Erbil 11°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 22:57

جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوردون کۆبووه‌وه‌

ئوردون ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ یارمەتی و پاڵپشتیكردنی عیراق نیشاندا
کوردستان TV
#7
100%


به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوی رۆژنامه‌وانی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئابووری، ئەمڕۆ عومەر ڕەزاز سەرۆك وەزیرانی شانشینی ئوردونی هاشمی، پێشوازی لە د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران – وەزیری دارایی عیراق كرد لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە عەمانی پایتەخت.

لەم دیدارەدا كە وەزیری دارایی ئوردون و پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەم وڵاتە تیایدا ئامادەبوون، ڕەزاز پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق و سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشی لە د.فوئاد كرد و دووپاتی لەسەر پێویستی گرتنەبەری باشترین رێگا كردەوە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا.

د. فوئاد تیشكی خستە سەر پەیوەندی مێژووی نێوان هەردوو وڵات و ئەوەشی خستەڕوو عیراق پێی باشە ئەم پەیوەندیانە هەمیشە لە ئاستێكی بەرز دابن و لە هەموو بوارەكاندا.
 
هاوكات هەردوولا باسیان لە هاوكاری گومرگی نێوانیان كرد بە هەبوونی باشترین میكانیزمی ئاسانكاری بۆ داخڵبوونی كاڵای ئوردونی بۆ عیراق لە ڕێگەی بازگەی تڕێبیلی سنووریەوە ئەمە جگە لە بەهێزتركردنی بنەما و بناغەی گواستنەوە لە رێگاكانی وشكانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی وگەشتیاری .

سەرۆك وەزیرانی ئوردون ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی عیراق كرد لەم بوارەدا وهیوای خواست ئەو كاوكاریە بەردەوام بێت .

لەلای خۆشیەوە د.فوئاد دووپاتی لەسەر گرنگی سوود وەرگرتن لە شارەزایی ئوردون كردەوە بەتایبەتی لە بواری تەكنەلۆژیا و مەشقپێكردنی كادیری پێشكەوتووی عیراقی .

سەرۆك وەزیرانی ئوردون لەم بارەیەوە ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ یارمەتی وپاڵپشتیكردنی عیراق نیشان دا.

د.فوئاد سوپاسی سەرۆك وەزیرانی شانشینی ئوردونی هاشمی وگەلی ئوردونی كرد بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی عیراق لە هەموو بوارەكان دا بەتایبەتی لەڕووی گۆڕانكارییە سیاسیەكان وهەنگاونان بەرەو دیموكراسیەت و بوژانەوەی ئابووری.

شیاوی باسە لەم دیدارەدا بەڕێزان سەفیە سوهێل باڵیۆزی عیراق لە ئوردون و هەردوو بەڕێوەبەری گشتی بودجە و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عیراق ئامادەی بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.