نوری مالیكی له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا ده‌كات ئه‌و هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌ی ده‌كرێت له ناوچه‌كه دووربخرێته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌ی له‌ناوچه‌كه هه‌یه له‌گه‌ڵ كوتانی ده‌هۆڵی جه‌نگ و ئاماژه‌كردن به رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سزای ئابووریی تاك لایه‌نه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه كه دژ به یاسا و عورفه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، هه‌موو ئه‌وانه مه‌ترسیی خراپ له‌سه‌ر گه‌لی موسڵمانی ئێران و سه‌رجه‌م گه‌لانی ناوچه‌كه داده‌نێت به‌تایبه‌ت گه‌لی عێراق كه تازه له‌شه‌ڕی وێرانكه‌ری داعشه‌وه ده‌رچووه و هێشتا شانه نووستوه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی.
سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی گوتووه كه سیاسه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كردن به به‌كارهێنانی هێز و چه‌كی ستراتیژی و سه‌پاندنی ئیراده و هه‌ژموون به‌هێز ناوچه‌كه به‌ره‌و كه‌ناری رووخان ده‌بات، له پاڵ سه‌رهه‌ڵدانی خولێكی دیكه‌ی توندوتیژی و سه‌ره‌تایه‌كه بۆ وه‌رزێكی دیكه له كوشتن و وێرانكردن، له‌كاتێكدا گه‌لانی ناوچه ههستیارهكهمان پێویستییان به ئارامی و سه‌قامگیری و به‌دیهێنانی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌شه.
مالیكی هه‌روه‌ها له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا ده‌ڵێت سیاسه‌تی په‌ڕاندن له‌سه‌ر پابه‌ندبوونه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و راگه‌یاندنی شه‌ڕ و سه‌پاندنی ئابڵوقه و بایكۆتكردن كه زیان به گه‌لی موسڵمانی ئێران ده‌گه‌یه‌نێت وه‌كو چۆن پێشتر زیانی به‌گه‌لی عێراق گه‌یاند واته‌ی رووخانی سیسته‌می جیهانی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی رۆڵی، هه‌روه‌ها دیارنه‌بوونی هه‌ڵوێستی میلله‌تان له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی فه‌وزا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت".
سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا پێشی وایه به‌كارهێنانی هێز و هه‌ڕه‌شه له‌دژی ئێران پێشێلكردنێكی روونه له‌دژی یاسا نێودهۆڵهتییهكان و بۆ وڵاتێك كه خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی خۆیه‌تی، هه‌روه‌ها دوژمنایه‌تییه‌كی روونه به‌رامبه‌ر به میلله‌تێكی موسڵمان كه ملكه‌چ بوون و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان ره‌ت ده‌كاته‌وه.
له‌كۆتایی قسه‌كانیدا نوری مالیكی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "داوا له‌هه‌مووان ده‌كه‌ین كه یه‌ك هه‌ڵوێست بن له به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی ناوچه‌كه و جیهانیش ده‌كات، داوا ده‌كه‌ین زمانی عه‌قڵ و دیالۆگ زاڵ ببێت، ره‌تكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆ سه‌پاندنی واقیع به‌هێز له‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.