هۆشیار زێباری وه‌زیری پێشووی دارایی و ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشداری دایه حكوومه‌تی عێراق و دووپاتی كرده‌وه، به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی شیعه به ڕژدی هه‌وڵده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ ببنه هۆی شكستی حكوومه‌تی ئێستای عێراق كه له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێ.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوێنێ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت كۆ بووه‌وه، به‌ڵام ئاڵۆزی و كێشه‌ی زۆر له نێوان فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان دروست بوو و نه‌توانرا حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی پڕ بكرێنه‌وه و ته‌واو بكرێن.
له‌وباره‌وه هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له فه‌یسبووكی خۆی نووسیویه‌تی، هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی عه‌بدولمه‌هدی له متمانه‌پێدان به هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق، بۆ خراپی پلان و نه‌بوونی سازانی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه له نێو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
دووپاتی كرده‌وه، كه به‌شێك له سه‌ركرده باڵاكانی شیعه كێشه‌كه‌یان زۆر قوڵ كردووه‌ته‌وه و ئه‌وان پشتیوانی له ناسه‌قامگیری حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت كوتله‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، به ئاراسته‌ی شكستهێنانی حكوومه‌تی ئێسته هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یش دژی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی زێباری گوتی، ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان ڕوویدا په‌یامێكی نادڵنیایییه و گولـله‌یه‌كی هۆشدارییه كه ته‌نگژه‌كان له داهاتوویش به‌رده‌وامیان ده‌بێ و مه‌زنتر ده‌بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.