ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی خۆپێشاندان لە پارێزگای بەسرە دەستی پێكردەوە و ئێستەش خۆپێشاندەران گەمارۆی بینای ئەنجوومەنی پارێزگایان داوە و ڕێگە نادەن ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بێنە دەرەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنەكە شكستی هێنا لە دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی نوێ و سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكە.
بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، ئێستە 12 ئەندامی ئەنجوومەنەكە لە ژوورەوە گیریان خواردووە و ڕێگە بەهاتنە دەرەوەیان نادرێ، ئەمەش دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنەكەدا كە بۆ دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی نوێ بۆ ئەنجوومەنەكە شكستیان هێنا.
ئەنجوومەنەكە بەبیانووی تەواونەكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان، بڕیاردانی لەسەر گۆڕینی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و پارێزگاری بەسرە دواخست.
لهوەتەی مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە خۆپێشاندانی بەرفرەوان لە بەسرە دەستی پێكردووە و خەڵك داوای ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەبا و هەلی كار دەكات، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق هیچیانی دابین نەكردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.