Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 03:43

نووسه‌ر "عه‌بدولڕه‌حمان  کاکل" دوو کتێبی بڵاو کرده‌وه‌

له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان چاپ كراوه‌
کوردستان TV
100%

نووسه‌ر "عه‌بدولڕه‌حمان  كاكل" دوو كتێبی بڵاو كرده‌وه‌ ، یه‌كه‌میان به‌ ناوی" شه‌وێكی ئه‌نفال" دووه‌میشیان به‌ ناوی "زیندانی ژماره‌ 4" .

نووسه‌ر "عه‌بدولڕه‌حمان  كاكل" له‌ كتێبی " شه‌وێكی ئه‌نفال"  (24) كورته‌ چیرۆكی بڵاوكردۆته‌وه‌  له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ ، به‌رله‌وه‌ی ره‌نجی هزری من بن ، به‌رهه‌می شه‌ونخونی دایك و باوكمن، چونكه‌ له‌سه‌ر حیسابی ره‌نج و شه‌ونه‌خونی ئه‌وان نووسراون، رۆژانه‌ به‌ نێو كتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌كانی ئه‌و كات (ساڵانی هه‌شتاكان) پێچه‌ به‌ ده‌وره‌م بوو ، بۆ ئه‌وه‌ی بیانكڕم ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی دیكه‌ بوو له‌سه‌ر دایك و باوكم...

هه‌روه‌ها كاكل ده‌ڵێت: ئه‌م چیرۆكانه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكان ، تاكو كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان نووسراون وزۆربه‌یان ده‌ربڕی ناخی خۆمن  له‌سه‌ر ژینگه‌ وده‌وروبه‌ری خۆم و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان .

نووسه‌ر  "سابیر ره‌شید "له‌سه‌ر چیرۆكی (تۆ له‌ نێوان-؟و!-دا)  كه‌یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكه‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌گه‌ر چی كورتیله‌یه‌ ، به‌ڵام گه‌لێك مه‌غزای قووڵ به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دات.... كۆتاییه‌كه‌ی زۆر كاریگه‌ره‌و بگره‌ ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكانه‌ وه‌ستانی زیاتری گه‌ره‌كه‌و له‌ چیرۆكێكی درێژ زیاتر چڕبوونه‌وه‌ی ده‌وێت....

هه‌روه‌ه نووسه‌ر  سابیر ره‌شید له‌ باره‌ی چیرۆكی (تابلۆی یادێكی شوم) ده‌ڵێت:  من ئه‌وه‌نده‌ی چیرۆكی بێگانه‌ و كوردیم خوێندۆته‌وه‌ سه‌ره‌تای چیرۆكم به‌م شێوازه‌ نه‌دیوه‌، به‌راستی ئه‌وه‌ داهێناكی نوێی(عه‌بدولڕه‌حمان كاكل) خۆیه‌تی ، ئینجا چیرۆكه‌كه‌ وه‌ك زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی دیكه‌ به‌ شێوازی یا به‌سوود وه‌رگرتن له‌ شێوازی دایه‌لۆگی شانۆیی ده‌گاته‌ ناوه‌راستی چیرۆكه‌كه‌، له‌وێ ده‌بێته‌ گێرانه‌وه‌ی چیرۆكی ئاسایی هه‌ست ده‌كه‌ی كه‌ چیرۆكنووس له‌ په‌نای به‌سه‌رهاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ژن هێنانه‌ له‌ودیوی سنوور و له‌م شێوه‌ ماركردنه‌ به‌په‌له‌ ده‌یه‌وێ سنووره‌ ده‌ستكرده‌كان بشكێنی ...

كتێبی دووه‌می نووسه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان كاكل (زیندانی ژماره‌ 4)بریتیه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند نووسینێك كه‌ له‌ ماوه‌ی جیا جیا نووسراون و له‌ ماڵپه‌ره‌ ئه‌لكترۆنی و تۆَره‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان و رۆژنامه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ چه‌ند لێكچووون له‌ نێوان نووسینه‌كان هه‌یه‌ ،ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی (زیندان) و (ئازادی) ودیموكراسی) پێكهاتووه‌.

له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ نووسه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان كاكل ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه‌ زانیارییه‌كانی خۆمن له‌به‌سه‌رهاتی نێو ژیانی سه‌ده‌ی رابردووی ته‌مه‌نم و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ده‌ها بابه‌ت و كتێب و نووسینانه‌ی كه‌ خوێندوومه‌ته‌وه‌.

- نووسه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان  كاكل له‌ ساڵی 1963 له‌ شاری هه‌ولێری له‌ دایك بووه‌ ، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی شێخان ته‌واو كردوه‌ وله‌ ساڵی 1986-1989 به‌كه‌لۆریۆسی له‌ ئاداب به‌شی كوردی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین وه‌رگرتووه‌.

- له‌سه‌ره‌تای هه‌شته‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نووسینی ئه‌ده‌بی كردووه‌ و یه‌كه‌م چیرۆكی له‌ ساڵی 1987 له‌ گۆڤاری (به‌یان) بڵاوكردۆته‌وه‌.

- له‌ماوه‌ی ژیانییدا سێ جار له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی ئه‌منی رژێمی به‌عس ده‌ستگیر كراوه‌.

-له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات.

شایانی باسه‌ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان چاپ كراوه‌ به‌ تیراژی (1000) دانه‌ له‌ چاپخانه‌ی  شه‌هاب – هه‌ولێر چاپكراوه‌، دیزاینی له‌لایه‌ن (ئارام ئه‌كره‌م ) بۆ كراوه‌.

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv

ktv

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.