روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، شارۆچکەی هەجینی سەر بە پارێزگای دێرەزوری لە رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی داعشدا رزگارکرد و بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی کردەوە.
فەرماندەیەکی باڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند" نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی شارۆچکەی هەجین کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لە ماوەی یەک دوو رۆژی داهاتوودا سەرجەم ئەو ناوچانەی دیکە رزگار دەکەنەوە کە لە دەورەبەری هەجین لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە.
هەجین دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش بو لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لەنزیک سنوری عێراق و لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەستپێکردوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ هەسەدە رایگەیاند" زیاتر لە (500) هاوڵاتیی مەدەنییان لە ناوچەکانی سۆسە و باغۆز و شەجلە لە نزیک هەجین و سەرسنوری عێراق رزگارکردوە، کە داعش وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریهێناون و دوای رزگارکردنیان گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.