Erbil 9°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 09:56

بڕیارە ساڵی 2020 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئه‌نجام بدرێت

ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی 1957 دەکات
کوردستان TV
100%

لە دوای نەمانی حکومەتی بەعس، سەرژمێری لە عێراق نەکراوە، بەڵام بڕیارە ساڵی 2020 سەرژمێری گشتی لە عێراق بکرێت.

به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مینداری گشتییی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، نوێنه‌ری سندوقی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌رژمێری و چه‌ندین باڵیۆز و كه‌سایه‌تی دیكه‌، سێیه‌مین كۆبوونه‌وه‌ بۆ دانانی رێوشوێنه‌كانی چۆنییه‌تی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له عێراق بۆ 2020 به‌ڕێوەچوو.

د. عه‌لی سندی، وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان نایشارێته‌وه‌ سه‌رژمێری ناتوانێت كێشه‌ی سیاسی به‌تایبه‌ت كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ربكات. عەلی سندی دەڵێت " تێنه‌گه‌یشتنێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر خودی سه‌رژمێری، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له‌ عێراق وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری مه‌ترسییه‌ بۆیان، بەڵام هیچ وەزارەتێک ناتوانێت پلانی دروست دابنێت، ئەگەر سەرژمێرییەکی وردی لەبەردەستدا نەبێت.

له‌ پرۆژه‌یاسای بوجه‌ی 2019ـی عێراق، بڕی 100 ملیار دیناری عێراقی ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری، ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق داوای یارمه‌تی له‌ سه‌رجه‌م رێخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییەکان ده‌كات بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌و پرۆسه‌یەدا‌.

مه‌هدی عه‌للاق، ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراق دەڵێ" نزیكه‌ی دوو ساڵمان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری پێش كۆتایی ساڵی 2020. پلانی سه‌ره‌كیمان داڕشتووه و‌، لەڕاستیدا پێویستی زۆرمان به‌ بودجه‌ هه‌یه‌ بۆ ئاماده‌كارییه‌كان له‌ ساڵی 2019، بۆیه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕه‌ پارەیەكی باشی ته‌رخانكردووه‌ بۆ سه‌رژمێری له‌ پرۆژه‌یاسای 2019، به‌ڵام بێگومان بودجه‌ گه‌وره‌كه‌ ساڵی 2020 ده‌بێت".

عێراق بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری ئه‌نجامبدات. ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی ئه‌نجامیداون له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، کۆتاجاریش 1997 بووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو سەرژمێرییەدا بەشدار نەبووە و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی 1957 دەکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.