Erbil 3°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 05:53

له‌ ساڵی 2018 زیاتر له‌ 73 ھه‌زار حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق تۆمارکراوه‌

رێژه‌كه‌ زیادیكردووه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عێراق ھۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه‌ی ھاوسه‌ره‌كان بۆ نامه‌ و وێنه‌ و زنجیره‌ فلمه‌كانی عیشق و خۆشه‌ویستی و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌كو په‌پجی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عێراق له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ و دادگه‌كانه‌وه‌ له‌ عێراق كۆیكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاماری فه‌رمی داده‌ندرێن رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی ھاوسه‌ره‌كان له‌ یه‌كتر و له‌به‌ریه‌ك ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانه‌كان زیادیكردووه‌، ته‌نھا له‌ ساڵی رابردوودا، زیاتر له‌ ٧٣ ھه‌زار حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ ھه‌بووه‌ كه‌ ئه‌م ئامارانه‌ش ھه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌.

ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماره‌كانی تایبه‌ت به‌ ساڵی ٢٠١٨ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ریده‌خات به‌تایبه‌ت له‌ چاره‌كی كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا رێژه‌كه‌ زۆر زیادیكردووه‌.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ "دادگه‌كانی عێراق له‌ میانی ساڵی ٢٠١٨دا، نزیكه‌ی ٧٣ ھه‌زار و ٥٦٩ حاڵه‌تی ته‌ڵاقیان تۆماركردووه‌، به‌غدای پایته‌ختیش به‌ھه‌ردوو به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌رخ و ره‌سافه‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می له‌نێو پارێزگاگانی عێراق تۆماركردووه‌ كه‌ ٣٠ ھه‌زار و ٢٨ حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ی تیادا روویداوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ١٦ ھه‌زار و ٧٢٤ ته‌ڵاقیان له‌ كه‌رتی ره‌سافه‌ و ١٣ ھه‌زار و ٣٠٤ حاڵه‌تیان له‌ به‌شی كه‌رخ بووه‌".

دادوه‌ری باری كه‌سێتی ئه‌حمه‌د سه‌فار له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ "دادگاكان رێژه‌ی به‌رزبووه‌وه‌یان له‌ حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ تۆماركردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ چاره‌كی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ھۆكاری سه‌ره‌كیی جیابوونه‌وه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ ھۆكارێك و له‌نێویاندا گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر سه‌رده‌می په‌یوه‌ندیی ئه‌لیكترۆنی و زۆربوونی ململانێ سیاسییه‌كان و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر خێزان، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ خێرایه‌ش ھه‌ڕه‌شه‌ له‌ زرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌كات به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی ته‌مه‌نه‌وه‌".

سه‌فار ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ "به‌مدواییانه‌ رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ زیادیكردووه‌ به‌ ھۆی نامه‌ یان وێنه‌ یان زنجیره‌ فیلمه‌كانی عیشق و خۆشه‌ویستی یان یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌كو په‌پجی كه‌ ھه‌موویان مه‌ترسیین بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگا".

ھه‌روه‌ھا ئه‌وه‌شی گوتووه‌ "مه‌سه‌له‌كانی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی یه‌كێكه‌ له‌و ھۆكارانه‌ی كه‌ رێژه‌یه‌كی له‌ جیابوونه‌وه‌كاندا تۆماركردووه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین زوو به‌شوودانی كچان و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌كارھێنانی مادده‌ی ھۆشبه‌ر و به‌رزبوونه‌وه‌ی تاوانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كانیش ھۆكاری دیكه‌ن و له‌ پشت زیادبوونی ئه‌و رێژانه‌وه‌ن".

ئه‌و دادوه‌ره‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه‌ "ھه‌روه‌ھا له‌نێو ھۆكاره‌كانی دیكه‌ی زیادبوونی رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی باوانن له‌ كاروباری ژن و مێرد و فاكته‌ره‌ ئابوورییه‌كان و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار و دابه‌زینی ئاستی داھاتی خێزان و جیاوازیی ئاستی ھۆشیاری بیر و كولتووری نێوان ژن و مێرده‌كان له‌ پاڵ جیاوازیی ئاستی خوێندن ئه‌مانه‌ش ھۆكاری دیكه‌ن".  

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.