Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 15:52

سەرکردەیەکی شیعە: سەرەتای ساڵی نوێ بەرهەمی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەردەکەوێت

سەفا غانم: رێكکەوتن نزیكە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت
کوردستان TV
100%

سەفا غانم، سەركردەی شیعە و پەرلەمانتاری لیستی وەتەنییە لە پەرلەمانی عێراق، كە هاوكات نوێنەری بەسڕەیە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو. ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای ساڵی 2019دا بەرهەمی سەردانەكەی سەرۆك بازرانی بۆ بەغدا دەردەكەوێت. روونیشی دەکاتەوە کە رێكکەوتن نزیكە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان یان بكرێتە 14% یان بكرێتەوە17%.

سەفا غانم سەرەتا لەبارەی سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا گوتی: "سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە چەندین رووەوە بۆ رێكخستن و چارەسەركردنی دۆخی عێراق گرنگیی خۆی هەیە، سەردانێكی سەركەوتوو و بە بەرهەم بوو، برایانی كورد تێگەیشتن كە بەغدا چی دەوێت، سەركردەكانی عێراقیش تێگەیشتن هەرێمی كوردستان چی دەوێت".

روونیشی كردەوە، ئەو سەردانە سەرەتایەكی زۆر باش دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەو كە لە هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنییەیە، ئاشكرای دەكات، لە بەشێک كۆبوونەوانەدا بەشداریی كردووە، كەوا بارزانی لەگەڵ سەركردەكانی عێراق كۆ بووەتەوە، دەشڵێت: "وەكوو هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی، لەگەڵ بارزانی كۆ بووینەوە و لیژنەی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوولا لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقیدا دروست دەكرێت".

سەفا غانم، جەخت دەكاتەوە، ماوەیەكە كێشەی زۆر لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەیە: "لە ساڵی 2016وە بەڕێز بارزانی سەردانی بەغدای نەكردبوو، كێشە و ململانێی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، دوای سەردانەكە زۆر لێك تێگەیشتن دروست بووە، بۆ ئەوەی رێكکەوتن بۆ دەربازبوون لەو قۆناخە و چارەسەری كێشەكانی هەردوولا بكرێت".

ئەو سەركردەیەی شیعە گوتیشی: "لە سەرەتای ساڵی 2019دا بەرهەمی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەردەكەوێت، بەتایبەت لەسەر بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا، هەروەها لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نزیكبوونەوەی زیاتر دێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان بەرهەمی زیاتریان هەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە، لەبارەی گەڕاندنەوەی 17%ی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی پرسی بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، رێكکەوتن نزیك بووەتەوە بودجەكە بكرێتە 14% یان بكرێتەوە 17%، ئەو پرسەش پێویستی بە تەوافوق هەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.