ئەیاد عەلاوی پڕۆژەیەکی چاکسازی لە عێراق راگەیاند و هۆشداری دهداته بەرپرسانی عێراق و دهڵێت: عێراق لەبەردەم مەترسی پێگەیشتنی نەوەی سێیەمی داعشدایە و پێویستە ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی پڕۆژەیەکی چاکسازی لە عێراق راگەیاند و هۆشداریشیدایە بەرپرسانی عێراق، کە نەوەیەکی نوێی داعش پێگەیشتون و مەترسین بۆ داهاتوی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەیاد عەلاوی پڕۆژەیەکی بەناوی چاکسازی لە سیستمی سیاسی و بونیادنانی دامەزراوەی دژە گەندەڵی ڕاگەیاند، و گوتی: لێرەوە هاوپەیمانێتیەکەیان مینبەری چاکسازی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا رادەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا کۆدەنگییەک هەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی، داواشی لە هەمو لایەک کرد بەبێ گەڕانەوە بۆ ئینتیمای حزبی و عەشایەری و تائیفی لە دەورەی ئەو مینبەرە کۆببنەوە، تا بەهەموو لایەک بتوانن هەنگاوێکی گەورە بۆ چاکسازی بنێن.
راشیگەیاند، دەستەبژێری سیاسی لە عێراقدا لەسەدا 5 زیاتر نابن، بۆیە داوای پێکهێنان و دروستکردنی رێکخراوە پیشەییەکان دەکات، کە رێگەنادەن حزب مینبەری چاکسازییەکەیان کۆنتڕۆڵ بکات.
هەروەها وتی ، لە رابردوودا عێراق رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە سەقامگیرکردنی ئاشتی لەناوچەکەدا و پێویستە لە ئایندەشدا ئەو رۆڵەی بۆ بگەڕێتەوە.
لەبارەی مەترسی سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستیەکانەوە وتی، عێراق لەبەردەم مەترسی پێگەیشتنی نەوەی سێیەمی داعشدایە و پێویستە ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق توشی ماڵوێرانییەکی دیکە نەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.