Erbil 10°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 10:33

یه‌کێتى ئه‌وروپا هاوکاری هه‌رێمی کوردستان له‌رووی ئابووریه‌وه‌ ده‌که‌ین

شاندێكی یه‌كێتى ئه‌وروپا سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد
کوردستان TV
100%

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11-12-2018، شاندێكی یه‌كێتیى ئه‌وروپا به‌سه‌رۆكایه‌تیى  خاتوو كلاریس پاستۆریس، نێرده‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر و ئه‌ندامێتیى ئۆگۆستۆ بیكالی، سه‌رۆكى هه‌ماهه‌نگیى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ عێراق و یه‌مه‌ن و گاى هاریسن، له‌ به‌شی سیاسه‌تى هه‌رێمایه‌تى له‌عێراق و دوورگه‌ى عه‌ره‌بی له‌ فه‌رمانگه‌ى خزمه‌تگوزاریى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا،  سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مان و سه‌رۆك و نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پێكهاته‌كانى توركمان و كلدان سریان ئاشوور پێشوازییان لێكرا.


 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى زیاترى نێوان په‌رله‌مان و یه‌كێتیى ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی و پڕۆژه‌و به‌رنامه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى تواناكان و پلان و به‌رنامه‌ى ستراتیژیی یه‌كێتیى ئه‌وروپا بۆ دوو ساڵى داهاتوو له‌عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى ئابوورى و ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆ لاوان و ژنان و ره‌وشی سیاسى و پرۆسه‌ى داڕشتنى یاسا  و پێشخستنى دیموكراسی له‌عێراق و هه‌رێمى كوردستان قسه‌ و باسیان له‌سه‌ر كرا. 


له‌وباره‌یه‌وه‌ شاندى میوان به‌بایه‌خه‌وه‌ باسیان له‌ رۆل و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد له‌شه‌ڕى به‌رنگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواراه‌كان و لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته‌كان كرد. هه‌روه‌ها ئاماده‌یی خۆشیان بۆ به‌رده‌وامبوونى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارییان بۆ هه‌رێم له‌ رووى ئابوورى و ته‌رخانكردنى پڕۆژه‌ى زیاتر بۆ یارمه‌تیدانى ژنان و گه‌نجان و پێداویستیى ئاواره‌كان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنى خۆیان ده‌ریڕی . 
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و نوێنه‌رى فراكسیۆن و پێكهاته‌كانى په‌رله‌مان، وێڕاى سوپاسكردنى هاوكارییه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا داواى زیادكردنى پڕۆژه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌وروپایان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد،  گه‌شبینیى خۆیان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێم و  هه‌ماهه‌نگیى نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌ربڕى، ئاماژه‌شیان به‌گرنگترین پڕۆژه‌ یاساكانى به‌رده‌م خولى پێنجه‌م كرد، له‌وانه‌ نوسینه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان و كاراكردنى یاساى دامه‌زراندنى سه‌ندوقه‌ نه‌وتییه‌كان و هه‌مواركردنى یاساى هه‌ڵبژاردن و یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و  په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى و  ده‌یان پڕۆژه‌ى تر كه‌ له‌ خولى پێشووى په‌رله‌ماندا كاریان له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌به‌شیكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یه‌كێتیى ئه‌وروپا ئاماده‌یی خۆیان بۆ  كردنه‌وه‌ى خولى راهینان و گه‌شه‌پێدانى تواناكان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى نوێى په‌رله‌مان نیشانداو  جه‌ختیشیان له‌سه‌ر كاركردنى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرده‌وه‌ له‌ هه‌ردوو بوارى  چاودێریى دارایی گشتى و چاكسازى له‌بوارى وزه‌دا به‌تایبه‌تى له‌بوارى كه‌رتى كاره‌بادا.

هه‌روه‌ك خۆشحالێى خۆیان به‌باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ربڕى و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ له‌جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانی داهاتوویان له‌عیراقدا ره‌چاوى بارى تایبه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، هیواشیان خواست هه‌رچی زووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم له‌سه‌ر پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى تر رێكبكه‌ون و پرۆسه‌ى دیموكراسی و پێكه‌وه‌ كاركردن  وخزمه‌تكردن ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.