ڕێکخراوی یونیسێف، ئاشکرای دهكات، زیاتر لە 150 هەزار منداڵی عێراقی، بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماو نەبوونی پێداویستی گهرم كردنهوه، گیانیان لە مەترسیدایە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی یونیسێف، کە لە میدیا جیهانییەکان بڵاو کراوەتەوە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بنەماڵەی ئەو منداڵانە لە شوێنە دووردەستەکانی عێراق و دابینەکردنی جلوبەرگ و پۆشاک و کەلوپەلی گەرمکەرەوە لەم وەرزی سەرمایەدا بەردەوامە و زۆربەیان ئەو کەسانەن کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە ئاوار بوون.
لە ڕاپۆرتەکەی یونیسێفدا هاتووە" وەرزی زستانی عێراق سەخت و تاقەتپڕووکێنە، بارینی بارانی زۆر و هەستانی لافاو و لە هەندێ شوێن بەفربارین، پلەکانی گەرمای گەیاندووەتە ژێر سفر و له هەرێمی کوردستان و مووسڵ و شنگال و کەمپی ئاوارەکان، ژیانیان لە مەترسی دایە. نەبوونی نەوت و کەلوپەلی گەرمکەرەوە و جلوبەرگی زستانە، ژیانی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی (یونایتێدپرێس) هەستانی لافاو لە هەندێ ناوچەی باشوور، ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی وەرزی زستان بۆ منداڵان وەرزێکی ئەستەم و دژوار بێت و لەوانەیە لە هەمبەر نەخۆشیی سییەکان، هەناسەدان و هەڵامەتدا، تووشی گرفت ببن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.