Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 20:36

ئه‌مریکا هه‌ر جۆره‌ ئۆپه‌راسیۆنێکى سه‌ربازى تورکیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

ئه‌ردۆغان، هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشێكی به‌رفراوانی سەربازی ده‌كات
کوردستان TV
100%

مارك ئێسپێر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا لەبارەی ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ ئۆپه‌راسیۆنێك بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان هۆشداری به‌ توركیا دەدات.

مارك ئێسپێر، له‌ كاتی گه‌شتكردنی بۆ یابان به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند كه‌ هه‌ر جۆره‌ جووڵه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ی توركیا بۆ سووریا جێگای ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریكا نابێت.

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا هه‌روه‌ها جه‌ختی كرد‌ووەتەوە‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌یه‌ و هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شاندێكی ئه‌مریكی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی ئەنقەرەی كرد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باكووری سووریا، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن و گفتوگۆكانیان به‌ كراوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر هه‌مان رۆژ، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، دووباره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشێكی به‌رفراوانی سەربازی كرد بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات و ڕایگەیاندبوو، كه‌ بەمزوانە سەردانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەکات و هەڕەشەى لە هێزەکانی سووریای دیموکرات كرد کە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لەدەستە و بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەناسرێن.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.