروشم ده‌ڵێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ داوای گۆڕینی ئه‌م و لابردنی ئه‌و ده‌كات، له‌و كاته‌دا شانۆكار تاكێكی كۆمه‌ڵگایه‌و پیاده‌ی ئه‌و مافه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك ھاوڵاتییه‌كی ئاسایی بۆی دابینكراوه‌، كاتێ كه‌ نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاریش ده‌به‌خشێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ شانۆكاران ناسراون و خه‌ڵكێكی زۆر متمانه‌یان پێده‌كات و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌كات، بۆیه‌ ئاساییه‌ له‌و كاته‌دا دروشم بڵێت و ئامۆژگاری دابه‌ش بكات، چونكه‌ ھه‌م زه‌مینه‌ی شوێن جیاوازه‌ كه‌ ته‌خته‌ی شانۆ و گۆڕه‌پانی نمایشكردنی شانۆ نییه‌، ھه‌م زه‌مه‌نیش جیاوازه‌ كه‌ زه‌مه‌نی خۆنیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌و ئه‌و بینه‌ره‌ی له‌وێن بینه‌ری نمایشی شانۆیی نین و خه‌ڵكی ناڕازی و خۆپیشانده‌رن، شانۆكاریش كه‌ ده‌چێته‌ ریزیان ده‌بیته‌ كه‌سێكی ناڕازی خۆپیشانده‌رو ھاوتای ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌.

Ktv

كاره‌ساتی گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ شانۆكار كاتێ نمایشێكی شانۆیی پێشكه‌شده‌كات وا ره‌فتار بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ر بێت و ده‌ستبكات به‌ دروشمبازی و ده‌نگی به‌رز بكاته‌وه‌و خه‌ڵكی ساده‌ فریو بدات، ئه‌وه‌ له‌بیر خۆی بباته‌وه‌ كه‌ ئه‌و لێره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نمایشێكی شانۆیی پێشكه‌ش بكات، شانۆ ئه‌و ھونه‌ری كه‌ لقێكه‌ له‌ لقه‌كانی ھونه‌رو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ھره‌و زانست و تواناو خه‌یاڵكردن و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بونیاتنانه‌وه‌و گۆڕین و داھێنان دروست بووه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌توانێت ھه‌ڵگری ئه‌مانه‌ بێت و له‌ فۆرمێكی ھونه‌ری باڵا بۆ بینه‌ری بگوازێته‌وه‌، پێی ناووترێت شانۆكار و ھونه‌رمه‌ند، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌ كه‌ ته‌نھا به‌ شانۆكار ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌زیفه‌ی خۆپیشاندان و دروشمبه‌خشینه‌وه‌و ھات و ھاوارو قیژه‌قیژ، ئه‌وه‌ به‌ ھه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت، ته‌نھا پێویستی به‌وه‌ ھه‌یه‌ تۆزێك بوێر بێت و شه‌رم له‌وه‌ نه‌كات كه‌ ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه‌، بۆیه‌ كاتێ شانۆكار له‌ جیاتی پێشكه‌شكردنی كاری ھونه‌ری داھێنه‌ر و فۆرمی جوانكاری، خه‌ریكی ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ رێگه‌ی ھاتوھاوارو جوێندان، ختوكه‌ی تووڕه‌یی بینه‌ر بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ساده‌یی خۆی به‌دوای گڕوگاڵی ووشه‌و رسته‌كان بكه‌وێت، ئه‌و كاته‌ ئه‌و ناتوانێت ئیدیعای ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و لێره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نمایشی شانۆیی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵكو ده‌بێ رایبگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و لێره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری دروست بكات و خه‌ڵك به‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر و جاران له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی ھه‌بوو، ئه‌مه‌ش دوو ئه‌ركی جیاوازه‌و ھه‌ریه‌كه‌یان سات و كات و شوێنی خۆی ھه‌یه‌، كاتێ خه‌ریكی پێشكه‌شكردنی نمایشی شانۆییه‌ كه‌ره‌سته‌و فاكته‌رو فۆرمی جیاوازی له‌به‌رده‌سته‌و ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌وه‌ گوتارێكی زۆر كاریگه‌ر دروستبكات و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژیش له‌ زاكیره‌و یاده‌وه‌ری خه‌ڵك بمێنێته‌وه‌، كاتی خۆی كه‌ نمایشه‌كانی شكسپیرو مۆلێر و برێخت و مایرھۆڵد قه‌ده‌غه‌ ده‌كران له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م نمایشانه‌ دروشم و شیعاراتیان پێشكه‌ش ده‌كرد، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و نمایشانه‌ له‌نێو فۆرمێكی ھونه‌ری باڵا و ناوازه‌، دژایه‌تی گه‌وره‌ترین و دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می خۆیانیان ده‌كرد.

شانۆكاری ئێمه‌ كه‌ دێته‌ شه‌قام ئه‌گه‌ر جوێنیش نه‌دات و دروشمیش به‌رز نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوف و پیاوچاك بێت، ده‌ستده‌كات به‌ ئامۆگاری و گوتارخوێندن و وه‌عزدان، ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌وه‌ مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ باشه‌ و ئه‌وه‌ خراپه‌، ئه‌وه‌ نیشتمانپه‌روه‌رییه‌و ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌، زۆرێك له‌م گوتاره‌ بێتامانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ وه‌ستا بن كه‌ وه‌عز به‌سه‌ریاندا بخوێنیته‌وه‌،له‌ راستییدا شانۆكار ده‌توانێت ھه‌موو ئه‌مانه‌ش بكات، به‌ڵام له‌ چ فۆرمێك ئه‌مه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ ده‌بێ شانۆكار وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌نێو فه‌زای ھونه‌ره‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌ نه‌وه‌كو له‌ رووبه‌ری تردا، كێ به‌ قه‌د شكسپیر باسی قێزه‌وه‌نی و خوێنڕێژی ده‌سه‌ڵاتی كردووه‌، بڕۆن شانۆگه‌ری رێتشاردی سێیه‌م بخوێننه‌وه‌، كێ وه‌كو برێخت نه‌فره‌تی له‌ شه‌ڕ كردووه‌، بڕۆن دایكه‌ ئازاكه‌ی برێخت بخوێننه‌وه‌، كێ وه‌كو ئه‌بسن باسی له‌ گه‌مژه‌یی زۆرینه‌ كردووه‌، بڕۆن دوژمنی گه‌ل بخوێننه‌وه‌، بیخوێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشنا بن ئه‌م شانۆكاره‌ داھێنه‌رانه‌ له‌ چ فۆرمێكدا ئه‌مه‌یان كردووه‌و چۆن ئه‌و ره‌خنه‌و ناڕه‌زایی و تووڕه‌ییه‌یان داڕشتۆته‌وه‌و چۆنیشه‌ پاش سه‌دان ساڵ ھێشتا ئه‌و به‌رھه‌مانه‌ وه‌ك سامانی مرۆڤایه‌تی ده‌ژمێردرین و رۆژ به‌رۆژ به‌ھایان به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌بێ وه‌ك بینه‌رێك پێت بڵێم ببووره‌ من بۆ ئه‌وه‌ لێره‌ نیم، لێره‌م كه‌ هونه‌رو تواناو مه‌عریفه‌ی تۆ ببینم.

 ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.