بەرپرسێکی خۆجێی و سەرچاوەیەکی سەربازی رایانگەیاند کە ھێزێکی پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا گەیشتووەتە ناوچەی تەنەف رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار نزیک سنووری عێراق لەگەڵ سووریا.
بە گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە، ئەو ھێزە پشتیوانییەی ئەمریکا، پێشتر لە بنکەی عەین ئەسەد-وە رەوانەی ناوچەی تەنەف رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کرابوو.
بەرپرسێکی خۆجێی ئەنبار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزە پشتیوانییەکەی ئەمریکا لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی جۆری ھەمەر و تۆپخانە و چەکی قورس پێکھاتووە و لەئێستادا لە ناوچەی تەنەف ٤٩٠ کیلۆمەتر رۆژئاوای شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار جێگیرکراوە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا بە ئامانجی پاراستنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ئەو ھێزە پشتیوانیەی ئەمریکا رەوانەی ناوچەی تەنەف کرابوون، بە تایبەتیش کە لەئێستادا ئۆپەراسیۆن بۆسەر دوایین پێگەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دیوی سووریا بەڕێوەدەچێت.
ھاوکات ئەفسەرێکی سوپای عێراق ئەو زانیارییانەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە ئەو پشتیوانییە سەربازییەی ئەمریکا پێشتر لە بنکەی عەین ئەسەد لە ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار رەوانەکرابوو.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوەدا، ھێزە پشتیوانییەکەی ئەمریکا لە ناوچەی تەنەف رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار سنووری عێراق لەگەڵ سووریا جێگیرکراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد کە ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ژمارەیەک بنکەی ھەیە لەوانە؛ بنکەی حەبانییە و عەین ئەسەد رۆژئاوای ئەنبار، لەگەڵ دوو بنکەی دیکە کە لە قەزای قائم و رۆژھەڵاتی شاری روتبە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوە و زانیاریەک لەوبارەیەوە لە لایەن کاربەدەستانی عێراق و ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە.
سهرچاوه ــ AA
دانانى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.