Erbil 6°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 22:43

قایمقامی مووسڵ: ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی موسڵ ٥٠ ملیار دۆلاری پێویسته‌

٧٣ پردیش پێویستیان بە بونیادنانەوە ھەیە
کوردستان TV
100%


لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، قایمقامی قەزای ناوەندی مووسڵ، زوھێر ئەعرەجی رایگەیاند، تەنھا لە ناوەندی مووسڵ پێویستییان بە هەزار و٥٠٠ قوتابخانە ھەیە، ٧٣ پردیش پێویستیان بە بونیادنانەوە ھەیە کە لەنێویاندا پێنج پردە سەرەکییەکەی شارەکە ھەن.

له‌باره‌ى كه‌مپى ئاواره‌كانى موسل و ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان ، زوھێر ئەعرەجی ڕایگه‌یاند ،  کەمپی ئاوارەکانی تایبەت بە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا دابەش بوون و لە چەند ناوچەیەک ھەن کە لە ھەرێمی کوردستان لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک کەمپمان ھەیە، ھەروەھا کەمپی دیکەشمان لە باشوور و رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ ھەیە کە دانیشتوانی قەزا و ناحیەکانی سەربە پارێزگای نەینەوا و سەنتەری پارێزگاش واتە دانیشتوانی شاری مووسڵ لەخۆدەگرن، بەپێی دوایین ئامارەکان، ٣٥٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا ھێشتا لە کەمپەکاندا دەژیین و بەشێک لە خێزانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتایبەت لە مووسڵ و دوای چەند رۆژێکی دیکە جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ نێو کەمپەکان.

راشیگه‌یاندووه‌ ، بەداخەوە حکوومەتی ناوەندی تاوەکو ئێستا قەرەبووی ماددی ھاووڵاتییانی نەکردووەتەوە کە بە ھۆی ئەو زیانانەی لە خانووەکانیان کەوتووەتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەوە جگە لەوەی قەرەبووی موڵک و ماڵ و سەرچاوەی داھاتیشی نەکردوونەتەوە و ئێمە پێویستمان بەھەڵوەستەیەکی جددی ھەیە بۆ کۆتایی پێھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، بەڵام کێشەمان ھەیە، بە نموونە بە ھۆی بوونی ناکۆکییەوە زۆرینەی ئێزیدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری، ھەروەھا کێشەیەکی دیکە بریتییە لە مامەڵەنەکردنی حکوومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی جددی بۆ ھاوکاریکردنی خێرا بۆ گێڕانەوەی ژیان تەنانەت بۆ نێو مووسڵیش کە لە رێگەی دابینکردنی ھاریکارییەوە دەبێت بۆ بونیادنان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە گوند و دێھاتەکان، ئەم خزمەتگوزارییانە پێویستی بە بڕە پارە و بوودجەی زەبەلاح ھەیە کە حکوومەتی خۆجێی ئەو توانا و بوودجەیەی نییە و لەبەردەستیدا نابێت، بەداخەوە بڕە پارەی پێویست بە بەردەوامی ژیان لە نەینەوا و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانی تەرخان نەکراوە، لەئێستادا بەنموونە چەندین پرد ھەن کە قەزا و ناحیەکان بەیەکتر دەبەستنەوە یان بە مووسڵ دەیانبەستێتەوە ھێشتا رووخاون و دروست نەکراوەنەتەوە، ھەموو ئەمانە وایکردووە کە بەشێک لە ھاووڵاتییان بەزەحمەت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

 

زوھێر ئەعرەجی له‌باره‌ى ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا پێویستە چەند دەبێت؟  ڕایگه‌یاند ،  ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا زۆر زۆرە و ملیارەھا دۆلارمان پێویستە، ئێستا پێنج پردی سەرەکیمان لەنێو مووسڵ ھەیە و لە خزمەتدا نیین، ھەروەھا ٧٣ پردمان بەگشتی ھەیە کە لە دەرەوەی خزمەتدان، ئەو چارەسەرانەی کراون چارەسەری کاتیین و ئەو پرد و رێگە کاتییانەی دروستکراون بە شێوەیەکی ئەندازەیی و بۆ ھەمیشەیی نەکراون، بەڵکو گوتوومانە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە ئەوانە وەکو چارەسەری کاتی ئەنجام بدەین نەوەک چارەسەری ھەمیشەیی. لە راستییشدا زۆر پڕۆژە کراوە، بەڵام ھێشتا زۆر زۆرمان پێویستە و ملیارەھا دۆلارمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە دەوێت تا بکەوێتەوە سەر پێی خۆی، ملیارەھا دۆلارمان بۆ دروستکردنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون ھەیە و لە دروستکردنی نەخۆشخانە و ژێرخان و پێویستیی دیکە، زیاتر لە هەزار و٥٠٠ قوتابخانەمان لە مووسڵ پێویستە، ئەو بوودجانەشی کە تەرخانکراون زۆر زۆر کەمن و بەشی شتێکی ئەوتۆ ناکەن.

ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو ھەردووکیان دانیان بەوەدا ناوە کە نەینەوا پارێزگایەکی کارەستبارە، سەرباری ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم راستییەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئەو بوودجانەی کە بۆ پارێزگاکە تەرخانکراون بەشی ھیچ ناکەن.

ئێمە بەپێی توێژینەوەکانمان ھەموو کەرتەکانی پارێزگاکە پێویستی بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو ھەیە، بەڵام ئەگەر ژێرخانێکی باشمان ھەبێت بەلانیکەم پێویستمان بە ٥٠ ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە، ئەگەر بمانەوێت پڕۆژەی گەورەتر بکەین ئەوا پێویستمان بە بڕە پارەی زیاتر دەبێت.
 

له‌باره‌ى جموجۆلی چه‌كدارانى داعش له‌موسل قایمقام ڕایگه‌یاند ، بارودۆخی ئاسایش لە مووسڵ زۆر جێگیر و بەرقەرارە، لێرە و لەوێ چەند پێشێلکارییەکی ئەمنی روویانداوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بارودۆخی ئەمنیی پارێزگاکە ناجێگیرە، ئەوە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق روودەدات جار و بار لێرە و لەوێ پێشێلکاریی ئەمنی روودەدات، ھەروەھا مووسڵ چەند جارێک رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە بووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە بە پاڵپشتیی ھێزە ئەمنییەکان بارودۆخی ئاسایشی شارەکە جێگیرە و ھیچ مەترسییەک لەسەر مووسڵ لە ئارادا نییە، ھەروەھا ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چەندین راپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارێزگای نەینەوا لەسەر ئاستی عێراق سێیەم پارێزگایە لە رووی جێگیریی ئەمنییەوە.

سه‌رچاوه‌ - AA

شوان عه‌زیز
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.