Erbil 12°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 21:18

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: یەکێتی دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن

عارف ڕوشدی: یەکێتی داوای زیاتر لە بەشی خۆی دەکات
کوردستان TV
100%

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتی بروای بە پرۆسەی دیموکراسی هەیە، دەتوانێت بەشداری لە حکوومەتدا نەکات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

عارف ڕوشدی، ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، ھێشتا کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کۆتاییان نەھاتووە و یەکلاییکەرەوە نین، بەڵام پارتی ئێستا بەرچاوڕوونییەکی ھەیە لەداخوازیی ئەو لایەنانە، پارتی و یەکێتی و گۆڕان ”دەبێت“ وەڵامی یەکتر بدەنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی لەم کۆبوونەوانەدا خراونەتە ڕوو.

ئاماژەشی بەوە کرد کە بۆ پارتی گرنگە کە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون، دواتر باس لە پۆستەکان بکەن، چونکە بەرنامەی کاری حکوومەت گرنگە و خەڵکی دەنگیان داوە تا حکوومەتێکی خزمەتگوزار هەبێت.

ڕوشدی ئاشکرای کردووە، وەکوو پارتی چەند پرەنسیپێکیان هەیە کە یەکەمجار لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون و دواتر ”هەموو لایەنەکان بە ھاوسەنگی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".

باسیشی لەوە کردووە کە مەبەستیان لە هاوسەنگی ئەوەیە، هەر حزبێک بەپێی ئەو ڕێژەی دەنگەی هێناویەتی، داوای پشک لە حکوومەتی داهاتوودا بکات و ”تەنانەت بۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکان ئەوە پێوەرێکی گشتییە، بەڵام هەمیشە پارتی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت“. 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا راوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ”ئەگەر ئێمە بڕوامان بەدیموکراسی ھەیە، دەبێ ھەرکەس ڕازی بێت بەو بەشەی کە پێی بڕاوە، ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین و دوایی بێین بڵێین دەبێت بەقەد ئەو بەشەی ھێناومانە، دوو بەرامبەرم پێبدرێت".

ئەوەشی راگەیاندووە کە یەکێتی داوای زیاتر لە حەقە بەشی خۆی دەکات، بەڵام ڕوشدی پێیوایە کە دەبێت پارتی ”لە سنوورێکی مەقبول“ کارئاسانی بکات. دەشڵێت: ”ئەگەر بڕوامان بە دیموکراسی ھەبێت، دەبێ بەپێی ڕێژەی کورسی و دەنگەکان پۆستی حکوومەت دابەش بکرێت، بەڵام پارتی لەبەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەمان ئامادەیە چاوپۆشی لەھەندێک شت بکات، واتە شتێک زیاد و کەم بکات کێشەی نابێت، ھەر شتێک پێویست بوو لای پارتی کێشەیەک نابێت، ھەر شتێک پێویست بوو بۆ ھەر لایەنێک بوو پارتی ئامادەیە بیکات لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام پێویستە لایەنەکان شتێک بزانن، بەشداریی ڕاستەقینە لای ئێمە مانای جیاوازە، دەبێت تەواو پابەند بن بەبەرنامەی حکوومەت، ناکرێت قاچێکیان لە حکوومەت بێت و قاچێکیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، ناکرێت لە نیوەی ڕێگا حکوومەت بەجێ بھێڵن، دەبێت خەمخۆرێکی بێ سنور بن بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵکی کوردستانی ھەیە".

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی یەکێتی بۆ دوو ئیدارەیی یان پێدانی بەشێکی زۆرتری پۆستەکان لە حەقەبەشی خۆیان، عارف ڕوشدی ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ”ئەگەر بڕوای بە دیموکراسی هەیە، دەتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن“.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.