Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 00:46

به‌های روخسار له‌ دراماو سینه‌مادا

توانییوویانه‌ وێنه‌ی داهێنه‌رانه‌ی جوان له‌ هزرو خه‌یاڵی بینه‌ردا دروست بكه‌ن
کوردستان TV
100%

ن/ حه‌یده‌ر عبدولره‌حمان

به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ جیهانییه‌كانی بواری دراماو سینه‌ما بایه‌خێكی تایبه‌تی ده‌ده‌ن به‌ روخساری ئه‌كته‌ر و به‌ توخمێك له‌ توخمه‌كانی خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌كته‌ری داده‌نێن، له‌وانه‌ش كۆمپانیاكانی هۆلیود و كۆریی و ئوسترالی و ئه‌رجه‌نتینی و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌، كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ روخساری سرنج راكێش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنیانه‌ی خۆی هه‌یه‌ به‌سه‌ر بڕی ته‌ماشاكاران و گه‌رم و گوڕی په‌نجه‌ره‌ی هۆڵی سینه‌ماكان و شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان، چونكه‌ كامێرا ده‌سه‌ڵاتێكی سیحراوی هه‌یه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌ بوون و ده‌رخستنی شێوه‌، كه‌ زۆر جاران هه‌ندێ‌ جۆری بینه‌ر ده‌كه‌وێته‌ ژێركاریگه‌ری شێوه‌و و هه‌ست ده‌كات كه‌پێویستیان به‌ تێڕامان و هه‌ڵمژینی جوانیی شێوه‌ هه‌یه‌، به‌ رادده‌یه‌ك زۆر جاران ئه‌و روخسارو شێوانه‌ كاریگه‌رییه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ قووله‌َ به‌سه‌ر بینه‌ردا، بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ خۆی بكات فریو ده‌درێت، بۆیه‌ هه‌سته‌ جیا جیاكانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ ناخ شێوه‌دا روو ده‌چن، كه‌متر بوار بۆ ناوه‌رۆك و ئه‌قڵ به‌ جێ‌ دیڵن كه‌ به‌ره‌و شیكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی پێهكهاته‌ درامیه‌كان و رووداوه‌كان قوڵ ببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی هه‌موو پشت به‌ستنێكیان به‌ شێوه‌و روخساره‌ له‌ كاره‌ درامییه‌كاندا هه‌موو ئه‌و فاكته‌ره‌ جۆراو جۆرانه‌ به‌كار ده‌هێنن كه‌ بینه‌ری پێ‌ چه‌واشه‌ ده‌كرێ ، به‌ تایبه‌ت بینه‌ری گه‌نج و بینه‌ری خێزان كه‌ زۆرێك له‌وان له‌ ده‌ره‌نجامی بۆشاییه‌كی زۆر له‌ ژیانی رۆژانه‌یاندا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ له‌و زنجیره‌ دوورو درێژانه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و بریتین له‌ ته‌نها موغازه‌لات و نیشاندانی شێوه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری ئه‌وتۆ كه‌ زۆرێك له‌ بینه‌ران خه‌یاڵی خۆیانیان له‌ سه‌ر بونیات ده‌نێن .

زۆر ئه‌كته‌رهه‌ن، جوانیه‌كانیان بونه‌ته‌ فاكته‌ر بۆ ئه‌وه‌ی په‌لكێشی دنیای سینه‌ماو دراما بكرێن و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ببن به‌ ئه‌ستێره‌،بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان رۆژێ‌ له‌ رۆژان له‌ خه‌ونیشا بڕوایان به‌وه‌ هه‌بووبێ‌ كه‌ ده‌بن به‌و ناوه‌ ره‌ونه‌قدارانه‌ی بواری سینه‌ماو دراما، ئه‌وه‌تا سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ به‌ پێزی دراما توركییه‌كان رووخساره‌ كه‌ لای ئه‌وان له‌ سه‌رووی هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی دراما هه‌ژمار ده‌كرێت ،هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ تێكڕایی له‌وانه‌ش سیناریۆ و وێنه‌ گرتن و ده‌رهێنان له‌ پێناو به‌رجه‌سته‌ بوونی جوانییه‌كانه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی كاره‌ درامییه‌كانی ئه‌وانن .. كرۆكی راسته‌قینه‌ی روخساری جوانیش لای لاوه‌كانه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كاره‌ درامییه‌كاندا ته‌وه‌ری بنه‌ڕه‌تی دراماكانن و بینه‌ر زۆرینه‌ی كاتیان له‌ گه‌ڵدا به‌ سه‌ر ده‌بات ..

