Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:14

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری کاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له‌ عێراق ده‌کات

په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نه‌رویژ له‌ گشت بواره‌كان تاوتوێكرا
کوردستان TV
#7
100%

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ده‌رفه‌تێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ ئارادایه‌ و جه‌ختی له‌و كرده‌وه‌، كه‌ له‌و بابه‌ته‌ به‌غدا و هه‌ولێر پێویستیان به‌ یه‌كدی هه‌یه.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5/12/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (روار هۆگسدال) هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له‌ عێراق كرد، له‌دیدارێكدا ژماره‌یه‌ك بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و نه‌رویژ له‌ گشت بواره‌كان تاوتوێكرا.

له‌و دیداره‌دا پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسی عێراق گفتوگۆكرا، له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا و ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند، ده‌رفه‌تێك بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ ئارادایه‌ و جه‌ختی له‌و كرده‌وه‌، كه‌ له‌و بابه‌ته‌ به‌غدا و هه‌ولێر پێویستیان به‌ یه‌كدی هه‌یه.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ فه‌رامۆشكردنی جێبه‌جێكردنی ماده‌كانی ده‌ستوور و كه‌موكوڕییه‌كانی پرۆژه‌ بودجه‌ی عێراق به‌رامبه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دا.

له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویژ له‌ عێراق سوپاسی مه‌سرور بارزانی كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ و پیرۆزبایی به‌ربژێركردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكرد و هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ په‌ره‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان و فره‌وانكردنی هاوكاریی و پاڵپشتی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا.

هۆگسدال وێرای به‌رزنرخاندنی هاوكاری و ئاسانكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ تیمی وڵاته‌كه‌ی، پوخته‌یه‌كی له‌ كاروچالاكییه‌ مرۆییه‌كانیان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ نه‌ینه‌وا خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها رۆڵی وڵاته‌كه‌ی له‌ هاوپه‌یمانی جیهانی دژ به‌ داعش دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌رده‌وام ده‌بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.