Erbil 10°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 20:56

عادل عه‌بدولمه‌ھدی له‌ هه‌ڵوێستێکی پێشووی په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌

كاندیدانی دیكه‌ بۆ ھه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات
کوردستان TV
100%

عادل عه‌بدولمه‌ھدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاندیدانه‌ی كه‌ بۆ ھه‌شت وه‌زاره‌تی كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شیكردووه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ره‌ت بكرێنه‌وه‌، ئه‌وا كاندیدی دیكه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.

عادل عه‌بدولمه‌ھدی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، محه‌مه‌د حه‌لبوسی كردووه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چوار پێشنیاز له‌خۆده‌گرێت.

له‌ یه‌كه‌م پێشنیازدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ كه‌ بۆ ھه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه‌ پێشكه‌شكراون له‌ میانی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ متمانه‌یان پێ نه‌به‌خشرا و ره‌تكرانه‌وه‌، ئه‌وا له‌ میانی ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێری داھاتوودا،  كاندیدانی دیكه‌ بۆ ئه‌و ھه‌شت وه‌زاره‌ته‌ پێشكه‌ش ده‌كات.

عادل عه‌بدولمه‌ھدی له‌ پێشنیازی دووه‌مدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ھه‌ردوو فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران (چاكسازیی و بنیاتنان) ده‌نگ له‌سه‌ر ٥-٦ وه‌زیری بده‌ن كه‌ رێككه‌وتوون له‌سه‌ری ئه‌وانی دیكه‌ دوابخرێن، ئه‌وا پرسی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ له‌ میانی ئه‌م ھه‌فته‌یه‌دا، به‌ ده‌نگدان و رێككه‌وتن یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌ و  پرسی دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی دیكه‌ له‌ دھاتوودا به‌ رێككه‌وتن و ته‌وافوق له‌سه‌ر كاندیده‌كان، یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌ھدی له‌ سێیه‌م پێنشیازدا داوای له‌ فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كردووه‌، رێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوی نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن به‌ گشتی یان به‌شێك له‌ ناوه‌كان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكوه‌زیران بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی رێككه‌وتن له‌سه‌ریان.

له‌ چواره‌م و كۆتا خاڵی پێشنیازه‌كه‌ گوتوویه‌تی: ھه‌ردوو فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ پرسی ناوه‌كان به‌جێبھێڵن بۆ سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تا په‌سه‌ندیان بكه‌ن، یان ئه‌وه‌تا ھه‌موویان ره‌ت بكه‌نه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگ بۆ رێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بوون دروست بكرێت.

تا ئێستا ھه‌شت وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، عادل عه‌بدولمه‌ھدی ھه‌ن كه‌ به‌ ھۆی ناكۆكی لایه‌نه‌كان به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دانیشتنێك ساز بكات كه‌ له‌ میاندا ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌ھدی بدات.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.