به‌ڵام به‌رجه‌سته‌ كردنی روخساری جوانیی بۆ كاری درامی مه‌رج نیه‌ ته‌نها له‌ بازنه‌ی پرسی لاوه‌كی و رووكه‌شی به‌ ناو خۆشه‌ویستی بخولێته‌وه‌ كه‌ زۆر جاران به‌ تایبه‌ت له‌ دراما توركییه‌كاندا بێزه‌وه‌رو ئێكسپایه‌ر ده‌بێت و له‌ چمكی پیرۆزی خۆشه‌ویستی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی وه‌ك ( یوسفی راستگۆ ) ی ئێرانیه‌كان و ( گه‌وهه‌ری كۆشكی )ی كۆرییه‌كان گه‌وره‌و پیرۆزی بكه‌ن، ده‌كرێت پرسی خۆشه‌ویستی بكرێته‌ بنه‌ڕه‌ت،به‌ڵام به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی تێیدا جوانترو پیرۆزتر بێت له‌ مانا پیرۆزه‌كه‌ی خۆی، خه‌ڵكی له‌ په‌نای ئه‌و جۆره‌ خۆشه‌ویستیه‌ پڕ له‌ گوزارشتانه‌، هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ بكات، نه‌ك خۆشه‌ویستی بكرێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی بازرگانی و ده‌رهاوێشته‌یه‌كی ژه‌هراوی كۆمه‌ڵگایێكی فاسید ی شیرازه‌ پچڕاو ..

له‌ زنجیره‌ درامای (گه‌وهه‌ری كۆشك) و(سۆناتای زستان) كه‌ دوو زنجیره‌ درامای كۆرین و به‌شێكی زۆر له‌ كیشوه‌ره‌كانی جیهانیان هه‌ژاندووه‌ و له‌ گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵگایێكدا ده‌گونجێن تیایاندا بایه‌خێكی زۆر به‌ روخسار دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و روخساره‌ بۆ كۆمه‌ڵێ‌ چمكی مرۆیی پیرۆز به‌رجه‌سته‌ كراوه‌، بۆیه‌ روخساره‌كانیان جوانتر كردووه‌ له‌ خۆی .

ئێمه‌ له‌ سینه‌ماو درامای كوردی نوێ‌ دا  ئاره‌زووی ئه‌وه‌مان هه‌بووه‌ كه‌ روخساری جوان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین،به‌ڵام له‌ سنوورێكی دیاری كراودا ماوینه‌ته‌وه‌،هه‌ر بۆ نموونه‌ ره‌نگه‌ روخسار له‌ زنجیره‌ درامای ( مه‌می ئالان ) ی ناسر حه‌سه‌ن، كۆڵه‌گه‌یه‌ك بووبن بۆ نه‌ڕوخانی زنجیره‌كه‌،ئه‌گه‌ر روخسارو وێنه‌ گرتن نه‌بوونایه‌ خوا بزانێ‌ زنجیره‌كه‌ به‌ كام هه‌ڵدێردا ده‌كه‌وت،له‌ زنجیره‌ درامای ( گه‌رده‌لوول ) جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ زۆر به‌ وردبینی و هه‌ستییارییه‌وه‌ هه‌ڵسوو كه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ روخساردا ده‌كات، له‌وانه‌ش پاڵه‌وانانی زنجیره‌كه‌، بۆیه‌ لایه‌نێكی زنجیره‌كه‌ی له‌ ده‌ست پووكانه‌وه‌ رزگار كرد، جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ دروست كه‌ری كه‌سایه‌تی و روخسارێكی وه‌ك وه‌نه‌وشه‌ و باران بوو، كه‌ ناودارییه‌كی زۆری بۆ په‌یدا كردن و خه‌ڵكی دووچاری به‌ دوا دا گه‌ڕانیان بوون، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ ئه‌و روخسارانه‌ وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌، زۆر جوینه‌وه‌و دووباره‌ كردنه‌وه‌یان له‌ به‌رهه‌می بازرگانی كرچو كاڵدا ده‌بێته‌ هۆی سوانی روخسارو له‌ ده‌ست دانی په‌رۆشی بینین بۆ ئه‌و روخسارانه‌، بۆیه‌ زۆر له‌ ئه‌كته‌ره‌ جیهانییه‌كان هه‌وڵی پاراستنی هاوسه‌نگی ده‌ده‌ن له‌ خۆ نیشاندان و ده‌ركه‌وتن، هه‌ر بۆ نموونه‌ ئایا په‌رۆشی بینه‌ر بۆ روخساری ( وه‌نه‌وشه‌) دوای پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌و ده‌ركه‌وتنی هه‌فتانه‌ی،به‌و شێوازه‌ لاوازه‌ وه‌ك په‌رۆشی جارانی بینه‌ره‌ دوای نمایش كردنی گه‌رده‌لوول ؟

