ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایینامەیەكی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەكانی دوێنێی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی سنووری هەرێمی كوردستان گەیاندە حكوومەتی ئەنقەرە و رایگەیاند هەر هێرشێك سەركۆنە دەكەن كە كار لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بكات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە سەركۆنەی هێرشی فڕۆكە توركیەكان دەكات بەوەی سەروەری ئاسمانی عێراقیان پێشێل كردووە و چەند پێگەیەكیان لە سنوورەكانی چیای شنگال و مەخموور كردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەكەوتنەوەی چەندین زیانی گیانی و مادی كردووە بەهۆی هێرشە ئاسمانیەكانی توركیا و راشیگەیاندووە كە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە كاریگەری بكاتە سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، سەرکۆنە دەکەن.
بەغدا ئەم هێرشانەی ئەنقەرەی بەپێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەری و ئاسایشی عێراق وەسف كردووە.
دوێنێ شەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هێرشیان کردە سەر چیای شنگال و کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان لە مەخموور، كە هەردوو سنوور پێگەی پەكەكەن، بەهۆى ئەم هێرشانەوە پێنج كەس كوژران و پێنجی تریش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.