دوێنێ شەممە 20ی نیسانی 2019، بە بەشداری سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، لە بەغدا لووتكەیەكی پەرلەمانی بەسترا و بە بەیاننامەیەكی پێنج خاڵیش كۆتایی بە لووتكەكە هات .
لووتكەی بەغدا بە بەشداری پەرلەمانانی سعوودیە، كوێت، ئێران، توركیا، سووریا و ئوردن بەڕێوە چوو، ئەمەش یەكەمین لووتكەی پەرلەمانییە لەنێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا ئەنجام بدرێت
دوای ئەوەی كۆبوونەوەی لووتكەی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا كۆتایی بە كارەكانی هێنا جەختیان لە سەر چەند خاڵێك كردەوە یەكەم: دووپاتیان لە پشتگیری لە پڕۆسەی سیاسی و بەشدارییان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق كردەوە، ئەوان كۆك بوون لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق.
دووەم : پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق پێداگیریان لە سەقامگیری عێراق و پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی كردەوە و پێیان وایە سەقامگیریی عێراق گرنگە بۆ ناوچەكە و رێخۆشكەریش دەبێت بە هەموو سەنگی سیاسی و ئابووری و مرۆیی بگەڕێتەوە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی.
سێیەم : بەشداربووانی لووتكەی بەغدا، كۆكن لەسەر ئەو سەركەوتنەی عێراق لە دژی داعش بە دەستی هێناوە، دەرفەتی هاوبەش بۆ گەلانی ناوچەكە دەرەخسێنێت لە هاریكاری و بنیادنان و پشتگیری لە دیالۆگی هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە لێكگەیشتنی هاوبەش لەسەر بنەمایەكی نوێ بۆ داهاتوو.
لە خاڵێكی تری لووتكەی بەغدا كە لەسەر داوای محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ساز كرا بوو، پێداگیری لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆی لە ناوچەكە كرایەوە، بەشداربووان پێیان وابوو گەلانی ناوچەكە باجی توندڕۆیی دەدەن.
هەروەها وڵاتانی دراوسێی عێراق پێداگیری لە پشتگیری پڕۆسەی بنیادنان و گەشەپێدانی عێراقیان كردەوە.
لە دوا خاڵدا كە خاڵی پێنجەمە : لووتكەی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، دووپات لە پشتگیری پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراق كرایەوە، بەوەی هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق بەشداری تێدا بكەن.
سوهێل تاهیر ... كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.