ناوازه‌یی زۆر له‌ روخساره‌ درامیه‌ كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ناتوانن كاریگه‌رییه‌ك له‌ هزری بینه‌ردا به‌ جێ‌ بێڵن، روخساری كاتین كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ هه‌ستی بینه‌ردا ده‌مێننه‌وه‌ پاشان له‌ گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن زۆر به‌ ئاسانی كاڵ ده‌بنه‌وه‌،چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵنیشتووه‌كانی سه‌ر هه‌ست و سۆزی بینه‌ر نامێنن، وێنه‌كانیش له‌ خه‌یاڵدا كاڵ ده‌بنه‌وه‌و له‌ بار ده‌چن، هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ درامیه‌كانی ئێمه‌ به‌ ده‌ست گرفت و قه‌یرانی روخساره‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ناچاری ئه‌وه‌ ده‌بن كه‌ روخساره‌ سواوه‌كان وه‌ك بنێشته‌ خۆشه‌ له‌هه‌موو به‌رهه‌مێكا دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌،خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ له‌ ده‌ست ئه‌و روخسارانه‌ بێزار بووه‌ به‌رهه‌مه‌كان له‌هه‌ر چ ئاستێك دابن بینه‌ر قه‌بوڵیان ناكات و نایه‌وێت جارێكی دیكه‌ بیانبێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و درامایانه‌ی له‌ سنووری شاری هه‌ولێر تۆمار ده‌كرێن، كه‌چی له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی دیكه‌دا ده‌رهێنه‌ره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ی روخساریان نیه‌، زێده‌ رۆیی له‌ روخساری ئافره‌تدا ده‌كه‌ن .

هه‌ندێ‌ له‌و روخسارانه‌ شوێنی خۆیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانیان وه‌ك پێویست پڕ كردۆته‌وه‌ و توانییوویانه‌ وێنه‌ی داهێنه‌رانه‌ی جوان له‌ هزرو خه‌یاڵی بینه‌ردا دروست بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ توانای گوزارشت كردن و داهێنانیان نیه‌، بۆیه‌ ته‌نها وه‌ك وێنه‌یه‌كی مۆمیا كراو ده‌بیندرێن كه‌ ناتوانن هیچ خرپه‌و سروشێك به‌ بینه‌ر ببه‌خشن، بۆیه‌ روخسار ته‌نها له‌ پێناو روخساردا زۆر جاران پارچه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی دراما ئیفلیج ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و زۆری و بۆریه‌ له‌ روخساردا زۆر جاران تیشك له‌پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی دراماش ده‌دزێ‌ و وای لێ‌ ده‌كات ، دیقه‌تی بینه‌ر بكه‌وێته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك و په‌رت و بڵاویان ده‌كاته‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ كه‌سایه‌تی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی لاواز ده‌كه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و تیشك وه‌رگرتنه‌ له‌ پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی خزمه‌ت به‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی دیكه‌ بكات، كه‌واته‌ نه‌بوونی رێ‌ وشوێن بۆ روخساره‌ به‌ زۆر زێده‌ كراوه‌كان له‌رووی هاوكێشه‌ی هونه‌رییه‌وه‌ ، وه‌ك كه‌موو كوڕی و بۆشایی نه‌بوونی روخساره‌ وایه‌ له‌ درامادا

كوردستان تیڤی/ كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.