Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 16:26

دوای هێرشکردنه‌ سه‌ر پزیشکێک سه‌رجه‌م نۆرینگه‌ تایبه‌ته‌کانی سلێمانی بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر داده‌خرێن

له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه‌ و باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌
کوردستان TV
#7
100%

ئێواره‌ی دوێنێ‌ له‌ شه‌قامی ئۆرزدی شاری سلێمانی و له‌ نۆرینگه‌كه‌ی خۆی له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید مامۆستای به‌شی پزیشكی زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری گشتی كرا و به‌سه‌ختی برینداركرا.

دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی و ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆی، تا ئێستا له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه‌ و باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌.

ئه‌و هێرشه‌ كاردانه‌وه‌ی توندی هاوپیشه‌كانی ئه‌و پزیشكه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن گیانی پزیشكان پارێزراو بێت و رێوشوێنی توند به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پزیشكان.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مڕۆ سه‌رۆك و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی و مامۆستایان و قوتابیانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆكه‌ له‌ به‌رده‌م كه‌مپی كۆنی زانكۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا و چه‌ندین دروشمیان دژی هێرش و په‌لاماری سه‌ر پزیشكان به‌رز كردبوویه‌وه‌ و ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر مامۆستایه‌كی كۆلێژه‌كه‌یان كرد.

دواتر پزیشك و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كانی شاره‌كه‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، سه‌باح هه‌ورامی رایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، چه‌ند جارێك پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی رووبه‌ڕووی هێرش و په‌لامار بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ به‌ چه‌ك و له‌نێو نۆڕینگه‌كه‌یدا پزیشكێك به‌و شێوه‌یه‌ هێرشی بكرێته‌ سه‌ر.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای پزیشكان ـ لقی سلێمانی، ته‌ها مه‌حوی له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌دا راگه‌یه‌ندراوی سه‌ندیكاكه‌ی خوێنده‌وه‌ و گوتی: نیگه‌رانی ته‌واوی خۆمان وسه‌رجه‌م پزیشكان وكارمه‌ندانی ته‌ندروستی سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌رده‌بڕین، به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ قیزه‌وه‌نه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر هاوپیشه‌مان دكتۆری پرۆفیسۆر كمال احمد سعید ئه‌نجامداراوه‌ له‌كاتی خزمه‌تكردنی نه‌خۆش و ئه‌نجامدانی كاری پزیشكی له‌ نورینگه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نادیاره‌وه‌ كه‌ وه‌ك نه‌خۆش خوی ناساندووه‌، دواجار به‌ چه‌ك هێرشی كردۆته‌ سه‌ری و به‌ سه‌ختی برینداری كردووه‌.

ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێك كاری نه‌شیاو به‌رامبه‌ر چه‌ند پزیشكێكی تر كراوه‌، ترسی ئێمه‌ی پزیشكان بوونی ئه‌م جۆره‌ توندوتیژییه‌ به‌دیارده‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا پیشه‌ی پزیشكی وهاووڵاتییان زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ده‌بن.

ته‌ها مه‌حوی ئه‌وه‌شی گوت : له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بڕیارماندا وه‌ك پزیشكانی سلێمانی، به‌داخستنی سه‌رجه‌م نۆرینگه‌ تایبه‌ته‌كانی شاری سلێمانی بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر.

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای ئیدانه‌كردنی هه‌وڵی كوشتنی دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ری و مامۆستای كۆلێژی پزیشكی له‌ زانكۆی سلێمانی، داوا له‌ حكوومه‌ت و داواكاری گشتی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ توقێنه‌رانه‌ بێنه‌ ده‌نگ.

سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، ره‌زا حه‌سه‌ن له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: ئێمه‌ له‌كاتێكدا دڵگرانیی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین به‌ هه‌وڵی كوشتنی به‌ڕێز دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید مامۆستا و سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له‌ كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی، داوا له‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین به‌زووترین كات تۆمه‌تبارانی ئه‌م كاره‌ دزێوه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.