هەواڵگری سەربازیی دەستگیرکردنی موفتیەکی داعش رادەگەیەنێت، کە بەرپرسی کۆمەڵکوژیی و رفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتیانی ئێزدی بووە.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ بە هەماهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بەرپرسێکی گەورەی داعشیان دەستگیرکردووە کە موفتی و ئەمیری ئەو گرووپە بووە و فەتوای کۆمەڵکوژیی و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی کردنە سەر کچان و ژنانی ئێزدی دەرکردووە.
هەواڵگری سەربازی ئاشکرای کردووە؛ ئەو موفتیەی داعش لە ناوچەی قەیرەوانی موسڵ دەستگیرکراوە، بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر و بە تۆمەتی دەرکردنی فەتوای کۆمەڵکوژی و دەستگیرکردن و دەستدرێژی کردنە سەر کچان و ژنانی ئێزدی لە شەنگال.
رۆژی سێی ئابی ساڵی (2014) چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال و هەزاران هاووڵاتی کوردی ئێزدیان کۆمەڵکوژ کرد و هەزارانی دیکەیان ڕفاند و تائێستاش چارەنووسی زیاتر لە سێ هەزار و کچی و ژنی ئێزدی ژێردەستی داعش بە نادیاریی ماوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.